دەردی دووری زۆر گرانە دڵبەرا هیجران بەسە
دڵ وەکوو پەروانە سووتا چاوەکەم سووتان بەسە
عاقڵان شەیدا دەبن ڕووبەندی سەر ڕوو لامەدە
عاشقان کوشتەی جەفاتن قەتڵی مەزڵوومان بەسە
مورغی دڵ پابەندی دانە و داوی خاڵه و زوڵفی خاو
گیری بەندیخانە تاکەی، بەندی بێ ئامان بەسە
هەرچی بووم بردی به تاڵان تورکی مەستی چاوەکەت
تاقەت و سەبر و قەرارم پێ نەما تاڵان بەسە
شاهیدم فرمێسکی خوێنینە کە تۆ جەرگت بڕیم
عاشقی ڕووتم ئەگەر تەقسیرە گەر تاوان بەسە
ئێستەکەش مەجنوون و لەیلێ هەن لە عەسری تازەدا
شێت و سەرگەردانی تۆم، حەیرانی تۆم، حیرمان بەسە
گەنجی عیشقت پڕ به وێرانەی دڵه و من پێم کەمە
تا زیادبێ چاوەڕێی دیشم مەڵێ ئیحسان بەسە
گەر قسەی عیشقی گۆڵ و بولبول لە لات ئەفسانەیە
تۆ گوڵی خەندان و ئەمنیش بولبولی گریان بەسە
ئاورت بەردا دڵ و گیانی #حەقیقی# چاوەکەم
دەردی بێ دەرمانە عیشقت، دەردی بێ دەرمان بەسە [1]