ڕۆژی تازەی ساڵی تازەی ئێمە هات
ڕۆژهەڵات ڕۆژی هەڵات، سەرما هەڵات
بای بەهار هات خاکی زیندوو کردەوە
بۆیە نێرگس چاوی مەستی کردەوە
نەوجوانی هات و پیری بردەوە
تیشکی ڕۆژ دەرکەوت تەمی لابردەوە
هەردە سەوز و مۆرە وێنەی بەرگی بووک
شایی دەنوێنێ چراخانی گڵووک
شەونمی ناو لالە بادەی بلبلە
بەو مەیە سەرخۆشە وا شەیدای گوڵە
چونکە خۆش ئاواتە هەم ئاواتەخواز
زۆر بەسۆزە ناڵەکەی وەک سۆز و ساز
هاتە جونبوش ئاو و سەوزە، با و درەخت
دەوری کانی بوو بە گوڵزاری بەهەشت
ئەو بەهەشتە خۆشە جێی بەزمی جەمە
دەم بە دەم جێی یەکدگیری هەمدەمە
بورجی بەرخە ڕۆژ سەرئەفرازی ئەکا
بەرخی ئێمەش بۆیە وا بازی ئەکا
1932 [1]
#دیوانی پیرەمێردی نەمر#
#پیرەمێرد#