ماسیگر و بازرگانەکە
پاولۆ کۆیلۆ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: #ئازاد مەحموود#
لە گوندێکی بچووکی بەڕازیل، بازرگانێک لەسەر کورسییەکی کەنار دەریایەک دانیشتبوو، بینی ماسیگرێک لە ناو بەلەمێکی بچووکدا بەرەو کەنار سەوڵ لێدەدا و چەند ماسییەکی تاڕادەیەک گەورەشی گرتوون.
ئەم دیمەنە سەرنجی بازرگانەکەی ڕاکێشا، لە ماسیگرەکەی پرسی چەندی پێدەچێ تاکوو ژمارەیەکی زیاتر ماسی بگری؟
ماسیگرەکە وەڵامی دایە ئاه، تەنیا کاتێکی کەم، زۆر ناخایەنێ.
بازرگانەکە بە سەرسوڕمانەوە گوتی ئێ باشە بۆ زیاتر لەناو دەریادا نامێنیتەوە تاکوو ماسی زیاتر بگری؟
ماسیگرەکە گوتی ئەوەندە ماسییە بەسە و بەشی هەموو ئەندامانی خێزانەکەم دەکا.
بازرگانەکە گوتی ئەی تەواوی ڕۆژەکە بە چییەوە خەریک دەبی؟
ماسیگرەکە وەڵامی دایەوە بە گشتی، بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستم، دەچمە ناو دەریا و چەند ماسییەک دەگرم، دوای دەگەڕێمەوە ماڵەوە و تۆزێک لەگەڵ منداڵەکانم یاری دەکەم. دوای نیوەڕۆیانیش، لەگەڵ خێزانەکەم سەرەخەوێک دەشکێنین تا دەبێتە ئێوارە، دواتر لەگەڵ هاوڕێیەکانی گوند، تەواوی شەوەکە خەریکی خواردنەوە و گیتار لێدان و گۆرانی گوتن و سەما کردن دەبین.
بازرگانەکە پێشنیازێکی بۆ ماسیگرەکە کرد، گوتی من دکتۆرام لە کارگێڕی کار هەیە. دەتوانم هاوکارت بم کە ببیە کەسێکی سەرکەوتووتر. لەمڕۆ بە دواوە، پێویستە کاتی زیاتر لە ناو دەریادا بمێنیتەوە و هەوڵدەی چەندی بۆت دەکرێ ماسی زیاتر بگری. کاتێک پارەیەکی باشت کۆکردەوە، دەتوانی بەلەمێکی گەورەتر بکڕی، تەنانەت ماسی زیاتریش بگری. هەر زوو وات لێدێ بتوانی بەلەمی زیاتر بکڕی، کۆمپانیای خۆت هەبێ، دەتوانی بەرهەمی خۆت لە قووتوو بنێی و تۆڕێکی دابەشکردنی بەرهەمەکانت دامەزرێنی. ئەوکاتە تۆ لەم گوندە دەڕۆی و دەتوانی بچییە شاری ساوپاولۆ، ئەو شارەی کە دەتوانی بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکەتی لێ دامەزرێنی و سەرپەرشتی لقەکانی دیکەت بکەی.
ماسیگرەکە گوتی ئەی دوای ئەوە؟
بازرگانەکە پێکەنی و گوتی دوای ئەوە دەتوانی وەک پاشا لە خانووی خۆت بژیەی، دواتر کە کاتەکە گونجاو بوو دەتوانی پشکەکانت لە بۆرسە بگۆڕیتەوە و دواتر دەوڵەمەند دەبی.
ماسیگرەکە گوتی ئەی دوای ئەوە؟
بازرگانەکە گوتی دوای ئەوە، خۆت خانەنشین دەکەی، دەتوانی بچییەوە خانوویەکی گوندەکەت، بەیانیان زوو لە خەو هەستی، بچییە ناو دەریا چەند ماسیەک بگری، دوای بگەڕێیەوە ماڵەوە و لەگەڵ منداڵەکانت یاری بکەی، دوای نیوەڕۆیان لەگەڵ خێزانت سەرەخەوێک بشکێنی، کە ئێوارەش داهات، لەگەڵ هاوڕێیانت تەواوی شەوەکە بخۆنەوە و گیتار لێدەن و گۆرانی بڵێن و سەما بکەن.
ماسیگرەکە بە سەرسوڕمانەوە سەیری بازرگانەکەی کرد و گوتی ئەی باشە، ئەوەی ئێستا من دەیکەم، هەر ئەو شتە نییە کە تۆ باسی دەکەی؟[1]