بۆ گیانی قارەمانانی کورد
هاتن شەهیدەکان بە جلی سووری خوێنەوە
دایکی وەتەن دەهەڵسە سڵاویان بسێنەوە
شێخ قادرە لە پێشەوە سەرقافڵەی ئەوان
چەند جوانە خوێن و ڕیشی سپی، پیر و نەوجەوان
سەیری ئەمانە کە: هەمووی کوردی سەفشکەن
گیانیان پێشکەش ئەکرد و ئەیانوت بژی وەتەن
قوربانی تۆن بەڕیزە کە غەم لە بەر نەبی
بۆ ئێمە مردنە ئەگەر ئازادەسەر نەبی
مەگری، مەناڵە، با بە خەفەت دڵشکست نەبن
نەختێ لەلات ئەمێننەوە بۆ بەهەشت ئەچن
من وام ئەوێ کە حەشر ئەکرێم خوێن بە بەرگەوە
بەم عەشقی میللیەوە بە کزە و سۆزی جەرگەوە
ئەو ئاگرەی لە دڵمەوە بەر بێتە کفنەکەم
تا دوژمنم نەکا بە زووخاڵ، شەرتە پف نەکەم [1]
#دیوانی پیرەمێردی نەمر#
#پیرەمێرد#