ناو: عەدولڕەحمان
نازناو: عەبدولڕەحمان حەمەچاوش
ناوی باوک: مەحمود
ساڵی لەدایکبوون: 1942
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
لە ساڵی 1942 لە گەڕەکی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی چاوی بە دنیا هەڵهێناوە. وەک منداڵانی ئەو سەردەمە پێش خوێندنی سەرەتایی، خوێندنی حوجرەی لای مامۆستایەکی ئایینی تەواو کردووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا و لە ساڵی 1949، لە قوتابخانەی مەڵکەندی سەرەتایی کوڕان دەستیکرووە بە خوێندنی سەرەتایی. لە ساڵی 1955چووەتە دواناوەندی سلێمانی کوڕان، وە لەهەمان قوتابخانە خوێندنی دواناوەندی و ئامادەیی تەواو کردووە. لە ساڵی 1961 لە کۆلێژی پەروەدە - بەشی بایۆلۆژی لە زانکۆی بەغداد وەرگیراو. پاش پێنج ساڵ، پاش ئەوەی ساڵیک دواکەوت لە خوێندن بەهۆی زیندانیکرنی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی عیراق بە تۆمەتی ئەندامبوونی لە یەکێتی قوتابیانی کوردستان، لە ساڵی 1966 خوێندنی کۆلێژی تەواو کرد و بوو بە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستی بایۆلۆژیدا. وە لە هەمان ساڵدا لە بەرواری
01-10-1966 وەک مامۆستای بایۆلۆژی دامەزرا، وە لە دواناوەندی قەڵادزێ لە شارۆچکەی #قەڵادزێ# بۆ یەکەم جار دەستبەکاربووە. پاش دوو ساڵ لە دامەزراندنی وە بەهۆی کەمی مامۆستای بایۆلۆژی لە شاری سلێمانی ڕاژەکەی گوازراوەتەوە بۆ ناوەندی شار و لە 08-08-1968 دەستبەکاربوو لە ئامادەیی سلێمانی کوڕان. بەردەوامبووە لە کار وەک مامۆستای بایۆلۆژی تا ساڵی 1985، وە لە هەمان کاتدا وەک مامۆستای وانەبێژ لە ئامادەیی هەڵکەوتی کوڕان، ئامادەیی ڕۆشنبیری کوڕان، ئامادەیی سلێمانی کچان و ئامادەیی ئاشتی کچان و بەتایبەتی بۆ پۆلەکانی کۆتا (واتە پۆلی پێنج و شەشی ئامادەیی ئەو سەردەمە) وانەی وتووەتەوە. لە ساڵی 1985 پلەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ سەرپەرشتیاری پسپۆڕی بایۆلۆجی و بەمەش دەبێتە یەکەم سەرپەرشتیاری پسپۆڕی بایۆلۆجی لە شاری سلێمانی چونکە پێشتر سەرپەرشتیاری پسپۆڕیبایۆلۆجی لە شاری سلێمانی نەبووە، وە بەردەوام بووە لە کار تا لە ساڵی 2006دا خانەنشین بووە.
سەبارەت بە ژیانی تایبەت، مامۆستا عەبدولڕەحمان لە ساڵی 1968 هاوسەرگیری کردوو لەگەڵ خاتوو شەوبۆ عومەر عەلی کە کچی خێزانێکی بەڕێزی شاری سلێمانی بووە. لە تەمەنی هاوسەرگیرییاندا حەوت منداڵیان بووە بە ناوی:
1-دکتۆر هەڵوان - پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی
2-ئەندازیار ژیلوان - ئەندازیاری میکانیک
3-کاروان - ئەندازیاری جیۆلۆجی
4-شاخەوان - دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی
5-شیلان - ئەندازیاری کشتوکاڵی
6-ژووان - ئەندازیاری ئاودێری
7-ئاژان - دەرچووی پەیمانگای کۆمپیوتەری سلێمانی
ناوبراو چەندین بڵاوکراوە و پەرتووکی زانستی و پەروەردەیی هەیە، کە لە هەموویا دیارتر:
1-پەرتووکی بۆماوەزانی مرۆڤ - لە ساڵی 1998 بڵاوکراوەتەوە.
2- پەرتووکی پەروەردە لە سایەی فەلسەفەی پەروەردەیی نیشتمانیدا - لە ساڵی 2013 بڵاوکراوەتەوە.
3- پەرتووکی هۆڕمۆن لە ژیانی مرۆڤدا - لە ساڵی 2022 بڵاوکراوەتەوە. [1]