ڕەنگی ژەنگێکی کە بۆتەی سروشت
قاڵبی منی کوردی پێ داڕشت
خۆ تاکوو دەمرم لێم نابێتەوە
کەواتە، واتەی چیم لێ بێتەوە
بەڵێ هەر کوردم، کوردێکی سەرچڵ
پەژارەی هەژار ئەبەمە ژێر گڵ
هەرزەگەردێکم بە سەر یاڵەوە
سەر ئەدەم لە بەرد بەدەم ناڵەوە
ئەبینم هەرچی بانگی ئەکەمێ
دەمی گیراوە ئاخ بۆ هاودەمێ
ئەم قەومە وەکوو مەڕی بێ زمان
دوای هەرکەسێ کەوت نەیبردە ناو ڕان
بە خوری و شیری دەست هەڵناگرێ
بۆ گۆشتی مەڕە سەری ئەبڕێ!
ئێستا دەستەیەک پەیدا بوون غەیبین
کە دەنگیان هەیە و ڕەنگیان نابینین
کەوتوونە خولیای باڵاپەروازی
بە ڕیشی بابە کەوتوونە بازی
بە باڵی خەیاڵ بە لاف و گەزاف
هەڵمان ئەفڕێنن بۆ سەر کێوی قاف
ئێمە لە خاکی عیراقدا ئەژین
چۆنمان بۆ ئەلوێ لەم خاکە دەرچین
عیراقێک کە خوا دایمەزراندبێ
تۆوی دوو قەومی تێدا چاندبێ
چۆن ڕێی تێدەچێ کە ڕێی بێگانە
بکەوێتە ناو ئەم جێ و مەکانە
1945 [1]
#دیوانی پیرەمێردی نەمر#
#پیرەمێرد#