عەزیزم! من ئەسیری قامەتی نەوتوول نەمامێکم
غوڵامی زولف و ئەگریجە و غوڵامانەی غوڵامێکم
گرفتاری کەمەندی مەهوەشێکم تفڵ و بێ ڕەحمە
هیلاکی ناز و عیشوەی نیم نیگای ئاهوو خەڕامێکم
جگەر خوێنین و چاو ئەسرین و خوێن خوار و دڵەفگارم
خەریک و وێڵ و وەحشی مەهوەشی شیرین کەلامێکم
هەموو عومرم بە زایع چوو لە ڕێگای عیشقدا چونکە
گرفتار و ئەسیری داوی عیشقی تفڵ و خامێکم
ڕەواجی سککەیی ساحیبقڕانی مڵک و میللەت بووم
ئەمێستا وێڵ و سەرگەردانی گەرداوی عەوامێکم
شەهی ئیقلیمی عیشقم، پیری ڕەندانی خەراباتم
ئەگەرچی زاهیرەن تفڵ و نەزان و ئەبلە فامێکم
ئومێدی وەسڵ و دیداری نەما هیجری ئەمێستاکە
هەمیشە ئینتزاری نامەو و پەیک و کەلامێکم [1]
#دیوانی کوردی#
#کوردی#