مستۆ، وادیارە، تۆش جل خوار ئەکەی
ئەستۆت ئەخورێ و مەیلی بار ئەکەی
نامە ئەنووسیت بە زبانی تورکی
لە میللیەتدا مائل بە شرکی
ئێمە کە کوردین لە لامان وایە
کوردی زبانێکە زۆر بێ هاوتایە
ناوی پێغەمبەر حەمەی ڕەسووڵە
نوێژمان بە کوردی لای خوا قبوڵە
ئەگەر تەڵقینم بە کوردی نەدرێ
گوێی لێ ناگرم با کفنم بدڕێ
گەر مەڕنەمووکەی عارەب لێم پرسێ
وای تێ ئەخوڕم کە ئەو بترسێ
ئەمە دینمە و دینێکی بە حەق
لەسەر پێستی خۆم ئەگەر بکرێم شەق
نووسیوتە گوایا وەزیفەم ماوە
هەرچیمان کردووە هەر ناتەواوە
چیم کردووە ئیستا جارێ لە کوێمە؟
میللەت لەمەو دوا ئومێدی پێمە
سەیر کە بەهارم لێ بێ ئینشاڵڵا
لە کوردستاندا بیکەم بە هەڵڵا
شمال و جنوب تێکەڵ کەم بە قین
بلەرزێنمەوە گاکەی ژێر زەمین
بەیداغی کوردی بلەرێنمەوە
ئیرسی ڕۆیوەکان بگەڕێنمەوە
سەلاحەدین و کەریم خانی زەند
باباشەرەف خان شای کۆی دەماوەند
بێنە جموجووڵ ڕۆحیان شاد بێ
پێی میللەتەکەم لە بەند ئازاد بێ
لە سەر هەر کێوێک شێرێ تێخوڕێ
ناو جەرگی هەموو دوشمنان ببڕێ
ئەوجا سەربەستی بە ئێمە ئەدرێ
خێر ئەوان بیدەن کەڵک ناگرێ
نامەوێ بیدەن، ئەبێ بیسێنم
فکرم ئەمەیە هەتا ئەمێنم
هەزاری وەک من هەتا نەکوژرێ
بە قەڵەم بە خوێن مەرسیەی نەنووسرێ
بەو خوێنەی خوێنی میللەت نەجۆشێ
میللەت بۆ وەتەن سیا نەپۆشێ
کچانمان لە ژێر بەیداغی ڕەشدا
چاو هەڵنەهێنن بە خوێنی گەشدا
تا خاکەکەمان بە خوێن نەشۆررێ
ئیمان بە سکەی ڕووپیە نەگۆڕرێ
تەشەببوساتی من تەواو نابێ
موتڵەق ئەم ئیشە هەر ئەبێ وا بێ [1]
#دیوانی پیرەمێردی نەمر#
#پیرەمێرد#