لە هەر شوێنێک قوربانی هەبوو لە بەرامبەر دا کردەی تاوانی کوشتن دەبێتە جەلاد، کاتێک شەرعیەتی گشتی ئامادەبوو کە خەنجەر و قامچی بداتە دەست جۆرە بەشەرێک، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە دابەش دەبێ بەسەر جەلاد و قوربانیدا، جا ئیتر پۆلێن کردنەکە لە نێوان ڕەش و سپی پێستدا بێ یان لە نێوان کرێکار و خاوەن کاردا بێت یان بازرگانی بە منداڵەوە بێت یان جیاوازی جێندەری، لێرەوە نێر و مێ پێکەوە ژیان و کۆمەڵگا پێک دێنن
جا ئەگەر کۆمەڵگا کۆمەڵگایەکی دروست بێ ئەوا ژیان دۆستی تێیدا باڵا دەبێ، بەڵام ئەگەر هەر جۆرە چەوساندنەوە و جیاکارییەک هەبێت و بگاتە خوێن، ئەوا ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە قەسابخانە و مەرگ دۆستی ئامادەگیەکی بەردەوامی دەبێت، ئەو شەرعیەتی سڕینەوەی بەرامبەرە بە تایبەت ژن و ژیان تەواو ناشیرین دەکات
بە مانایەکی تر دانانی چوارچێوەیەک و کۆمەڵێک ڕێسا و عادات بۆ ژیان کردنی ژن هەر لەگەڵ لەو ڕێسایانە دەرچوو دەبێ وەک قوربانی سزا بدرێت تا دەگاتە ژن کوشتن.
لێرەوە ئەم ژن کوشتنە ڕووداوێکە تایبەت لە ئێستادا بوونی هەیە و وە بگرە مێژوویەکی کەمی خوێناوی چەند ساڵەی هەیە لە ناو کۆمەڵی کوردەواریدا، چونکە نزیکەی چەند سەد ساڵ پێش ئێستا ژن تایبەتمەندی ژنێتیی خۆی هەبووە لەمەیدانی کوردەواریدا هەڵبژاردنی بەدەست بووە، ئەوە وای کردووە چۆن بڕیار بدات چێژ لە جوانی خۆی ببینێ، بایەخی بەدەوروبەری داوە
مردن و خوێن تەنها ڕووداوێک نییە لە ڕووبەرێکی جوگرافیای دیاریکراودا ڕووی دابێ، بەڵکو لە زۆرێک لە سەرزەمینەکانی دنیادا هەیەو ڕۆژانە خۆی دووبارە دەکاتەوە، بۆ نمونە لە بەریتانیا لە ماوەی بیست و هەشت هەفتەدا هەشتاو یەک ژن کوژراوە، گرنگە ئێمە کاتێک ئەم خوێن و مەرگانە دەبینین قسە لەسەر هۆکاری کۆی مەرگەکاندا بگەڕێیین، چونکە مەرگەکان ئەڵقەی زنجێرێکی درێژە لە مردن، دوای ئەم مەرگە بە دەست ژن کوژێک لێرە ئەڵقەیکی تری ژن کوشتن بە دەست ژن کوژێکی ئەوێ ڕوودەدا و ئەم زنجیرەی مەرگی ژنانە درێژەی بووە و دەبێت، گرنگە هۆکارە سەرەکییەکەی بزانرێت و لەوێوە شۆڕشی فکری بۆ بکرێ، واتا دەبێت ژنکوژەکانی ئەوێ و ئێرە بگەنە ئاستێکی هوشیاری وا کە ژن ژیانە و خۆیان خەنجەر و قەمچییەکانیان فڕێ بدەن.
ژنکوژی ئەوێ و ئێرە یەک کاریان هەیە و هیچ جیاوازییەکیان نییە، تەنها لە فۆڕم و ناسنامەدا جیاوازن، هۆکاری سەرەکیش بریتییە لەو دەسەڵات و هێزەی کە سەرچاوەی کلتور و ڕێسا و دەستەڵاتەکانی یاسایی و جێبەجێ کردن دەیبەخشێتە جەلادەکان، کە ئەوانیش جیاکاری جوگرافیان نییە، تا ئەو ئاستەی جیاکاری جێندەریش بەو ئاستە بەرزە نییە، زۆرێک لەو ژنانەی دەکوژرێن خەنجەر و قامچی دەستی ژنکوژ ژنان بۆیان ئامادە دەکەن و ژنکوژ سەربازێکی گوێ ڕایەڵی جێبەجێ کاری هەندێ ژنە
کە لەم ئاستەدا زۆر پیاو هەیە تا ئاستی باڵا ژن دۆست ژیان دۆستە وەک چۆن زۆرینەی تاوانەکانی ژن کوشتن پیاوانن و دوو جۆرن، جۆرێکیان جێبەجێکاری پلانی ژنان و جۆرێکیان پۆلیسی کلتور، کە ئەمە بۆ کوشتنەکانی تریش ئامادەگی هەیە، بە تایبەت پیاو کوشتن.
ژنکوژانی ئەوێ و ژنکوژانی ئێرە دەستەڵاتێک جێبەجێ دەکەن، کە هەر خۆشیان هاوبەرژەوەندین لەم دۆسیەیەدا، ژنێک لەهەر کوێیەکی ئەم دنیایە بکوژێ ئەوا یاساکانی خەنجەر جێبەجێ دەکرێ.
ناکرێ دۆسیەیەکی گەورەی وەک ژن کوشتن بکرێت بە کارتی دەستی سیاسەت، ئەم دۆسیەی ژن کوشتنە دۆسیەیەکی تەواو ڕووت و جیاوازە، کاتێک من لێرەوە هاوار دەکەم نابێ ژنکوژانی ئەوێ ژن بکوژن و مەحکومیان دەکەم، بەڵام لە کۆڵانەکەی خۆمان، لە گەڕەکەکەی خۆمان، لە شارەکەی خۆمان ڕۆژانە دەبینی و دەبیستی ژنێک کوژرا ژنێک سوتا تایبەت لە هەواڵی سەر شاشەی تیڤییەکان و هەواڵی سوشیال میدیا سور بکات و ژنکوژی ئێرە تەراتێن بکا و ژنکوژی ئەوێ مەحکوم بکەین
شۆڕش دژی چەوساندنەوە و خوێن دەبێ گشتگیر بێ، لەهەر کوێیەک ژنێک کوژرا دەبێ شۆڕشی کۆمەڵایەتی دروست ببێ تا دەگاتە ڕاچڵەکینی کۆمەڵایەتی و هەر شۆڕشە و لە سنوری جوگرافی خۆیدا ئەڵقەیەک دروست بکات و بیبەستێتەوە بە ئەڵقەی شۆڕشی شوێنەکانی ترەوە و زنجێرێک بەرامبەر زنجیری کوشتنی ژنان دروست ببێ، وا بکات هێز و دەستەڵات و کلتور و یاسا و دەسەڵاتی جێبەجێ کردن ناچار بکات بە ژن دۆستی و ژیان دۆستی. [1]
#بەیان ئیبراهیم ڕەحیم#