لێرەوە لەو پرسیارانەوە دەست پێدەکەین لەسەر کەلتوور دروست دەبن؟! چۆن بتوانین لەو داخراوی و یەک دەنگییەوە بپەڕینەوە، چۆن هاوبەشی کەلتووری جیهانی بکەین؟! چۆن بیر بکەینەوە؟ چۆن لە بەیەک گەیشتنی کەلتوورەکاندا گەشە بکەین؟ چۆن بتوانین خۆمان دروست بکەین؟!ئەو پردە ڕۆشنبیرییە مەعریفییە دروست بکەین لە نێوان مرۆڤەکان و کەلتوور و داب و نەریتدا؟!چۆن بتوانین بە ژمارە بیر بکەینەوە؟! چۆن کەلتوورمان بە ژمارە بکەین؟!
لەم پرسیارانەوە دەبێت هەوڵی دەرچوون بدەین لە بازنە تەقلیدییە باوەکان و عەقڵییەتی سواو، زۆر جار لە ڕۆشنبیری کوردی دا بە هەڵە قسەی لەسەر دەکرێت، بەبێ ئەوەی پێناسەیەکی زانستی بۆ کەلتوور بکرێت. بزانین کەلتوور چییە؟ هەروەها پۆڵینکاری کەلتوور، ئەوەی پابەندی نەتەوەیە و ئەوەی هاوبەشە بە کەلتووری جیهانییەوە، لێرەشدا دەبێت کەلتوور جیا بکەینەوە، لە فەرهەنگی جیهانی دا دوو جۆر کەلتوور هەیە، یەکەمیان ئەو کەلتوورەیە زیهنی کۆی نەتەوە دروستی دەکات، ئەمەیش پەیوەندی بە داب و نەریت و مامەڵەی شارستانی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی نەتەوەوە هەیە، مۆرکی تایبەتی خەسڵەتی نەتەوایەتی پێوەیە.
کەلتوورەکەی تریش ئەوەیە ئەهلی مەعریفە و کەسەکانی داهێنان لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر و زانستەکاندا بە گشتی بەرهەمی دەهێنن. ئەمەیش موڵکی هەموو کەسەکانی فیکر و داهێنانە، تیئوری مارکسیزمی مارکس تەنها بۆ ئەورووپییەک نەبوو، لەسەر تا سەری جیهاندا مارکسییەت کرایە ڕێباز و بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانە، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی و ئاسیا و ئەفریقا بەو تیئوورییە شۆڕشیان کرد و ڕزگاریان بوو، یان کاتێک دیکارت گوتی: (من بیر دەکەمەوە کەواتە من هەم) ئەمەی بۆ ئەوروپییەک نەگووت بە تەنها، بەڵکوو بۆ هەموو کەسێکی بیرکەرەوە بوو. یان ئەوەی فۆکۆ و هایدجەر و فەیلەسوفەکانی تر نووسییان هەمان شت بوون.
هەروەها لە بوارەکانی ئەدەبی و هونەری دەقەکان مۆرکی جیهانیان هەڵگرتووە و جوگرافیاکانیان بڕیووە، ئێستایش لە زەمەنێکداین جیهان بۆتە گوندێکی گەردوونی و لە میمۆرییەکدا کۆبۆتەوە، دەبێت بزانین چۆن ئامادەکاری و ئامادەییمان هەبێت؟ ئەوەیشی زیاتر لە هەموو بوارەکان دەبێتە زمانی جیهانی بۆ هەموو کەسێکە بە جیاوازی زمان و بیرەوە مۆزیک و تەشکیلیە، هیچ وەرگێڕانێکیان ناوێت. سینەما و شانۆیش تەنها بە وەرگێڕانی دایەلۆژە کورتەکانەوە بە بینەر دەگەن، بەڵام تابلۆکان هیچ وەرگێڕانێکیان ناوێت و زمانی گەردوونین.
پڕۆژەی بەیەک گەیشتنی کەلتوورەکان لەم پرسیارەوە دەست پێدەکات:
(چۆن بتوانین تێگەیشتنێکی هاوبەشی باشتر دروست بکەین؟!
چۆن بتوانین پردی نێوان مرۆڤ و کەلتوور و داب و نەریت دروست بکەین؟!
لەم ڕوویەیشەوە هونەر بە ئامڕازێکی باشتر دەزانن بۆ پشتگیری کردن لە ئاڵوگۆڕی بۆچوونە هاوبەشەکان. لە ڕێی وۆرکشۆپەوە هەوڵی دایەلۆگی کەلتووری بدرێت، لە ڕێگەی شتەکان و دروست کردنی چیرۆکی مێژوویی، بە گێڕانەوەی تایبەتمەندیەکانی ژیان، بیرەوەری و یادگارییەکان.
