هەوای هاوینە، هەوای هاوینە
ئەمساڵ هاوینمان زۆر لێ بەقینە
گڕی ئاگری سەبوون بەتینە
بەرگی ئاسمان بۆ ئێمە شینە
فەسڵی گوڵ گەشتی باغی پێنجوینە
بەتینی گەرمی هەڵقرچا وڵات
ئەو سەبوونەمان لە کوێوە بۆ هات؟
ئەستێرەی تالع ڕووی کردە نەهات
بێ شنە و سروەی شەماڵ کشومات
دڵ بەم گەرمایە کز و غەمگینە
گردەکەی یارە جێی خۆرەتاوە
ڕێگای سەیرانی نەورۆز بڕاوە
کاریزی شەریف ئاوی نەماوە
ئەرخەوان لق و پۆپی شکاوە
گردەکەی سەیوان جێی زار و شینە
ساخوایە هەڵکەی کزەی شەماڵێ
هەوای ژەنگی غەم لە دڵ بماڵێ
ئای بۆ دەنگخۆشێ لەگەڵ شمشاڵێ
بە ئای ئایەوە تێر بۆم بناڵێ
دەردم کارییە و جەرگم برینە
گوڵ بووە بە خار، بلبل پڕ جەخار
باغەوان کەوتووە لە پەنا حەشار
شاباز تۆڕی کرد، گلا میرشکار
یەکسەر گرانی کەوتە ناو بازاڕ
کەوتوونە ڕەواج سڵق و پەڵپینە
1941 [1]
#دیوانی پیرەمێردی نەمر#
#پیرەمێرد#