مەکتەبی سیاسی پارتی: یەکێتی ئاییندەی کوردستانی بە لاوە گرنگ نییە
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان..
کاک #جەعفەر مستەفا عەلی#، جێگری سەرۆکی هەرێم، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی حزبەکەی، بۆ خۆشیرین کردنەوە و خۆدەرهێنانی لەو پەراوێزخستنەی کە تووشی بووە، کۆمەڵێک قسە و ڕای کە تەبا نین لەگەڵ ڕەئی و بۆچوونەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی خۆی دەربڕیوە. بێ ئومێدی لە ئاکامی سیاسەتی ناڕوون و دوور لە پرەنسیپەکانی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتیمانی حزبەکەی کاک جەعفەر شێخ مستەفا، پشت گوێخستنی ڕێککەوتنەکان و قبووڵنەکردنی ئاکامی هەڵبژاردنەکانە، خەڵک بێ ئومێد بووە، چونکە یەکێتی باکی بە ئاییندەی ئەم هەرێمە نییە، چونکە کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی ناوخۆی حزبەکەیان پێ چارەسەر ناکرێت، دەپرسین ئەی چۆن دەتوانن کێشەکانی کوردستان چارەبکەن؟.
ئێمە لە کاک جەعفەر و هەڤاڵەکانی تێدەگەین کە دەیانەوێت سەرنجی ئەندام و کادیرانی حزبەکەیان لەسەر کێشە ناوخۆییەکان لابدەن، بە دروستکردنی ئاڵۆزی لە پڕۆسەی سیاسیی کوردستاندا.
خەڵک بێ ئومێد بووە، چونکە حزبەکەی کاک جەعفەر لە ترسی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکان کێشەی بۆ هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان دروست کردووە، بەم هۆیەوە هەڵبژاردن دواکەوت.
ئەگەر باسی خراپیی دۆخی هەرێم و ململانێ دەکەی و ترسی لێکترازانت هەیە، چونکە هێشتا حزبەکەت چەمکی منافەسە و دوژمنایەتی لێک جیانەکردۆتەوە، بەرژەوەندیی حزبەکەی خستۆتە سەرووی بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمان و دەستکەوتەکانی ئەم هەرێمە، کە بە خەبات و خوێن بەدەست هاتوون، بۆ زانیاری کاکە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتی زۆر لەوە گەورەتر و بەئیلتیزامیترن کە بچنە لای کەسی دیکە گلەیی بکەن، یان باسی پارتەکەیان بکەن، بەڵکوو ئیلتیزامی هەڤاڵان بە مەرجەعیەتی حزب و پارتایەتی ئەوەندە بەهێزە کە هێرش و قسە جنێو ئامێزەکانی ئێوە و مانانیش بەرانبەر بە حزبەکەتان و کەسایەتییەکانی باس ناکات.
وەزع و شەرحی حاڵی خۆتان بۆ خۆتان لە ڕاگەیاندنەکانیش نەشاردۆتەوە، ئێمە دەزانین ئەو هەڵوێستەی تۆ و حزبەکەت لەبەر چییە؟. ئایا خەڵکی کوردستان ئەمە قبووڵ دەکەن، بە ڕۆژی ڕووناک و لەبەرچاوی هەمووان هاووڵاتیی ئەم هەرێمە تیرۆر بکرێ و حکوومەت و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان و دادگا چاوپۆشی بکەن؟ ئایا جەماوەری خۆڕاگری #سلێمانی# ئەو خۆسەپاندن و بێ سەروبەریەی لە حکومڕانیی ئەو دەڤەرەدا هەیە، قبووڵ دەکەن؟
دەپرسین تۆ و هەندێک لە هەڤاڵەکانت بۆ ئەوەندە لە داواکردنی دادگا بۆ تەسلیمکردنی چەند کەسێک کە داواکراون بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتی تیرۆری هاووڵاتییەکی ئەم هەرێمە تەنگاو بوون و لە هەموو ئاستەکاندا دەستتان کردووە بە هێرش و تێکدانی بارودۆخەکە؟
ئێمە لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتی پشوودرێژ بووین لە وەڵام نەدانەوەی کۆمەڵێک چەواشەکاری و قسەی هەڵبەستراو، بەڵام پشوودرێژیش سنووری خۆی هەیە. [1]
مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#
#02-11-2022#