#کەمال میراودەلی#
بەدواداچوونێک لە سەر وتارەکەی کاک دلێر عەبدولخالق.
دەوری کەر، گوێدرێژ، لە ژیانی گوندیی و کۆچەریی وکشتوکالیی و، فۆلکلۆری کوردیی و کەلتووری کوردیدا دەورێکی سەرەکی هاوسۆزانەو هاوماڵییە. لە خەباتی چەکداری شاخیدا، وەک ئەم نووسینە نایابەی کاک دڵێر بیری دێنێتەوە، ئەرکی گەورە کەر دەیبینی زۆر زیاتر لە هەندێ سەردەستەو چەکبەشان. لە ژێر بوردومان و تۆپباراندا، لە هێڕش و هەڵاتندا، لە نیوەڕۆ و شەوی تاریکدا، بە هاوین یان زستان، کەر و کورد هاوڕێ بوون.
گەر هەندێ کوڕی کەر بووبن بە جاش و بیگانەپەرست و نەیانەویستبێت پێیبگەن و بچنەوە سەر ئەسڵەکەیان، ئەوە تاوانی کەری هەژاری تێدا نەبووە.
کەر و کورد قەت لێک دانەبڕاون لە سەردەمی دەسەلاتی بەربەریدا نەبێت
بۆیە سەیر نییە کورد هەر لە زووەوە حیزبی کەرانی هەبووبێت. نووسەرو ڕووناکبیر و زمانزان و فۆلکلۆریستی گەورەی هەولێر مامۆستا #مەحمود زامدار#، یادی بەخێر، عاشقی کەرو فۆلکلۆری کەر بوو، [کەرنامەکە]ی بەرهەمێکی نایابی کەلتووری کوردییە. گەر کەر بیتوانیایە بیرەوەری خۆی بنووسیتەوە گەورەترین بەرهەمی ئەدەبیی کورد هی کەر دەبوو. گەر بیتوانیبایە حەیران بلێت بەسۆزترین و تراژیدیترین ستران هی گوێدرێژەکانمان دەبوو. گەر بیتوانیبایە جگە لە زەڕەی ناسکی، بەستە بلێ، خۆشترین گۆرانی بۆ بەهارو دڵداریی کەر دەیوت. گەر بیتوانیبایە وەک درۆزنەکان مێژوو دروست کات، مێژووی ڕاستەقینەی خەبات کەر دەیگێرایەوەو سەربازی ون کەر دەبوو.
کە پیاوانی شاخ هاتنەوە وتمان یەکەم شت داوای لێبوردن لە منالانی کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەن و ئەرکی یەکەمیان دروستکردنەوەی ئەو 4000 گوندە دەبێت کە بەهۆی هاوکاریی خیانەتکارانەی ئەوان لەگەڵ ئێران لە کاتی ناسکی شەری عێراق و ئێراندا، بەعس ئەنفالی کردن. ئەوسا وەفایەکیشیان بەرامبەر کەر دەنواندو کورد و کەر پێکەوە ژیانی کشتوکالیی و شارستانییان دەدستپێدەکردەوە. کەچی ئەو کەر- سپڵانە شارەکانیشیان تالان کرد. کە پارەش زۆر بوو، خەلکیان ڕاکێشا بۆ شارەکان کە زەوییەکان خۆیان داگیریان کردبوون تا نرخی زەوی و خانوو بە شێوەیەکی ناسروشتی و دەستکرد، بەرزببێێتەوەو ئەوان قازانج بکەن، ژێرخانی کشتوکاڵ وپێشەی دەستیی و پێشەسازیی خۆمالیان لە ناو برد. پارەو مەعاشی تەمبەلیی شار بوو بە هەمو شتێک و گوندەکان چۆل کران، کەس پێویستی بە کەر نەما. کە لە سالی 2005 گەرا مەوە هەر ڕێگاو بانێکی نێوان گوندو شارۆچکەکان پڕ بون لە کەر کە لە بەر بەربەریی و بێوەفایی ناویان نابوون [کەڕی خوێریی]. هەندی چینیی لە پرۆژەی جاددەدا ئێشیان دەکرد دەیان وت ئەوان جارجارە فرسەت دێنن و کەران بۆ زیافەتی خۆیان سەردەبڕن. قسەش هەبوو کە بە دزی گۆشتی کەر لە هەندێ چیشخانەدا وەک گۆشتی گا لێدەندرێ.
کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە، هەندێ ڕەزو بێستان و زەوی هەن کە جاددەیان ناگاتێ و پێویستیی بە کەر هەر دەمێنێت بەلام سیاسەتی ئەنفالکردنی دێهات کە دەسەلاتی بەربەری بەردەوام و جێگێریی کرد، بووە هۆی فرامۆشکردنی گوندو بەرهەمی خۆمالی و کشتوکال و کەلتووری کوردەواری و دەرفەت بۆ ژیان و خەباتی بەردەوامی دۆستی دیڕینی کورد : کەر.
بەلێ: دەوترێ کورد دۆستی نەبووە چیا نەبێت، نا کورد دۆستی نەبوو کەر نەبێت، بە بێ کەر نەیدەتوانی لە چیا بژیت و دەربەرێت. خۆ زیدە دەوری(ماکەر) یش لە گوندا ئەوە فۆلکلۆرێکی ترە گەر کەسانێک هەبن بە جورئەت و ئاسایی بیگێڕنەوە.
لە ڕۆمانیاش کەری هەژار لەگەڵ ئەسپ بە دەردی کەری کوردستان چوون. واتە ؛ بەرەلاو خوێڕی کران. بەلام لەوێ مافیای ڕووسیی و هی تر، بە خەساریان نادەن: چەند سالە کەرو ئەسپەکان خڕ دەکەنەوەو سەریان دەبڕن و دەیان کەن بە کەلاکە گۆشتی سوورو دەیانهێنن بۆ کارخانەیەکی گۆشت لە بەریتانیاو ئەوانیش هێندەی تر پاک و ساف و سووریان دەکەن و وەک گۆشتی گا جەندین ساڵە فرۆشتویانە لەم دواییەدا بە هۆی زانستی پێشکەوتووی[دی. ئێن. ئەی] ەوە ئەم فێڵە ئاشکرا بوو، بەلام هەر باسی گۆشتی ئەسپ دەکەن کە چۆتە زنجیرەی گۆشتی فرۆشراوەوە لە هەموو ئەوروپادا، بەلام بەرنامەیەکم بینی کە دەیسەلماند گۆشتی کەریشی لەگەلە؛ تەنانەت ئەو بەرنامەیە ناویکی تازەی بۆ گۆشتی تێکەلی کەر [دۆنکی] و ئەسپ [هۆرس] دروستکردبوو: [هۆنکی] واتە: هۆرس + دۆنکی.
ئەمە هەواڵیکی خۆش نییە بۆ سوورەگۆشتخۆرەکان: بەلام گەر ستەیکی ناسکت لە ڕێستۆرانتکی ئینگلیزی یان کەبابی حەلالت لە ڕێستۆرانتێکی پاکستانی لە لەندەن خواردبێت: ئەوە دنڵیابە بۆ یەک جاریش بێت گۆشتی کەری ڕۆما نیت تام کردووە.
هیوادارم ئەم هەواڵە بە تایبەتی لە کوردستان ببیتە هۆکاری تەرککردنی کڕین و خواردنی هەموو گۆشتێکی هاوردەکراو. لەوی [دی. ئێن. ئەی] بۆ تاوانی ئینسان نییە جا چ جا گۆشتی حەیوان. جگە لە ئێکسپایەر بوون، کێ دەلێ گۆشتی سەگ و کەرو بەرازیش نییە بۆ خاتری قازانج وەک هەموو خواردن و دەرمانە ئێکسپایەرەکان دەیهێنن و دەیفرۆشن.
ئێستا ئەوەش ئاشکرا بووە کە زۆر نەخۆشی لە خواردنی گۆشتی سوورەوە سەر هەڵدەدەن.
ئێ: خۆ ئەوەتان لە دەست دێت واز لە گۆشتخواردن بێنن و بە دەستی خۆتان گۆشتی کەر یان ژەهر نەخۆن و پارە بە فێڕۆ نەەدن.
هیوادارم حیزبی کەران لە کوردستان ئەوەندە بەهێز بێت بتوانێت دەسەلات ناچار بکات داوای لێبوردن لە کەرەکان بکات و قەەربوویان بکاتەوەو گویدرێژەکان بگەرێنیتەوە بۆ ژینگەی ڕاستەقینەی خۆیان لە گوندو دەشت و چیاکانی کوردستانی ئازیز.[1]