#عەبدوڵڵا کوێخا موبارەک#
بۆ مەکتەبی سیاسی و سەرکردەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
عەیبەیەکی گەورەیە لەو ئاستە باڵایەی بەرپرسیارێتیدا و بەو تەمەنە زۆرەتان لە ئەزموون و خەبات ئێستا لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی بوختان بکەن و بکەونە داوی ئەو فەوزا و مناڵ بازاڕیەوە کە لە سیاسەت و سۆشیال میدیا دەگوزەرێ.
لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا چەندین سەرکردەی یەکێتی وەکوو #شێخ جەعفەر#، جەمیل هەورامی، حەسیبە عەبدوڵڵا لە تەلەفیزۆنی حزبەکەیانەوە و لە ڕوونکردنەوەی فەڕمی مەکتەبی سیاسی یەکێتیشدا باسی ئێمە و ئەو ڕووداوەیان کرد کە لە #چەمچەماڵ# ڕوویدا و ئێمەی پێ تۆمەتبارکراین و سکاڵامان لێکرا، هەموویان زۆر بە موسەیتەری وا باسیانکرد کە ڕووداوەکە بە ڕۆژی ڕووناک و بە ئاشکرا بووە، وەکوو تاوانبار و تیرۆریست باسی ئێمەیان کردووە نەک تۆمەتبار، باسی ئەوەیان کرد کە ئێمە نەچوینەتە دادگا، #پارتی دیموکراتی کوردستان#یان بەوە تۆمەتبار کرد کە داڵدەی ئێمەی دابێت لە #هەولێر# و بەو هۆیەوە فەوجی بۆمان کردبێتەوە، من لە خوارەوە بەم چەند خاڵە بەرچاو ڕوونی ئەدەمە خەڵکی کوردستان و وەڵامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەو سەرکردانەی یەکێتی ئەدەمەوە:
1-ئەو ڕووداوە بە ڕۆژی ڕووناک نەبووە و کاتژمێر دەی شەو بووە لە گەڕەکێکی تا ڕادەیە چۆڵ و بێ کامێرا، بچووکترین بەڵگە و دەلیل نییە کە چۆن و کێ ئەو کارمەندەی ئاساییشی کوشتووە.
2-ئێمە لە دادگا یاخی نەبووین و هەموو ئەوانەی کە سکاڵامان لێکراوە بە زووی چوینەتە دادگا و بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگە و دەلیلێک لەسەرمان لە #14-06-2022# ئازاد کراوین.
3-ئێمە لە چەمچەماڵ نەڕۆیشتوین تا پارتی داڵدەمانی دابێت لە هەولێر.
4-باسی ئەوە دەکەن لە دوای ئەو ڕووداوە پارتی فەوجی دابێت بە من، یەکەم من تا ئێستا هیچ پلە و پۆستێکی سیاسی و سەربازی و حکومیم وەرنەگرتووە و بە نیازی پلە و پۆستیش نیم، دووەم ئەو فەوجە نۆ مانگ پێش ئەو ڕووداوە دروستکرا نەک دوای ڕووداوەکە، ئەو فەوجە بۆ من نەبوو، بەڵکوو بۆ دامەزراندنەوەی ئەو گەنجانە بوو کە ئێوە لە ئەنجامی ململانێی سیاسی نێوان خۆتان و #بزووتنەوەی گۆڕان#دا سزایانتان دا و نانبڕاویانتان کرد، توانیمان 600 گەنجی سنوری چەمچەماڵ لەسەر میلاک و لەسەر دەستی پارتی دابمەزرێنین.
5-ئەو کارمەندەی ئاساییش هەرچۆنێک کوژرابێت کەس و کاری وەکوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی سکاڵایان تۆمار کردووە، نەک وەکوو کێشەی سیاسی و ئەمنی و تیرۆر تا ئێوە بێن تێکەڵ بە ململانێی سیاسی و کارە تیرۆریستیەکانی گروپەکانی ناو حزبەکەی خۆتانی بکەن، بەم ڕەفتارەتان ئەم ڕووداوەش ئەبێتە گومانێکی تر لەسەر ئێوە و گروپە تیرۆریستەکانی ناو حزبەکەتان. [1]