بەفری ڕووسپی بە دەمەوبەهار
سەری دایەوە سەری پێ بوو هار
ئاوەدانی و چۆڵ هەر وەک پەموانە
لە لۆکەی بەفرا تێکڕا پەنهانە
دڵسارد و ڕووڕەش بێ بەزەییە
ڕووسپیەتیەکەی ناوی تورکییە
وەک گەنمەشامی بریشکەی سەرساج
سپی هەڵگەڕا هەژار بێ عەلاج
کلکەخاکەناز لە سەرما سووتا
گوێسوانەکانمان بە زوقم ڕووخا
گۆپکەی درەختی نازداری ترسان
پەلکی وەنەوشەی سیس کرد چرووسان
ئەو چاوە جوانەی نێرگسی کوێر کرد
بەستەڵەک دەستی (خانمەڵی) ی لێ برد
پیرێژن ئەڵێ: بەفری ئارد بووە
قەدریان نەگرتووە و لەکیسیان چووە
چی دەبوو بەفر شەکر بوایە
سەرمایە ئەبوو بۆ ئەم سەرمایە
هاتوە خۆی پیشان هەڵەکۆک ئەدا
جاڕی ڕیسوایی کۆکەکۆک ئەدا
1943-03-18 [1]
#دیوانی پیرەمێردی نەمر#
#پیرەمێرد#