ئەم خاکە پاکە، هێندەم لا چاکە
بە شۆڕی سەودای دیدەم نمناکە
بە تماشای دوور تێری لێ ئەخۆم
کەی دەم گەیشتە سینەی خۆم، ئەخۆم
من بە سەر ئەودا ئەویش لەسەر من
بە یەکتر شاد بین بە کوێری دوشمن
لەمەودوا ئەگەر ئێواران یاران
لە دووم بگەڕێن وام لە کۆساران
کارێزی شەریف، دەمی بەربەیان
بریقە و وێنەی سینەی بەر بەیان
ئارامگای شۆخی دیدەمەستانە
ڕشێنەی ڕوخسار حەسرەتکێشانە
لە گردی یارە چاوم لێیەتی
نازانم وێڵی سەودای کێیەتی
یاخوا ئەوکەسەی کە ئەم دوو ساڵە
لێم کەوتەگیزە وەک زەردەواڵە
نەیهێشت ئاگری یارە بگڕێ
چەقۆی ئاهی من جەرگی هەڵدڕێ
بە نەشئەی بەهار لەو مێرغوزارە
کۆ ئەبوونەوە خەڵکی ئەم شارە
سەیری شیرینی وڵاتیان ئەکرد
داخی زستانیان لە دڵ دەرئەکرد
نیشتمان بە سەیر دێتە بەر چاومان
بە (حب الوطن) بەرز ئەبێت ناومان
من زەوقی شیعرم بە چەشم ئەندازە
شنۆی بەیانم لەگەڵ هامڕازە
ئەمەوێ گۆیژە و ئەزمڕ بێت بەڕێم
وەک قەیسی دوجەیل پیایا بگەڕێم
لەگەڵ باڵندە و دڕندەی یار بم
وەک تاقتاقکەرە شەوان بێدار بم
هەر جێیەک خاکی وڵات پڕ نم بێ
هەر شوێنێ دانەی ئاو لە سەر لم بێ
ئەو جێیە جۆشی گریانی منە
ئەوە هەواری هاواری منە [1]
#دیوانی پیرەمێردی نەمر#
#پیرەمێرد#