#غەفور ڕەشید داراغا#
کێشە هەنووکەیەکان هەمیشە پەیوەندی بە ڕەگ و ڕیشە مێژووەکەیەوە هەیە، ناکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژوو شیکاری دروستی بۆ بکەین.
لە ئێستادا ناوچەکە لە بەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە، بە تایبەتی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کە خۆی ئەبینێتەوە لە ئازادی تاک و مافی ئافرەتان کە بووە بە پێویستیەکی گرنگی نێو کۆمەڵگە.
تائێستا بەم شێوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی نەداوە، گرێدانی مافی ئافرەت بە هەموو کایەکانی نێو کۆمەڵگەوە (ژن ژیان ئازادی) کە بووە بە ڕەمزی بەرخودان لە پێناوی ئازادی تاکی مرۆڤدا و دروست بوونی پرسیاری جددی و گرنگ لەسەر ناسنامە و خودئاگایی و سەربەخۆیی لە نێوان کولتوری کوردی و کولتوری ئێستای ناوچەکەدا، گرێدانەوەی کایە کۆمەڵاتیەکان بە کایەی سیاسی و ئابووریەکانەوە، هەوڵێکی تازەیە بۆ تێگەیشت و ڕاڤەکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی هەنووکە و دۆزینەوەی جارەسەر.
بابەتی (عەبا و پەچە) چەند لە ڕواڵەتدا شتێکی سەتحی و لاوەکییە ئەوەندە لە قولێدا ڕەمزی ستەم و پیاوسالاریە کە هەمیشە دەسەڵاتی سیاسی لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵگەی قۆرخ کردوەو، ڕوداوەکانی ڕابوردوو شایەت حاڵی ئەم بابەتەیە.
لە پەرتوکی یاداشتنامەکانی نووسەر (غفور ڕشید داراغا) دا چەند جارێ ئاماژەی بۆ باری کۆمەڵایەتی خەڵکی شاری سلێمانی کردوە کە چۆن گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بە پێی گۆڕانکاری لە قۆناغەکانی دەسەڵاتی سیاسی شارەکە.
لێرەدا بە گرنگی ئەزانم لە ئێستادا چەند نموونەیەکی مێژووی شاری سلێمانی بخەمە ڕوو، بە تایبەتی لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابوردووە.
شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان لە دوای بڵاو کردنەوەی بەیاننامەی (11 ئازار) گۆڕانکاری بەرچاوی خۆیەوە بینی، بە تایبەتی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوریەوە.
سەرەتا باس لە کاریگەری دەسەڵاتی عثمانی دەکات لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی کورد و دەرکەوتەی کاریگەری ئەو گۆڕانکاریە لەسەر کایەی ئەدەبی و شعری فۆلکلۆری کوردی کە لە ماوەی (50) ساڵدا کە هەوڵی گۆڕینی شوناسی کوردیان داوە لە ڕێگەی دینەوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان و بڵاو کردنەوەی کولتوری پیاوسالاری کەمکردنەوە و ڕۆڵی ئافرەت لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەمەش بە ڕوونی دەرئەکەوێت لەو کۆپلە شعرانەی کە نووسەر هێناویتەوە بە نموونە.
لە هەمان کاتدا بە وردی باس لەو گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیە ئەکات کە لە سەرەتاکانی ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابوردوودا ڕوویانداوە، کرانەوەی شاری سلێمانی لە ڕووی زانست و زانکۆ و هاتنی خەڵکی بیانی بۆ شارەکە.
بە باوەڕی من ئەم یاداشتنامانەی نووسەر کە ڕۆژانە تۆماری کردون لە ماوەی ژیانی خۆیدا، ئەکرێت زۆر سود بەخشبن بۆ خوێندنەوە شیکاری و لێکۆڵینەوە بۆ ئەو کێشانەی کە ئێستا ڕوو ئەدەن لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا وە ئەتوانرێت ڕەگ و ڕیشەی زۆربەی زۆری کێشەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێمە بدۆزرێتەوە بە تایبەتی لە ڕووی مێژووی سیاسی و ئابووری و کولتوریەوە، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە بە هەمان شێوە دۆزینەوەی جیاوازی و تایبەتمەندێتی نەتەوەی کورد وەک ناسنامەیەکی سەربەخۆ لەگەڵ نەتەوەکانی تری دراوسێمان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کولتوریەوە.
زامۆئا داراغا
دەقی بیرەوەری نووسەر لە پەرتوکی یادەوەریەکانیدا...
کورد ئەڵێت :
یەکەم حوکمی عثمانیەکان ئعدامی نالە پێ پان بوو، دووەم عەبای ژنان بوو...
