بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گوومڕا 32
#شەماڵ بارەوانی#
خودایه، ئەو هاوسەرگیرییە مانگەکی نەخایەنێت و کیژەکە تەڵاق بدرێت.
کاتی خوێندنی فەقێیاتی زۆر جار دەچووین ئەوەی بە زمانە عەشایریەکە دەڵێن: ژنمان لە خەڵکێک مارە دەکرد.
جا ئێمەی فەقێکان ئەو دەمەی مەلاکان لە جێی خۆیان دەیان ناردین لۆ ژن مارەکردنێ، پێیان دەگوتین:مەعامەلەی نەکەن لۆ کرێی ژن مارکردنەکەی(چونکە مەلای تر هەبوون دەیانکرد. عەیب نەبێت)، ئەو مەلایانەی ئێمەیان دەنارد، دەیانگوت: نا کاکە عەیبە، مامەڵە نەکەن. بەڵام بڵێن: ئەگەر وەکو خەڵات و دیاریەک شتەکمان بدەنێ ئەوە خوا نەیبرێ. بە کورتیەکەی گۆشتی دەخۆم، بەڵام گۆشتاو نا. جا هەموو جار کە دەڕۆیشتم بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری، بەینی خۆمان بیت، پەنجا هەزارێکم وەردەگرت.
جا بەو بۆنەیەوە، ئەوە ڕۆژەکی چومەمەسیف سەلاحەدین کچێکم لە کوڕێک مارەبڕی، لەسەرەتای چوونەکەم، تا مارەبڕینەکە تەواو بوو، هەر بیر و خەیاڵم لای پەنجاهەزار دینارەکەی بوو. لە دڵی خۆم دەمگوت:وەڵاهی ئەو ماڵە چەور و دەوڵەمەند دیارن و پێدەچێت زیاتریشم بدەنێ. بەداخەوە وەکو کورد دەڵێت:ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێکیتر! ئاخریەکەی ئەو بێ ویژدانانە، نەک هەر پەنجا هەزارەکە، بگرە یەک دیناریان نەدامێ. بڕوا ڕۆ کە پێی تێک چووم و خەفەتم خوارد، لە تووڕەییان خۆم دەخواردەوە و خەنجەرت لێدابام خین لە لەشم نەدەهات.لە دڵی خۆم و بەنهێنی یەک دنیا دووعام لە کوڕە و کچەکەی کرد و گوتم: خودایە ئەوە من کەراتیەکم کردوو مارەم کرد، بەڵام ڕەبی ئەو هاوسەرگیرییە مانگەکیتر نەخایەنێت و کیژەکە تەڵاق بدرێت.[1]