ناونیشان: نەوتی تەق تەق یان شەمپانیای ڕەش
ناوی ئامادەکار: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
کێڵگەی تەق تەق دەکەوێتە نێوان هەر سێ پارێزگای #هەولێر# و #سلێمانی# و #کەرکووک#، کە لە ساڵانی پەنجاکاندا لەلایەن ئینگلیزەکانەوە نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە، لە سەردەمی حکومەتی بەعسیشدا پەرەی پێدراوە و توانراوە سێ بیری تێدا هەڵبکەنن، یەدەگی جێگیری کێڵگەکە لە 500 ملیۆن بەرمیل تێپەرناکات، لە ساڵی 2002 حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانیدا کە پسپۆر نەبوون لە بواری دەرهێنانی نەوتدا گرێبەستێکی ئیمزاکرد بۆیە نەیانتوانی بیری تر هەڵبکەن تا ساڵی 2006 کەلەگەڵ دوو کۆمپانیای تری بواری نەوت بوون بە هاوبەش.
گرنگترین تایبەتمەندی لەنەوتی تەق تەقدا ئەوەیە کە سوکە و پاکە بەجۆرێک (Api)ەکەی دەگاتە 48 کە ئەمەبێ وێنەیە لەنەوتی جیهاندا، جگە لەوەش هیچ ڕێژەیەک لە گۆگردی تێدا نییە، هەر ئەمە وایکردووە پسپۆرانی نەوت بە شەمپانیای ڕەش ناوی ببەن.
قەدەری ئەم کێڵگەیە ئەوها بوو کەوتە دەست کەسانێک کەنرخی خۆیان پێنەدا، کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم هیچیان لێ نەدەزانی، کۆمپانیا بیانیەکانیش بەدوای قازانجەوە بوون لەبەر هەڵپەی هەردوولا بۆ دەستکەوتنی پارەی زیاتر ئەم کێڵگەیان بەو دەردەبرد کە ئەمرۆ تێیدایە.
ئەم کێڵگەیە دەبوایە لەبەر زۆری بایەخەکەی زانستیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرایە و نەهێڵدرێت دلۆپێکی بەفیرۆبچێت، کەچی ئەو کۆمپانیایانە و کاربەدەستانی هەرێم دەستیان کرد بە دەرهێنانێکی بێ بەزەییانەی نەوت دور لەهەموو پێوەرێکی زانستیانە، لە سەرەتادا بەتەنکەر دەیانگواستەوە بۆ پالاوگەکان، یان بە مەبەستی هەناردەکردن دەیانگەیاندە فیشخاپوورکە ئەمە خۆی لە خۆیدا کارێکی نێگەتیڤانەیە، چونکە گواستنەوەی نەوتی سووک بەتەنکەر پاشان جارێکی تر بەتاڵکردنەوەی دەبێتە هۆی فەوتانی بەشێک لەتوخمە گرنگەکانی.
لە 07-08-2012 بەرپرسانی کێڵگەکە ڕایانگەیاند ڕۆژانە 105 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنین کە 50 هەزاری تەنکەر دەگوازرێتەوە بۆ خورمەلە 35 هەزاریشی دەنێردرێتە پاڵاوگەی بازیان.
لەنیسانی ساڵی 2015دا کێڵگەکە لە لوتکەی بەرهەم هێنانیدا بوو، کە ڕۆژانە 145 هەزار بەرمیل بوو، لەوەبەدوا بەهۆی سەرکەوتنی ئاوەوە ڕووی لەدابەزین کرد تالەرۆژگاری ئیستاماندا لە 8 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە تێپەڕ نەکات، بۆ مێژوو دەیلێم ئەوەی دەرهەق بەم کێڵگەیە کرا تاوانێک بوو دەرهەق بە سامانی ژێر زەوی ئەم هەرێمە، چونکە هەرگیز ناکرێ لەکێڵگەیەکی ئاوا بچوک ئەو بەرهەمە زۆرەی لێدەربکرێت.
گومانی تیدا نییە لەهەموو سەردەم و شوێنێکدا خەڵکانی خەمخۆر هەیە، لە ساڵی 2005 ئەوکاتەی محەمەد بەحر ئەلعلوم وەزیری نەوت بووچەند ئەندازیارێکی لێهاتوو ئەوانەی نرخی نەوتی تەق تەقیان دەزانی داوایان لە وەزیری ناوبراو کردکە پاڵاوگەیەک نزیک کێلگەکە دابمەزرێنرێت بەجۆرێک دیزاین کرابێت کە بەنەوتی سووک کاربکات، ئەوەبوو ڕەزامەندی لەسەر درا بە تێچووی 700ملیۆن دۆلار لەماوەی سێ ساڵدا تەواو ببێت، کەلەتوانایدا بو ڕۆژانە 70هەزار بەرمیل نەوت بپالێویت، هەموو بەروبومە نەوتیەکانیشی بەرهەم دەهێنا، بەڵام بە گۆرانی وەزیر و هاتنی شەهرستانی داوایان لەهەرێم کرد هەموو پشتیوانییەکیان دەکەن بەو مەرجەی هەرێم لە بودجەی لەسەدا 17ی خۆی تەواوی بکات، حکومەتی هەرێمیش ئامادە نەبوو هیچ پارەیەک خەرج بکات و سەرئەنجام بە زیانی خەڵک شکایەوە، ئەگەر ئەو پاڵاوگەیە بنیات بنرایە ئێستا نە هەرێم وەها بێ بەنزین دەبوو نە کێڵگە ش وەها زوو پەکی دەکەوت. [1]