دەربارەی ئازاری پشت:
ئازاری پشت (بە ئینگلیزی: Back Pain)، بریتییە لە ئازار و ناڕەحەتییەکی لاوازکەر کە بەهۆی برینێک یاخود هەبوونی ئێش و ئازارێکی بێزارکەرەوە لە بەشی پشتدا دروستدەبێت، ئازارەکە لەسەر شانەکانەوە درێژدەبێتەوە بۆ سمتەکان، ئازاری پشت یەکێکە لە هۆکارە هەرە باوەکان کە خەڵکی بەهۆیەوە سەردانی پزیشک دەکەن و کارەکانیان لەدەستدەدەن، هەروەها بووە بە هۆکاری سەرەکی بێتوانایی و لاوازی مرۆڤ لە جیهاندا. بەخۆشحاڵییەوە، ئێستا بەهۆی چارەسەرە سرووشتییەکان و ئامێرە پێشکەوتووەکانەوە دەتواندرێت چەندین ڕێگا و شێواز بەکاربهێندرێت بۆ ڕێگەگرتن و کەمکردنەوەی ئازاری بەشەکانی پشت، هەروەها زۆر بە دەگمەن نەشتەرگەری وەک چارەسەر بەکاردەهێندرێت.
نیشانەکان:
ئازاری پشت دەکرێت بەهۆی (زەبرێکی توند، سووتان، هەستیاری بە بەرکەوتنەکان)ەوە پەیداببێت، لە هەندێک بارودۆخدا ئازارەکە پەلدەهاوێژێت بۆ قاچەکان، هەروەها خراپتردەبێت لەکاتی بەرزکردنەوە و هەڵگترن و دانانی شتی قورس و خۆبادان بەلای ڕاست و چەپدا و وەستان یان پیاسەکردن.
هۆکارە مەترسیدارەکان:
ئازاری پشت لە هەموو کەسێکدا دروستدەبێت تەنانەت منداڵ و هەرزەکارانیش، بەڵام ئەم هۆکارانەی خوارەوە دەکرێت ئازارەکە زیاتر بکەن و بتخەنە ناو مەترسیەکی جدییەوە:
• تەمەن: ئازاری پشت زیاتر لە کەسانی بەتەمەندا باوترە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان (30 بۆ 40) ساڵیدایە.
• کەمیی ڕاهێنان: ئەنجامنەدانی ڕاهێنان دەبێتە هۆی نەجووڵان و بەکارنەهێنانی ماسولکە و لاوازبوونی بۆیە ئەمەش هۆکارێکی ترە لە دروستبوونی ئازاری پشت.
• وەرزشی بەرزکردنەوەی قورسایی: بەهۆی ئەوەی وەرزشی قورسایی فشار و پەستانێکی زیاتر دەخاتە سەر بەشی پشتەوە هەر بۆیە وەرزشەکانی بەرزکردنەوەی قورساییش هۆکارێکی ترن بۆ دروستبوونی ئازاری پشت.
• نەخۆشی: هەندێک لە جۆرەکانی نەخۆشی وەک (شێرپەنجە و نەخۆشی هەوکردنی جومگە) هۆکارن بۆ ئازاری پشت.
• هەڵگرتن و بەرزکردنەوەی شت بە ناڕێکی: بەکارهێنانی پشت لەجیاتی قاچەکان لەکاتی هەڵگرتن و بەرزکردنەوەی شتە قورسەکان دەبێتە هۆی ئازاری پشت.
• بارودۆخە جەستەییەکان: ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشییەکانی وەک خەمۆکی و نیگەرانی دەبن دەکرێت ئازاری پشت زیاتر تێیاندا بەدەربکەوێت.
• جگەرەکێشان: جگەرەکێشان ڕێژەی ئازاری پشت زیاتر دەکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی جگەرەکێشان زیاتر تووشی کۆکەت دەکات و دەبێتە هۆی بێهێزکردنی دیسکەکان هەروەها جگەرەکێشان دەتوانێت لێشاوی خوێن بۆ ناو بڕبڕەی پشت کەمبکاتەوە و مەترسی پوکانەوەی ئێسکەکان زیاد بکات.
خۆپاراستن:
دەکرێت خۆت لە ئازاری پشت بەدوور بگریت یان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی بگریت بە باشترکردنی دۆخی جەستەیی و فێربوون و ئەنجامدانی ڕاهێنانی میکانیکی جەستەیی گونجاو، بۆ ئەوەی پشتت بە تەندروست و بەهێز بهێڵیتەوە ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکە:
• ئەنجامدانی وەرزش: ئەنجامدانی ئەو وەرزشە ئایرۆبیکیانەی کە کاریگەری زۆر ناخەنە سەر بەشی پشتەوە و دەتوانن ماسولکەکان بەهێزتر بکەن تاکوو ئەرکەکانیان باشتر ئەنجامبدەن، پیاسەکردن و مەلەکردن دوو وەرزشی زۆر گونجاون، قسە لەگەڵ پزیشکەکەت بکە دەربارەی ئەو چالاکیانەی کە دەتەوێت تاقییان بکەیتەوە.
• بونیادنانی ماسولکەی بەهێز و توند: ڕاهێنانی ماسولکەی سک و پشت، کە دەبنە هۆی زیاتر بەهێزکردنی جەستە و یارمەتی ماسولکە دەدات بۆ ئەوەی وەک کەمەربەندێکی سرووشتی بۆ پشت پێکەوە کار بکەن.
• هەبوونی کێشی جەستەی تەندروست: هەبوونی کێشی زۆر هۆکارە بۆ پەیدابوونی ئازاری پشت چونکە هەوڵدان بۆ دابەزاندن و کەمکردنەوەی کێشی جەستە هەوڵدانە بۆ کەمکردنەوەی ئازاری پشتیش.
• وازهێنان لە جگەرەکێشان: جگەرەکێشان مەترسی ئازاری پشت زیاد دەکات، چونکە مەترسیەکە زیاد دەبێت لەگەڵ ژمارەی ئەو جگەرانەی کە لە ڕۆژێکدا دەکێشرێت، بۆیە وازهێنان لێی یارمەتی کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە بدات.
• دوورکەتنەوە لەو جووڵانەی کە دەبێتە هۆی ئازاری پشت و بەکارهێنانی جەستە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک وەک (هەستان و دانیشتن بە وریاییەوە).
سەردانکردنی پزیشک:
زۆرینەی جار پێویست ناکات سەردانی پزیشک بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر، چونکە ئازارەکە خۆی وردەوردە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کەمدەکات بەهۆی ئەنجامدانی چارەسەرە سرووشتییەکان و خۆپارێزییەوە، بەڵام لەم کاتانەدا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت:
• بەردەوامبوونی ئازارەکە بۆ ماوەیەکی زۆر.
• ئەگەر ئازارەکە بە پشودان باش نەبوو بەردەوام لە زیادبووندابوو.
• ئەگەر ئازارەکە پەلیهاویشت بۆ قاچەکان و بەتایبەتی بۆ خوار ئەژنۆ.
• ببێتە هۆی لاوازی و بێهێزی لە قاچێک یان هەردوو قاچدا.
• وەرگرتنی چارەسەری خێرا ئەگەر ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە لە ڕیخۆڵە و لەکاتی میزکردندا. [1]
وەرگێڕانی لە زمانی ئینگلیزییەوە:
#زیلان ئازاد ڕەشید#