ئەوەی دەیبینین هاوڵاتی ئاسایی و چەوساوە دەستپێکی شۆڕشەکەن، ئەوانەشی کە پشتگیری شۆڕشەکەن بە تایبەت لە باشوور تەنیا چینی ئاسایی خەڵکن کە دژی زوڵم و زۆرداری و سانسۆرن.
لێرەدا پرسیارێ دێتە پێش ئەم دەنگە دەنگ و حەماسە چۆن بکرێ بە ڕاپەڕین؟ چۆن سەرکەوێ؟
من لێکۆڵەرەوەی شۆڕش و ڕاپەڕین نیم، بەڵام ئەوەی درکم پێکردووە شۆڕش و خۆپیشاندانە یەک لە دوای یەکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ ڕووبەرێک و جیاوازیەکی سەردەمییانەی نییە بۆ ئەوەی سەرکەوێ.
ئەگەر شۆڕشی فەرەنسی بە هەموو ئایدیا و جووڵە و مەرج و ئەرک و هۆکارەکانی لە ئێران بەردەوام بێ، لەوەیە سەرنەگرێ؟ چونکە زەمەن و کات و جۆری ژیانی خەڵک تەواو گۆڕاوە و جیاوازە.
ئایا خەڵکی سەر شەقام دەتوانێ هێزێکی دیکتاتۆری بڕوخێنێ کە خاوەنی چەکی قوورسە؟
گەر سەیری ڕابردووی ئەو نەتەوانە بکەین کە ڕاپەڕینیان کردووە دژی دەسەڵاتی دکتاتۆری لەم ناوە، چۆن و بە چ جۆرێ سەرکەوتوون.
دەبینین جۆری ڕاپەڕینەکان جیاوازی هەبووە
- هێزێکی ناوەکی بێ یەک و دوو بە سەرکردایەتی چەند ناوێکەوە بۆتە قارەمان و بەدیلی هێزە دیکتاتۆرییەکەیان کردووە.
- ڕاپەڕین لە خەڵکەوە دەستیپێکردووە، بەڵام خەڵک تەنیا ناڕەزایی و بەرد و حەماسەت چەکی بووە، ئەوەی بەرانبەر ئەم هێزە دیکتاتۆرە پڕ چەکە وەستاوەتەوە، وڵاتی بەهێزتر بووین لە ڕووی چەکەوە.
- ڕاگەیاندنە جیهانییەکان لە پشت خەڵکی سڤیل بووین
لەوەیە دەیان خاڵی تر هۆکار بووبن، بەڵام ئەوەی لەم خۆپیشاندانانە دەکرێ تەنیا خاڵی سێهەمی تێدایە، تەنیا ڕاگەیاندنە جیهانییەکانن کە خۆپیشاندانەکانیان بە جیهانی کردووە و، خەڵک دێنن شیکردنەوەی لەسەر بدات.
ئەوەی لەم ڕاپەرینەی ئێران دەیبینین، بەداخەوە نەهیچ هێزێک یارمەتیدەرە و نە هیچ گروپ و کەسێک، بگرە خەڵکی باشوور هەندێکی دەیەوێ شۆڕشێکی وا مەزن کورت کاتەوە لە پارچەیەک پەڕۆ کە ژن بەسەری خۆی دادەت.
بەکارهێنانی هێزی سەردەمیانە، هەموو ئەو کوردانەی شارەزای بواری ڤێب و ئەلکترۆنیات و ئینتەرنێتن چەکی شۆڕش بە دەستی ئێوەیە.
خەڵکێکی زۆر لە ئێران نەک شارەزایی کۆمپیتەرییان لە ئاستێکی تەواو ئەکادیمییە، بگرە بە نیو کاتژمێر دەتوانن چەندین ئامێر و دەزگای دەوڵەت لە کاربخەن، لە ئێستادا گرنگترین شتێ بکرێ لە کارخستنی دیوە ئەلکترۆنییەکەی دەوڵەتە. چونکە دەوڵەت و دیکتاتۆری ئەم سەردەمە تەنیا چەک و هێزی سەربازی نییە، بەڵکو گەورەترین زەرەر لە هەر جەنگ و شۆڕشێکی ئەم سەردەمە لە ڕووە ئەلکترۆنییەکەوە دەستپێدەکات.
هاککردنی بانکێکی دەوڵەت، زۆر گرنگترە لە سووتاندنی دەیان دەبابە و چەک
کۆنترۆڵکردن و لە کارخستنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ڕژێمی ئێران گرنگترە لە سوتاندنی چەند تەیارەیەک. [1]
#ئەژین عەبدولخالق#