سەرۆککۆماری تورکیا بە پەرلەمانتارێکی نوێی ئاکپارتی دەڵێت، پیشەی ژنەکەت خستنەوەی منداڵە.. پێویستە ژمارەکان زیاد بکەین.. #پەکەکە#یی هەیە پێنج منداڵ، 10 منداڵ، 15 منداڵیان هەیە.
رەجەب تەیب #ئەردۆغان#، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2022 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتاری پێشکێش کرد.
ئەردۆغان لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەبۆنەی پەیوەندیکردنی بە ڕیزەکانی ئاکپارتییەوە پیرۆزبایی لە محەممەد عەلی چەلەبی، پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئیزمیر کرد و لەبارەی خستنەوەی منداڵ ئامۆژگاری خۆی و هاوژینەکەی کرد.
محەممەد عەلی چەلەبی لەبارەی هۆکاری پەیوەندیکردنی بە ئاکپارتییەوە گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی لە بۆچوونەکانی ئاکپارتی و هاوپەیمانیی جمهوور نزیکە و لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا پشتگیری لە دەسەڵات دەکات.
دوای گوتارەکەی محەممەد عەلی چەلەبی، ئەردۆغان تەوقەی لەگەڵ چەلەبی و هاوژینەکەی کرد. ئەردۆغان لە چەلەبی پرسی: چەند منداڵت هەیە؟ چەلەبی لە وەڵامدا گوتی، یەک منداڵ، دواتر چەلەبی ئاماژەی بە هاوژینەکەی کرد کە لە تەنیشتی بوو و گوتی، ئەو دکتۆرا دەخوێنێت. لە بەرامبەردا ئەردۆغان گوتی: پیشەی ژنەکەت خستنەوەی منداڵە. دەبێت منداڵت هەبێت، پێویستە ژمارەکان زیاد بکەین.
ئەردۆغان پرسیاری تەمەنی لە هاوژینی چەلەبی کرد، ئەویش لە وەڵامدا گوتی تەمەنم 46 ساڵە. ئەردۆغان گوتی، با داوا لە خودا بکەین بەردەوام بێت، منداڵ زۆر گرنگە، سەیرکە پەکەکەیی پێنج منداڵ، 10 منداڵ، 15 منداڵیان هەیە.[1]