ناونیشانی بابەت: کار بۆ کردنەوەی ژمارەیەک مۆزەخانە دەکرێت
ناوی نووسەر: هەڵمەت بتوێنی
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلوپەلی فۆلکلۆری چوار مۆزەخانە هەن و کاریش بۆ کردنەوەی ژمارەیەک مۆزەخانەی دیکە دەکرێت.
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی چوار مۆزەخانەی حکوومییە، لە هەریەکە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و گەرمیان، کە ژمارەیەکی زۆر لە پارچەی شوێنەواری و کەلوپەلی فۆلکلۆری و شتی تایبەتی کولتووری کوردەوارییان تێدا پارێزراوە.''
گوتیشی: بەهۆی فراوانبوونی کاری کنە و پشکنین و دۆزینەوەی شوێنەوار و گرنگیی پاراستنیان، لە زۆر لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پێویستمان بە کردنەوەی مۆەخانەی دیکە هەیە، بەتایبەت لە ئیدارە سەبەرخۆکان، بۆ ئەو مەبەستە، لە هەریەکە لە هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین زەوی تەرخان کراوە و چاوەڕێی دابینکردنی بودجەین، بۆ دروستکردنیان، هاوکات داواشمان کردووە لە زاخۆ و ئامێدی و ئاکرێ و سۆرانیش مۆزەخانە دروست بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵەکانمان خستووەتە گەڕ.
بەڕێوەبەری شوێنەوار ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار داوە و چاوەڕێین لە وەزارەتی داراییەوە ڕێنوێنی و بڕیاری کۆتایی لەسەرخەرجکردنەکەی بدرێت، کە بەدڵنیاییەوە کاریگەریی باشی لەسەر بەڕێوەچوون و خزمەتکردنی باشتری کەرتی شوێنەواردا دەبێت.
[1]