گۆڕانی کۆمەڵایەتی, پرۆسەیەکە لە نێوان هەرکام لە نموونەکانی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی یان پێوەندی کۆمەڵایەتی ئه و سیستمانەی لە چەند چین پێکهاتوون, لە حاڵی گۆڕاندان، گۆڕانکاری لە ڕەوتی زماندا گۆڕانی کۆمەڵایەتی دروستبوونی وەڵامێکە لەسەر بنەمای کۆمەڵگە کە چارەسەری مەسەلە کۆمەڵایەتییە تاکەکەسی، دامەزراوە و کۆمەڵگە لەخۆ دەگرێت.
گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەتوانێت گۆڕانی (ئینتما و هەڵسوکەوتەکان، یاساکان، سیاسەت و دامەزراوەکان) بۆ باشتر ڕەنگدانەوەی بەهاکان لە گشتگیربوون و یەکسانی و فرەچەشنی بگۆڕێت، بۆیە گۆڕانی کۆمەڵایەتی بریتیە لە کۆی کردەوەی کۆمەڵە کەسێک بۆ ئه و گرفتانەی بوونیان هەیە، بەمەبەستی پەرەپێدانی ڕێگەچارە بۆ چارەسەر کردنی مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان.
سەردەمی ئەمڕۆ سەردەمی گۆڕانکارییە, خێرای گۆڕانەکان وای کردووە هەر ڕۆژه و ئێمە لە گشت بوارەکاندا شاهیدی گۆڕانکاری بین، واتە گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە هەموو شوێنێکدا بوونی هەیە و لە هەموو ئاستێکدا ڕوو دەدات.
لە هەندێک لە کۆمەڵگەکاندا خێرایی گۆڕانەکە زۆرە، بۆ نموونە ئەمەریکا، کاتێک ئەمڕۆ باڵەفڕێک دەکڕیت، ڕەنگە پێش دەرهێنانی لە پاکەتەکەی کۆن بێت، بەڵام لە هەندێ ناوچەی تر گۆڕانکارییەکان لەسەرخۆن، بۆ نموونە لە ئاسیا، ئەفەریقا و ئوسترالیا، خەڵکی خۆجێی هێشتا ڕاوی ماسی و گیانلەبەر دەکەن و نەریتێک پێڕه و دەکەن کە باوباپیرانیان پێڕەویان کردووە.
کاتێک باس لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەکەین، دەبێت ئاوڕێک لە مێژووەکەی بدەینەوە، فەیلەسوفی چینی (لائۆتسە) 600 ساڵ پێش زاین، لە نووسینەکانیدا بە وردی ئاماژە بە گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەدات. فەیلەسوفی یۆنانیش تەنانەت پێش سۆقرات درکیان بە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردبوو، ئەوان کاروبارەکانیان بۆ دوو جۆر دابەش کردبوو، ئەوانیش ئه و کاروبارانەن کە گۆڕانیان بەسەردا نایەت و ئه و کاروبارانەی لەگەڵ گۆڕانکاری سەردەم دەگۆڕێن.
(هراکلیت) فەیلەسوفی ناسراوی یۆنانی، گشت جیهانی بە لەخۆگری گۆڕانکاری دەزانی و هەوڵی داوە لە چوارچێوەیەکی فەلسەفیدا کۆمەڵێ یاسای گشتی بۆ گۆران دابڕێژێت. ئه و پێی وایە، گۆران یەکێکە لە یاسا بنەڕەتییەکانی هەبوون، هەبوونیش وجود لە ساتێکەوە بۆ ساتێکی تر لە جووڵە و گۆڕانی بەردەوامدایە.
لە وڵاتانی ئیسلامیشدا (ئیبن خەلدوون) وەک گەورەترین کۆمەڵناسی ڕۆژهەڵات، لە بەرانبەر گۆڕانکارییە گرنگەکاندا لە ئەندێشەی گەڕان بەدوای بنەچەکانی گۆڕاندا، بووە.
بەگشتیی کۆمەڵناسی گۆڕانی کۆمەڵایەتی بۆ دوو دەستە دابەش دەکەن، ئەوانیش گۆڕانی پاژەکی و گۆڕانی گشتی.
گۆڕانی پاژەکی ئه و گۆڕانەیە کە لە بەشێک لە سیستمی کۆمەڵایەتیدا ڕوو دەدات. بەڵام لە گۆڕانی گشتیدا گۆڕان لە کۆی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیدا ڕوو دەدات.
هۆکاری گۆڕان لە هەر کۆمەڵگایەکدا ڕەنگە ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، پڕۆفیسۆر (کینسبرگ) ئاماژە بە حەوت خاڵ دەکات کە دەبنە هۆی گۆڕانی بەربڵاو، لەوانە:
1 _ ڕووداوە مێژووییەکان، دەبنە هۆی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە نەخۆشییەکی وەک تاعوون ببێتە هۆی خەسار و گۆڕانی کۆمەڵایەتی کە ئەمە تەنیا ڕووداوێکە.
2 _ بوونی مەبەستی هاوبەش لای تاک یان گرووپێک ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی.
3 _ ڕاپەڕین یان شۆڕش.
4 _ ئه و گۆڕانکارییانەی لە پێکهاتەی سەرەکی و بنەڕەتیی کۆمەڵگەدا ڕوو دەدەن، دەبێتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە گۆڕان لە ژێرخانی کۆمەڵگەدا، سەرخان دەگۆڕێت.
5 _ ڕێبەر و کەسایەتییە دیارەکان ئەدیب و نووسەران، ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا.
6 _ مەیل و بڕیاری ئاگاییانەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بۆ نموونە کۆمەڵگەیەک بڕیار دەدات ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی پێ بدرێت، یان بەپێی پلان بگاتە گەشەی ئابووری.
7 _ کردەوە و هەڵسوکەوتی تاکەکان کە لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتیدا گۆڕانی بەسەردا دێت، هەڵسوکەوتی نوێ پەیدا دەبێت کە بە تێپەڕینی کات دەبنە هۆی گۆڕانی نوێ، بۆ نموونە یاخیگەری لاوان و خوێندکار بووە هۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، لەوانە وەڕێکەوتنی ئامرازەکانی پێوەندییە گشتییەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەی کۆمەڵایەتی خێرای تاکەکان و لە دوای ئەوە هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە دەگۆڕێت و دەبێتە هۆی گۆڕانی ئەوانیتریش.
گۆڕانی کۆمەڵایەتی گرنگە لە کۆمەڵگەدا، بە مەرجێک ئه و گۆڕانە ببێتە هۆی بەرەوپێشچوون و دەرچوون لە و چوارچێوەی ساڵانێکە کۆمەڵگەی تێدایە لەهەر بوارێکدا، گرنگ بەرەوپێشچوونێک هەبێت بە بەراورد بە ڕابردوو.
ڕاستی بەهادین [1]