ناونیشانی پەڕتووک: چەند پەیامێک لە قورئانەوە
ناوی نووسەر: ئەدهەم شەرقاوی
ناوی وەرگێڕ: #ئازاد عباس گڵێجاڵی#
وەرگێڕان لە زمانی: عەرەبی
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
دەزگای پەخش: ناوەندی ڕێنوێن
ساڵی چاپ: 2022
ژمارەی چاپ: یەکەم
جیاوازی زۆرە لەنێوان ئەو کەسەی کە لەڕووی لاوازییەوە تاوان دەکات و خۆی بە شەرمەزار دەزانێ،
لەگەڵ ئەو کەسەی بەفیزەوە تاوان دەکات و خۆی بە سەربەرزیش دەزانێ.
ئەو کەسەی کە تاوانێک دەکات و ئامۆژگاریی دەکەیت و دەڵێ:
دۆعای خێرم بۆ بکە، نەفس و ئارەزوو بەسەرمدا زاڵ بوون، شەیتان وەسوەسەی بۆ دروست کردم.
ئەوە ئەو کەسە زۆر جیاوازە لەوەی کە تاوان دەکات و تۆیش ئامۆژگاریی دەکەیت و ئەویش دەڵێ:
جا ئەوە کەی کێشەیە؟ ئەوە ژیانە، ژیان! کاکە بڕۆ چێژی لێوەربگرە.
ئەوەی یەکەمیان زۆر بەئاسانی بۆ لای خوا دەگەڕێتەوە.
چونکە کێشەکە ئەوەتا لە پەلوپۆ و ئەندامەکانیدا.
بەڵام ئەوەی دووەم زۆر بەسەختی دەگەڕێتەوە، چونکە کێشەکە ئەوەتا لە دڵیدا.
سوفیانی کوڕی عویەینە دەفەرموێ:
هەرکەسێ لەڕووی نەفس و ئارەزووەوە تاوان بکات، ئومێدی خێرت پێی هەبێ.
بەڵام هەرکەس لەڕووی خۆبەزلزانییەوە تاوان بکات، ئومێدت پێی نەبێ،
چونکە بابە ئادەم لەڕووی نەفس و شەهەوەتەوە تاوانی کرد، خوای گەورە لێی خۆش بوو.
بەڵام ئیبلیس لەڕووی خۆبەزلزانییەوە، خوای گەورە بەر نەفرەتی خست.[1]