ڕەجەب تەییب #ئەردۆغان#، لە دەمەتەقێیەکی کورتدا لەگەڵ پەرلەمانتارێکی سەر بە پارتەکەی و هاوسەری ئەو پەرلەمانتارە، پێیانی گوت، چەند منداڵتان هەیە؟ ئەوانیش گوتیان یەک منداڵ، ئەردۆغان گوتی نا کەمە، دەبێت زیادی کەن، سەیری بکە، #پەکەکە# پێنج بۆ 10 منداڵیان هەیە. لەسەر ئەو گوتەیە ڕەخنەی زۆر توند لە ئەردۆغان دەگیرێت و ڕۆژنامەنووسێکی تورکیاش دەڵێت، دەبێت ئەردۆغان داوای لێبووردن لە کورد و ئافرەتان بکات.
ئەردۆغان، هەموو جارێک داوا لە ئافرەتانی تورکیا دەکات چوار منداڵ بخەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدا ڕەوشی ئابووری لەوپەڕی خراپیدایە. بەڵام مەبەستی ئەردۆغان ڕوونە، دەزانێت ئافرەتی تورک منداڵ کەم دەخەنەوە، بەڵام کوردانی باکوور حەزیان بە منداڵە، ئەمەش ترسی خستووەتە سەر دڵی ئەردۆغان کە لە داهاتوودا ڕێژەی کورد لە تورکیا لە تورک زیاتر بێت.
ئیسماعیل سایماز، ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکیا، لە وتارێکدا ڕەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت و دەڵێت ئەو دەمەتەقێیەی لەگەڵ پەرلەمانتار محەمەد عەلی چەلەبی و هاوسەرەکەی کردت، مایەی شەرمەزارییە و دەبێت داوای لێبووردن لە کورد و ئافرەتان بکەیت.
سایماز دەنووسێت: ”بەگوێرەی گوتەی ئەردۆغان بێت، سەرەکیترین وەزیفەی ئافرەت بوون بە دایکە و منداڵ بخاتەوە، نابێت ئافرەتان کاریان هەبێت و ببنە فەرمانبەر و لە دونیای سیاسەت و زانستدا بوونیان هەبێت و ئەگەر لە دونیای هونەریشدا بوونیان نەبێت باشترە. ئەوەی ئەردۆغان دەیڵێت و بڕوای پێی هەیە، جیاوازی نییە لەگەڵ تاڵیبان و ئەوانیش دەرگای قوتابخانەیان بەڕووی کچدا داخستووە و بەئافرەتیش دەڵێن لە ماڵەوە تەنیا منداڵ بخەرەوە“.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا باس لە ڕاپۆرتێکی نهێنیی هەواڵگری تورکیا دەکات لە 1996 کە لەوێدا باس لە زیادبوونی ڕێژەی کورد کراوە بە شێوەیەکی زۆر خێرا، چونکە منداڵ زۆر دەخەنەوە، ئەمەش ئەردۆغان و نەژادپەرستەکانی تووڕە کردووە.
سایماز پێی وایە، ئەردۆغان کورد و پەکەکەییەکانی لە یەکتری جیا نەکردووەتەوە، چونکە کاتێک دەڵێت پەکەکەیییەکان ژمارەی منداڵیان زۆرە، مەبەستی کوردەکانە، چونکە هەموو کەس دەزانێت هاوسەرگیری لای پەکەکە قەدەغەیە و تەنانەت عەشقیش هەر قەدەغەیە.
مەڕاڵ دانش، پەرلەمانتاری سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، لەناو پەرلەمانی تورکیا ڕەخنەی توندی لە ئەردۆغان گرت و گوتی: ”ئەو لێدوانەت دەریدەخات کە چەندە دوژمنی کوردیت و چەند نیگەرانیت کە کورد ڕێژەیان زیاد بووە. تۆ چیت داوە لە ئافرەتان و پێیان دەڵێیت منداڵی زیاتر بخەنەوە و ئەوە کەی کێشەی تۆیە؟ بە ناوی هەدەپەوە نەفرەت لەو بۆچوون و گوتانەت دەکەم و دووپاتت کردەوە کە دوژمنی کوردیت“.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، ڕێژەی کورد لە تورکیا 20 ملیۆن کەس دەبێت، بەڵام ئەم ژمارەیە هەڵەیە و ڕێژەی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و کاتێک ڕێژەی کوردیان دیاری کردووە، تەنیا لە باکووری کوردستان ڕێژەکەیان وەرگرتووە، بەڵام لە تەواوی شارەکانی تورکیا کورد هەیە، هەر بۆ نموونە، لە ئیستانبوڵ، نزیکەی پێنج ملیۆن کورد هەیە و لە هەڵبژاردنەکانیشدا ئەوە سەلمێنراوە و هەدەپە لەو شارەدا خاوەنی 10 کورسیی پەرلەمانییە، ئەو کورسییانەش سەلمێنەری ئەوەیە کە زۆرترین کورد لە تەواوی دونیادا لە شاری ئیستانبوڵدایە.[1]