بورجی ڕۆژی کورد کە ڕۆژهەڵات بوو
هەلمان هەڵنەکەوت بەشمان هەڵات بوو
قافیەی ئەکراد هەر بەدنیهاد بوو
بوومی شووم لە شوێن بووممان دڵشاد بوو
سەرچاوەی دجلە لە دیاربەکرا
هێند خوێنی کوردی تێکەڵ ئەکرا
وەک ئەرخەوان سوور ئەبوو بە لافاو
پیرێژنی چەرخ ئەیکرد بە سووراو
هەتا خوا وای کرد ڕۆژ گەڕایەوە
دادی هەژاران پرسرایەوە
لە ڕۆژئاواوە ڕۆژمان بۆ هەڵات
غوولی مەغوولی بیابان هەڵات
ئەڵێن کاتێک ڕۆژ ئەگەڕێتەوە
دەوری زۆرداری ئەبڕێتەوە
ئەبێت بە دەوری مەهدی سەرزەوی
لە سەر ئایەتی (خاتم النبی)
پەیڕەوی (نبی) دیموکراتییە
دیموکراتییە ڕوو لە هاتییە
من باوەڕم کرد کە ئەم ئایینە
ئاوێنەیە بۆ کوردی ساف سینە
من سوێندخوارانم بۆیە خۆش ئەوێ
ئەمجارە فریای ئێمەش ئەکەوێ
ئەگینە من خۆم لەکێ دادمە
نان و کەبابێک سەر و زیادمە
مایەی ژیانی ئێمە کە با بێ
بۆ نەیگۆڕمەوە من بە کەبابێ
28ی حوزەیرانی ساڵی 1945 [1]
#دیوانی پیرەمێردی نەمر#
#پیرەمێرد#