سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، #شاسوار عەبدولواحید# و هەموو ئەوانەی قەرزاری حکومەتن، بە ڕێکاری یاسایی قەرزەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە و بەم نزیکانە موڵکەکانی دەخرێتە مەزادەوە.
عەبدولحەکیم خەسرەو بە میدیای پارتی ڕاگەیاند ”شاسوار عەبدولواحید 43 ملیار و 750 ملیۆن دیناری لە حکومەت قەرز کردووە، هەروەها 38 ملیار و 700 ملیۆن دینار سوودی قەرز هاتووەتە سەر قەرزەکەی، هەموو ئەو پارەیەی بە ڕێکاری یاسایی لێ وەردەگیرێتەوە.“
ڕونیشیکردووەتەوە ”شاسوار عەبدولواحید بەرانبەر ئەو قەرزەی لە حکومەتی کردووە، چوار موڵکی لە ڕەهن داناوە، موڵکەکانی لە #سلێمان#ین و بەم نزیکانە حکومەت بەپێی یاسا موڵکەکانی دەخاتە موزایەدەوە، هەرچەندە ئەو موڵکانە بایی ئەو قەرزە نین کە لەلایەتی، بەڵام حکومەت بەپێی یاسا ڕێکار لەگەڵ موڵک و ماڵەکانی دیکەی دەگرێتە بەر.“
عەبدولحەکیم خەسرەو باسی لەوەشکرد، هەموو ڕێکارە یاساییەکان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی لەلای بازرگان و سەرمایەدارەکانە گیراونەتە بەر، ئەو موڵکانەی لە ڕەهن بەرانبەر قەرزەکان دانراون، ڕێکاری یاساییان بەرانبەر گیراوەتە بەر، هەم لە لایەن تاپۆ، هەم وەزارەتی داد و وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.
وتیشی هەموو ڕەهنەکان گەیشتوونەتە قۆناغی فرۆشتن، یان بەناوی وەزارەتی دارایی دەکرێن، تا ئێستا 65 موڵک کە لە ڕەهن دانراون، بە ناوی وەزارەتی داراییەوە کراون، هەروەها موڵکەکانی شاسواریش، کە لە ڕەهن دانراون، ڕێکارە یاساییەکانیان تەواو بووە.
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی #نەوەی نوێ# #29-10-2022# ڕەتیکردەوە قەرزار بێت و وتی حکومەتی هەرێم 23 ملیار دۆلاری پاشەکەوتی موچەی خواردووە، ئەگەر قەرزاریش بم دەستم خۆش بێت و نایاندەمەوە. [1]