#فەروەهەر#، فراوەهەر، فروهەر، یان فەری کیانی نیماد و سیمبۆلی ئایین #زەردەشتی#یە کە پێکهاتەیەکە لەسەر بیروباوەری ئایینی زەردەشتی (بیری چاک، وتاری چاک، کرداری چاک)یە. ئەم وێنەیە پێکهاتووە لە بەشی ناوک بۆ سەرەوەی پیاوێکی بەتەمەن بە ڕیشی درێژ و کلاوێکی تایبەتی ئایینی زەردەشتی بەسەرییەوە کە بە تەمەن بوونی ئەم پیاوە دەکرێت ئاماژەیە بۆ بەئەزموونی و ئاقڵ (کامیل)بوونی ئەم کەسە بێت کە پاش دونیا بینین و گەڕانی زۆر و کۆکردنەوەی ئەزموون لەسەر ناسین و ناساندنی خوای تاقانە، هەوڵ دەدات خەڵک بەرەو کاری چاکە و یەکتا پەرەستی بانگهێشت بکات.
شیوازی نیمادی فەروەهەر بەم شێوەیەیە کە: لە دەستێکی ئەلقەی پیرۆزی پەیمان لەگەڵ خودای تاقانە و یەکگرتووی نێوان هێزە باشەکان دیارە و دەستەکەی تری بۆ نیایەش و نزا بەرەو ئاسمان درێژ کردووە.
لە بەشی ناوەڕاستی لەشی ئەم نیمادە دوو باڵ ڕواوە کە بە گوتەی پسپۆرانی مێژوویی ئەمە نیشانەی هاوسەنگی و هاوئاهەنگی لە ناو جیهان و کەونە.
لە ناوەندی وێنە یان نیمادەکە دیارە کە ئەلقەیەک بە دەوری کەمەری پیاوەکە بەستراوە و دەکرێ ئەم ئەلقەیە ئاماژەیەک بۆ جیهان و گەردوون و ژیانێکی ئیلاهی بێ سنوور بێت کە مرۆڤایەتی لە ناوەندی ئەم ئەلقەیە دایە.
قاچ و پێی ئەم نیمادە بە هی باڵندەیەک دەچێت کە هەریەکێکیان بەرەو ئاڕاستەیەک دەڕوات، دەکرێ ئەم دوو قاچە ئاماژەیەک بن بۆ دوو ئاڕاستەی گشتی گەردونی و مرۆیی وەک هێزی شەڕ و هێزی خێر کە دوو هێزی هەمیشەیین لە ژیانی مرۆڤ و هەمیشەیی گەردون.
وشەی فەروەهەر بە مانای ڕۆح وەک جەوهەری ژیان و هەمیشەیی بوون و نەمری دێت، لە ڕاستیدا مەبەست لەم قسەیە ئەوەیە کە ڕۆح بەشێکە لە هێز و تیشکی ئیلاهی کە لە ناخی مرۆڤ و هەموو پێکهاتەکانی گەردوون دادەنرێت.
لە فەلسەفەی فەروەهەر، ڕۆحە پاکەکان و ئیلاهییەکان کە هەمان فەروەهەرەکانن هەموو ساڵێک لە سەرەتای وەرزی بەهارەوە بەرەو زەوی دێن و هەتا 13 ڕۆژ بەرەکەت و نوێبوونەوە و ژیانەوە پێشکەش بە زەوی دەکەن و بۆ ئەم نوێبوونەوەیە جەژن دەگێرن و پاش 13 ڕۆژ بەرەو ئاسمانەکان دەرگەڕێنەوە.
لەسەر ئەم بابەتە کە نیشانی فەروەهەر تایبەت بە چ کەسایەتییەکی ئایینی زەردەشتییە بۆچوونی جیاواز هەیە: بەشێک دەڵێن ئەمە شیوە و ڕوخساری کەسایەتی زەردەشتە و هەندێ کەس بە #ئەهورامەزدا# دەیشوپهێنن، بەڵام بە پێی ئامۆژگارییەکانی ئایینی زەردەشتی ناتوانین هیچ وێنەیەک بۆ ئەهورامەزدا دیاری بکەین، هەر بۆیە ئەمە بابەتێکی تایبەتە کە زیاتر پێویستی بە توێژینەوە و خوێندنەوە هەیە.
ئەم سیمبۆلە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان مێژوویەکی کۆن و دێرینی هەیە، هەر وەک لە نەخشە شوێنەوارییەکەی ئەشکەوتی #قزقاپان# لە نزیک سلێمانی دیارە (کە بە یەکێک لە کۆنترین نەخشەکانی فەروەهەر لە سلێمان و کوردستان دادەنرێت) ئەم نەخشە مێژوویەکی 2700 ساڵەی هەیە کە لە سەردەمی #میدییەکان# و لەسەر گۆڕ دەخمەیەکی زەردەشتی نەخشێنراوە، نیشانەیەکە بۆ ڕەسەن بوون و خۆماڵی بوونی ئایینی زەردەشتی بۆ کوردان.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]