کچە کوردی پۆشتە و پەتی
من و ئەستێرەکان
پیرەمێرد لەسەر خواست و ئارەزووی ئەحمەدبەگ ئەم هەڵبەستە بەرزەی خوارەوەی بۆ شێخ عەبدولقادر و هاوڕێکانی وتووە:
ئەستێرە بەرزەکان ئەدرەوشێنەوە بە شەو
وەک من بە داخەوەن، نە سرەوتیان هەیە و نە خەو
چەند ساڵە ئاشنای شەوی بێداری یەکترین
وەک سەرسەرین، شەوێ سەرێ ناکەینە سەر سەرین
من خوار و ژوور لەدەس چووەکەی بێوڵەت خۆم ئەوان
وەک خێڵی خوار و ژوورکەری کورد! وێڵی ئاسمان
شەو شەونمی ئەوانە چەمەن ئاو ئەخواتەوە
ڕۆژ هەڵمی ئاوی چاوی منە سەریەخاتەوە
دوێ شەو بەری بەیان بوو ئەگریان بەسەر منا
منیان کەساس ئەبینی لە ناو دۆست و دوژمنا
دڵسۆزی وام نەدیبو، کە بۆم بگری وەک خەشیم
فرمێسکەکەی ئەوان بوو بە ئاونگی تێگەییم
بام ڕاسپارد بڵێ کە خەفەت بۆچ ئەخۆن ئەوان
وەک ئێمە نین نزیکتری لای بارەگای خوان
جوابیان نووسیبوو بە شەونم لە سەر گیا
تا ئاسمان پریشکی بەدی ئێوە هەڵپژا
ئاﮪ و نزای کوردەکانی شیمال گەییە ئاسمان
بەو دووکەڵی هەناسەیە ئاو دێ لە دیدەمان
پیرەمێرد لە کاتی خۆیدا بە دەستخەتی خۆی ئەم هامشەی خوارەوەی بۆ ئەو هەڵبەستەی پێشوو وتووە:
ئەم کچە کوردییەم، کە بەم جلە کوردییە پەتییە پۆشتە کردۆتەوە، نیتۆڵێکی بێگانەی تێدا نییە، بەڵام پێی لێ ئەنێم، کە تەنها لە جل بڕینەکەیدا دەستی منی تێدایە، کاڵاکەی واڵایەکی منی تیایە، هی یەکێکە لە پێگەیشتوو، تێگەیشتوو، بە شەوق، پڕ شەوقەکانی وەتەن، کەواکەی بەری سەروبەرە سەرکەوێ، بەر کەوێ، ئەو منی هێنایە سەر سەودای کوردی پەتی نووسین، بە شۆرێکی زۆرەوە ئەیویست نووسینمان چاک و ڕێکوپێک بێ، تێکەڵوپێکەڵ نەبێ، گوڵ بێ پەیکوڵ نەبێ، بە چرای خۆمان بەڕێدا بڕۆین و بەڕێوە بچین، لەم دیارەدا ئەمە لەمەوە دیاری داوە، دیارە ئەبێ بکرێ بە دیاری (ئەو) خوا یار بێ. [1]
#دیوانی پیرەمێردی نەمر#
#پیرەمێرد#