پۆڕە جوانەکەی دەوری زەردیان
ئای بۆ کناچەت دەمی بەربەیان
کاتێ سفیدەی سەحەر دەرکەوێ
پێشخانەی شەفەق لە کەژ سەرکەوێ
دەمی بێداری کە دەستی مریەم
قۆناغەی عیسا ئەشوا لەسەر چەم
ئاوی زیندەگی دێتە زەمزەمە
ئەبێ بەزەمزەم ئاوی ئەو چەمە
زەڵم و تانجەڕۆ دەست لە ملان بن
سەرپۆپەی گوڵان جێی بلبلان بن
دەنگی کناچەت بەرز و سەر ئازاد
دەنگ بداتەوە وەک دەنگی سەییاد
لە کەناری زەڵم، ئەو سەوزە گیایە
تۆوی کەنیشکی جافی تێدایە
تۆ بە کناچە و لەنجە و لارەوە
من بە چاوێکی فرمێسک بارەوە
بەرامبەر بە یەک هەردوو بناڵین
هەردووکمان وەک یەک بۆ یار عەوداڵین
شێوەی ئەو سنگە جەودانەی سەد تەرز
لە سینەی مندا شیوەن بکا بەرز
گوێم لە دەنگت بێ بە یادی جاران
کوا ماڵەگەورە و پۆلی نازداران
منیش بە فەردی مەولەوییەوە
بە هۆرەی گوڵبانگ پەهلەوییەوە
(بە شینی تیپی نازدارانی جاف
دووکەڵی ئاهم پڕ کا سەمای ساف
وەک چیهرەی خەیاڵ ڕوخسارەکەی خۆی
لە پەردەی دڵەی پڕ لە ئاخ و ئۆی
(پرشەی ڕووی دەرکەوت شای سۆسەن خاڵان
کەم کەم لە گۆشەی لای سیاماڵان)
(لە توێی تاریکی شەدەی بێگەردا
وەک ئاوی حەیات شەپۆلی ئەدا)
ئێستا لە شوێنی ئەو عیشوە و نازە
بایەقوش لەگەڵ تۆدا هاوڕازە
ئێلی جاف ڕێگەی کوێستانیان نییە
نازانم فەلەک مەیلی بە چییە؟!
ئومێدم وایە هەر بەم زووانە
ئێلات بچنەوە بۆ ئەو کوێستانە
وەلی دێوانە ویستی لە یەزدان
کە ڕێی شەم نەبێ بچێت بۆ کوێستان
ئەوسایە دوعای ئەو گیرا بووبوو
ئیستە بازاڕی وەلی بەسەرچوو
جێنشینی ئەو منم ئەمەوێ
ئێل بۆ هەوارگەی کوێستان سەرکەوێ [1]
#دیوانی پیرەمێردی نەمر#
#پیرەمێرد#