وەک ڕوون و ئاشکرایە کە (عەبا) پۆشاکی ئافرەتی کورد نەبووە،
بەڵکو ئەم پۆشاکە تورکەکان لەگەڵ خۆیان هێنایان، کاتێ کە (میرنشینی بابان)یان لەناوبرد وە ڕاستەوخۆ فەرمان ڕەوایەتی سلێمانیان گرتە دەست لە ساڵی (1851) زاینی دا.
وە بەلایەنی منەوە ئەم پۆشاکەیان بۆ نەچەسپا تا چەند ساڵێک دوای داگیر کردنی شاری سلێمانی، واتە تا دوایی سەدەی نۆزدەیەم ئەوساش تەنها توانیان لە شارەکانی کوردستان ئەم پۆشاکە بچەسپێنن.
کەواتە ئەم بڕە شعرەی خوارەوە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە هاتۆتە کایە
1/ دوای یە بەسەریا سەرپۆش و عەبا
بۆ تەواف ئەچێ بۆ سەر کانی با
2/ عەبای کەتان چینی مەڕۆ لە دواتم
ڕووتم نەدیوە ئاشقی باڵاتم
3/ تازە داهاتووە عەبای کەتانی چینی
بێ بەریت کردم لە ئیمان و دین
4/ بارانی هێنا بە ڕەشە باوە
یارم وەستاوە بە جووت عەباوە.
ڕێکەوتی 19/04/1970 ڕۆژی پێنج شەممە
هەواکەی تابڵێی خۆش بوو، بڕێک گەرم بوو.
شار لە هەموو لایەکی عێراقەوە سەیرانکەر ڕووی تێ کردوە.
لە ناو شەقامەکاندا، خەڵک بە گۆرانی و چەپڵە و سەماوە تێ ئەپەرێ لە ناو گەرەکەکاندا، بە تایبەتی ئاوارەکان و خەڵکەکەی خۆشمان.
زۆرتر بە هۆی زانستگەوە (یونیڤرسیت) (زانکۆ) وردە وردە،
سفور (بێ عەبا و پەچە) بڵاو بۆتەوە، هەروەها ئەو ئافرەتانەی کە لە دەرەوەی سلێمانی یەوە دێن، بە تایبەتی لە خوارووی عێراقەوە، بەبێ (عەبا و پەچە) دێنە شارەکەمانەوە، ئەم کارە خەڵکی لای ئێمەش هان ئەدا،
کە بە ڕووتی (بێ عەبا و پەچە) بسووڕێنەوە، هەر چەندە ئەمانەی کە باسم کرد ڕووکەشە وە نیمچە کاریگەری هەیە، بەڵام هۆی کاریگەری تەواو بۆ (سفوری) ئەگەرێتەوە بۆ ژیانی (ئابووری) کاتێک کە ژیانی ئابووری لە پێشکەوتندابێ، کارگە و فابریک بکرێتەوە وە ئافرەت بێتە کوڕی پێشەوە،
ئەو کاتە (عەبا و پەچە) فڕێ ئەدرێت و ئافرەت شان بە شانی پێاو و دێتە کوڕی ژیانەوە.
ئەمڕۆ لە سلێمانیدا تاک و لۆکە (پەچە) ماوە، بەڵام (عەبا) زۆرە وە بێ عەبا تاک و لۆکە یەکە.
ڕێکەوتی 16/06/1970 ڕۆژی سێ شەممە.
هەواکەی زۆرگەرم بوو، ڕەنگە پلەی گەرما لەلای ئێمە (سلێمانی) گەیشتبێتە (38) و پتر.
باری شار زۆر باشە و هێمنە و ئاسایش بەردەوامە.
باری کۆمەڵایەتی شارەکەمان (سلێمانی) لە گۆڕانێکی تەواو دایە، لەبارەی ڕەوشت و خووەوە.
پەچە لە نوون دایە، (عەبا) خەریکە باوی نەمێنێ، سفور (بێ عەبا) بڵاو بۆتەوە، جلی مۆدە (ئەوروپی) بە جۆرێکی وەها تەشەنەی کردوە...
تەنانەت لادیەکانی ناو شاریشی گرتۆتەوە...
خواردنەوە وەکو کارێکی ئاسایی لێ هاتووە، باڕەکانی (سەرجنار) جمەی دێ.
شووکردن و ژن هێنان خەریکە لە دەست دایک و باوک دەرئەچێ.
تێبینی : نووسەر لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابوردووە ڕۆژانە یاداشتنامەی خۆی تۆمارکردوە تا ساڵی (1976)
نووسەر غفور ڕشید داراغا (1923 – 1976) لە شاری سلێمانی لەدایک بووە.[1]