ئەوەی خاڵی وەرچەرخان و ڕوانینی نوێیە لەم پێشانگایەی بەیەک گەیشتنی کەلتوورەکان، ئەو چیرۆکە مێژووییانەن، پیاوانی جەنگ وێنەی هونەرییان جێهێشتووە، بەمەیش شێوازی هونەری گۆڕانکاری بەسەردا هات، لە شکۆدارکردنی جەنگەوە بۆ ئیدانە کردنی، هەموو ئەو داستان و وێنە وەحشی گەراییانەی بەرام بەر بە مرۆڤ کراون لە سەرتاسەری جیهاندا، هونەرمەندانی کوردیش ڕاستەوخۆ خۆبەخشانە بەشداری ئەو کارەسات و جەنگ و کوشتارە بە کۆمەڵیەیان کردووە، دوژمنان بێ بەزەییانە پڕۆسەی ئەنفال و کیمیا باران و چاڵی بە کۆمەڵ کوژیان دروست کردووە، هەزارەها لە کەسانی بێ تاوان و هاووڵاتی مەدەنی لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج بە چەندەها شێوازی دڕندەیی لە کیمیایی و سێدارە و زیندە بەچاڵ و شێوازی تر کوژراون. ئەمەیش بە شێوازی جۆراو جۆر، هەندێک واقیعی و ئەبستراکت و سووریالی و دژایەتی و بەرەنگاری و چیرۆکەکانی جەنگ دەکەن. ئەم ئەزموونە وێرانکەرانەیش بە دۆکیومێنت دەکرێن و لە مۆزەخانە و گەلەرییەکاندا دەمێننەوە و دەبنە کارتێکەری لەسەر نەوەکان هەتا ڕوانینی خۆیان لەسەر تاوان و جینۆساید و جەنگ هەبێت.
پڕۆسەی دیکۆمێنت کردنی وێنەیی شایەتحاڵان و ڕزگاربووانی کورد لە جینۆسایدی کورد دا لە ساڵی 1988 و هەروەها کارلێکردنەکانی بینەران لە ئەڵمان و ئەرمەنی و جوولەکە و کورد. ئەم وێنە و دیمەنانە بۆ بیرهێنانەوە و مانەوەی ئەو تاوانانەیە لە بیرەوەری مرۆڤایەتیدا بمێننەوە.
بەم مەبەستەیشەوە هونەرمەندانی دانیشتوی ئەوروپا هاوکاری خوێندکارانی هونەری #سلێمانی# بکەن، هەموویان ئەزموون و بیرەوەری و داب و نەریتی خۆیان هاوبەش دەکەن، پێکەوە ڕێگا نوێیەکانی فێرکردن و تێگەیشتن نزیک بکەنەوە. لە ڕێگەی وانە و وۆرکشۆپ و کۆنسێرت و پێشانگا و گفتوگۆ وە ئەنجام بدرێت. ئەمەیش وەک دەست پێکێک بۆ هاوکاری زیاتر لە نێوانیان هونەرمەندانی نێو دەوڵەتی و دامەزراوەکان و قوتابیاندا.
وۆرکشۆپ: ئەوەی لەم وۆرکشۆپەدا جەختی لەسەر کرایەوە شێوە و ناوەرۆک بوو، شێوە بە هەموو خەسڵەتەکانیەوە شیکردنەوەی لەسەر کرا، بە ڕەنگ و ماددەکان و ڕوو بە ڕووبوونەوەکانییەوە، لەناو و ناوەرۆک لەگەڵ بۆشاییدا، تایبەت (زەخرەفە) لە ڕوانین و واتا جیاوازەکانەوە لە بواری پەرەدان بە هونەری پەیکەرسازی یان نەخشەسازی بۆ ماددەی بینراو و زیاتر کاری میتافۆری قوتابییان. بە پیادە کردنی ڕێبازی نوێ لە شێوازی بینراو بۆ دەربڕینی لەبەرجەستە کردنی لەکارە هونەرییەکەدا. هێماکان، شێوەکان، دەنگەکان، ڕەفتارەکان، ئەوشتانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕوو بە ڕوویان دەبینەوە. لە ڕێگای ڕوانینی نوێ وە کاریان لەسەر بکرێت نەک دووبارەبوونەوەی باو. هەر تاکێک بە پشت بەستن بە کولتوور و ڕۆشنبیری خۆی تێڕوانینی جیاوازی بۆ بکرێت.
