ناونیشان: پاڵاوگە نەوتیەکانی ئێراق لە نێوان دوێنێ و ئەمرۆدا
ناوی ئامادەکار: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
دوای ئەوەی لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا کۆمپانیا بیانیەکان ئیمتیازی نەوتی ئێراقیان وەرگرت سەرەتا تەنها سەرقاڵی هەڵکەندنی بیری نەوت بوون و هیچ پاڵاوگەیەکیان دانەمەزراند بەڵکوو بۆ بەدەسهێنانی سووتەمەنی بۆ پێویستی ناوخۆ لەپاڵاوگەی (عەبادان)ی ئێرانەوە بەنزین و گازیان هاوردە دەکرد تا ئەو کاتەی لە ساڵی 1927 پاڵاوگەی (ئەڵوەند) یان لە نزیک شاری خانەقین دامەزراند کە تواناکەی هەزار بەرمیل بوو لەرۆژێکدا. پاشان لە ساڵی 1953 پاڵاوگەی (المفتیە) یان لە پارێزگای بەسرە بە گوژمەی چوار هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بنیات نا.
کۆمپانیای (ipc) کە نەوتی ئێراقی بەرێوە دەبرد لە شارۆچکەی حەدیسە لە ڕۆژاوای ئێراق پاڵاوگەیەکی تری بە توانای شەش هەزار بەرمیل لە ڕۆژیکدا دامەزراند، دواتر پاڵاوگەی (دۆرە)یان لە شاری بەغدا بنیات نا کە لە ڕێگەی بۆرییەکەوە لە کەرکووکەوە نەوتی بۆ دابین دەکرا. لە ساڵی 1955 مەلیک فەیسەڵ پاڵاوگەکەی کردەوە کە لە توانایدا بوو ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت. ئەم پاڵاوگەیە زۆر جێگەی بایەخی حکومەت بوو بەردەوام پەڕەی پێدەدرا بەجۆرێک لە ساڵی 2003 تواناکەی گەیەنرایە 210 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لە ساڵی 1957 پاڵاوگەی گەیارە دروست کرا کەبە نەوتە قورسەکەی کێڵگەی گەیارە کاری دەکرد ڕۆژانە 14 هەزار بەرمیل نەوتی دەکرد بە ئەسفەلت.
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پاڵاوگەی بێجی یان دامەزراند کە بە گەورەترین پاڵاوگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەژمێردرا، ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە کەرکووکەوە بۆ دەرۆیشت.
لە کەرکووکیش لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو پاڵاوگەیەک دامەزرا بە گوژمەی 30 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە دوای پڕۆسەی ئازادی گەشەی پێدراو تواناکەی بەرزکرایەوە بۆ 55 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
سەبارەت بەو بڕەی نەوت ڕۆژانە لە ئێراقدا ڕەوانەی پاڵاوگەکان دەکرێت دەتوانین بڵێین تا ساڵی 1968 ئەو بڕە لە 100 هەزار بەرمیل تێناپەڕی بەڵام لە ساڵی 1990 گەیشتە 600 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کە بەم چەشنە دابەش ببوون:
356 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەکانی باکوور بە کەرکووکەوە
195 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەکانی ناوەراستی ئێراق
140 هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەکانی باشوور.
لە ساڵی 1976 حکومەتی ئێراق بەرنامەی هەبوو لە شاری ناسریە پاڵاوگەیەک دابمەزرێنێ بە گوژمەی 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە مەبەستی هەناردە کردنی بەرووبوومە نەوتییەکان بۆ دەرەوەی وڵات بەڵام دواتر جێبەجێ نەکرا.
لە ئێستاشدا 2022 وەزارەتی نەوتی ئێراق سەرقاڵی تەواو کردنی پاڵاوگەی کەربەلایە کە لەپاڵاوگە نموونەییەکانە و زۆری نەماوە تەواو بێت.
پاڵاوگەکانی ئێراق بە وانەی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژانە نزیکەی 710 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێون.
$هەناردەکردنی بەرووبوومە نەوتییەکان$
لە ساڵی 1983 بە دواوە ئێراق لە ڕێگەی تەنکەرەوە بەروبومە نەوتییەکانی وەک (نەوتی ڕەش، نەوتی سپی، گازۆلین، غازی شل) هەناردەی تورکیا و ئوردن و کەنداو دەکرد، لە ساڵی 1990 بڕەکەی گەیشتە ئەوپەڕی کە ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل بوو بەڵام لە ساڵی 1991 بەهۆی شەری کەنداوەوە وەستا، لە ساڵی 2003 بەدواوە هەناردەکردن بە یەکجاری وەستا و پاڵاوگەکان تەنانەت توانای دابینکردنی پێویستی ناوخۆشیان نەما و حکومەت بە ناچاری سووتەمەنی لە دەرەوە هاوردە دەکرد. [1]