ناونیشانی پەڕتووک: بە گەورە زانین و خۆشویستنی خوا
ناوی نووسەر: ئیبن قەییمی جەوزی
ناوی وەرگێڕ: #قاسم سەلام#
وەرگێڕان لە زمانی: عەرەبی
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
دەزگای پەخش: ناوەندی ڕێنوێن
ساڵی چاپ: 2022
ژمارەی چاپ: یەکەم
خۆشویستنی خوای پاک و تاک، بەختیاریی دەروون و ژیانی ڕۆح و خۆراکی دڵانە، نوری عەقڵ و ڕووناکیی چاو و ئاوەدانیی جەستەیە. لەلای دڵی ساغ و ڕۆحی پاک و عەقڵی پاڵفتە، هیچ شتێک شیرینتر و بەچێژتر و پاکژتر و خۆشتر نییە لە ئەوین و شەوق و تاسە و تامەزرۆیی بۆ لیقای خوا.
ئەو شیرینییەی ئیماندار لەو سۆنگەیەوە لە دڵیدا هەستی پێ دەکات، لەسەرووی هەموو شیرینییەکەوەیە. ئەو کامەرانییەی بەهۆی ئەو خۆشەویستییەوە دەستی دەخا، لە هەموو کامەرانییەک کامڵتر و تەواوترە. ئەو خۆشی و لەزەتەی بە دەستی دێنێ، لە هەموو لەزەتێک بەرزترە. وەک هەندێک لەوانەی کەوتوونەتە حاڵی وەجد، گوتوویانە: کات و ساتگەلێکی وا بەسەر دڵمدا دێت، تێیدا دەڵێم: ئەگەر ئەهلی بەهەشت لەو خۆشگوزەرانییەدا بن کە (من)ی تێدام، ئەوە بەڕاستی ژیانێکی خۆشیان هەیە!
یەکێکی دیکە گوتوویەتی: کات و ساتگەلێکی وا بەسەر دڵمدا دێن، بەهۆی هۆگربوون و خۆشویستنی خوا، لە شادی و خۆشییاندا ئۆقرە ناگرێ و سەما دەکات.
یەکێکی دیکە گوتوویەتی: غافڵان و بێئاگایان فەقیرحاڵن، لە دونیا دەر چوون، خۆشترین و پاکترینیان تێیدا نەچەشت.
یەکێکی دیکە گوتوویەتی: ئەگەر پاشایان و ڕۆڵەی پاشایان دەیانزانی ئێمە لە چ حاڵێکداین، بە شمشێرەکانیان بەرەنگارمان دەبوونەوە.
پەیبردن و کارلێککردن لەگەڵ ئەوشتانەی باسمان کرد، بە ئەندازەی بەهێزی و لاوازیی ئەوینی خوایە لە دڵی بەندە، هەروەتر بە گوێرەی درککردنە بە جوانیی دولبەر و نزیکبوون لێی. هەرچەند خۆشەویستییەکە کامڵتر بێ و درککردن بە دولبەر تەواوتر بێ، نزیکبوون لێی فرەتر دەبێ و لەزەت و شیرینییەکە بەهێزتر دەبێ.
هەرکەس عاریفتر و ئارەزوومەندتر بێ بە ناو و سیفاتەکانی خوا، خوای لەلا خۆشەویستتر دەبێ. لە هەموو شتێک زیاتر لێی نزیک دەبێ. بە جۆرێک هەست بەو لەزەت و چێژ و شیرینییەی نێو دڵی دەکات، ناتوانێ تەعبیری لێ بکات.
ئەو چێژو شیرینییە بە وەجد و سۆز چەشتن نەبێ، گوزارشتی لێ ناکرێ. هەرکاتێکیش دڵ بەم شێوەیە چێژی ئەوینی مەحبووبی چەشت، ناتوانێ ئەوینی هیچ شتێکی دیکەی پێش بخا و هۆگری هیچ شتێکی دیکە بێ. چەند لە مەقامی ئەویندا سەر بکەوێ، ئەوەندە بەندایەتی و گەردنکەچی و تەسلیمبوون و دڵناسکیی زیاتر دەبێ. ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئازاتر و ئازادتر دەبێ.[1]