ئەم پڕۆژە گرنگە لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆڕی جیهانییەوە پێشکەش کرا، فریشتەکانی بوون لە جوانی ڕۆح و داهێناندا، بڕوانامەی نێودەوڵەتییان هەیە و لەسەر ئاستی جیهان ناسراون، دەکرێت ناساندنێکی کورتیان بۆ بکەین:
یەکەم: هونەرمەند (عوسمان ئەحمەد)
بەڕێوەبەری سەنتەری کوردۆلۆژییە لە سلێمانی و دکتۆرای لە کۆلیژی هونەرەکانی چێڵسی هەیە لە زانکۆی هونەرەکانی لەندەنی بەریتانیا بۆ ساڵی(2013). دۆکۆمێنت کردنی پڕۆسەی جینۆساید کردنی کورد لە ساڵی(1988) لە ڕێگەی وێنە کێشان و تۆمارکردنی گەواهی پانزە کەس لەنێو خێزانە ئەنفالکراوەکان و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر کۆمەڵکوژی کورد. توانی لە ڕێی هونەرەکەیەوە تاوانی ئەنفال و جینۆسایدی کورد بە جیهان بناسێنێت و لە چەندین وڵاتی جیهاندا پێشانگا بکاتەوە و سێیەم کەس بێت، تابلۆکانی لە مۆزەخانەی جەنگی بەریتانی (ئیمپریاڵ ۆار موزئێوم) لە لەندەن دا دابنرێت تایبەت بە جینۆسایدی مرۆیی.
دووەم: هونەرمەند(وریا ئاریا)
هونەرمەندێکی کوردی ئێرانی و نەمساییە و لە ڤیەننا دەژی، پەیکەرسازی لە زانکۆی هونەرە کارپێکراوەکانی ڤیەننا تەواو کردووە، لەکارەکانیدا مامەڵە لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و پرسیارەکانی پەیوەندیدار بەو بابەتانەوە دەکات ئاکارەکانی پەیکەرتاشی وەکو نەخشەسازی و هاوتەریبەکان و هاوشێوەکانی بەکار دەهێنێت و ڕەهەندی نوێی بۆ زیاد دەکات و تێکهەڵکێشی دەکات بە نەریت و گۆڕانکارییەکانی ژیانی.
سێیەم: (گۆدرون والنبۆک) دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری هونەری هینتەرلاندە لە ڤییەنا/ نەمسا، پلاتفۆرمێکی هونەری سەربەخۆییە تایبەتە بە بایەخدان بەپڕۆژەی کەلتوورە فرە چەشن و پسپۆڕەکانە. هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە خاتوو (هینتەرلاند) پشتگیری و بایەخێکی زۆر بە کارە هونەرییەکانی هونەرمەندە گەورە و تازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، بەتایبەتی ئەو هونەرمەندانەی لە ئێران کار دەکەن.
چوارەم: (پەرستۆ فرۆهەر) لە تارانی ئێران لەدایک بووە و لە ساڵی 1991 وە لەئەڵمانیا دەژی، هونەرمەندێکی نێو دەوڵەتییە و پڕۆفیسۆری (هونەرە لیبڕاڵەکان)ە لەگەڵ جەختکردن لەسەر فرە کەلتوور لە کونسێچشۆڵ ماینز/ ئەڵمانیا.
بەم شێوەیەیش دووای دوو هەفتەی تەواو ئەم پڕۆژە گرنگە بە سەرپەرشتی مەڵبەندی کوردۆلۆژی، #زانکۆی سلێمانی#، لەکارگەی کەلتووری سلێمانی- گەلەری ئێستا لە #03-10-2022# هەتا #13-10-2022# بەردەوام بوو، دوا ڕۆژ پێشانگایەکی تایبەت لە لایەن خوێندکارانی بەشدار بووەوە کرایەوە و هەریەکە بە ئەزموونێکی جیاواز بەشدار بوون، کۆتایی بەو کەرنەڤاڵە ئاوێتەییە جوانە هات بە کاتی، لەبەرئەوەی ئەم بەیەک گەیشتنی کەلتوورە لەگەڵ هونەرمەندانی سلێمانی بەردەوام دەبێت لە ڕێی پەیوەندی ئەلیکترۆنییەوە.
لە پاشکۆی ئەدەب و هونەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە (8778) لە #20-10-2022# ڕۆژی پێنج شەممە بڵاو بۆتەوە. [1]
#سەڵاح جەلال#