ناوی نووسەر: #هەرێم عوسمان#
ساڵی چاپ: 2021
ژمارەی چاپ: چاپی یەکەم
$بەشێک لە پێشەکی کتێبەکە:$
خوێندنەوەی نامە ئەکادیمییەکان هەوڵێکە بۆ دروستکردنی پرد لەنێوان زانکۆ و دەرەوەدا. بۆ ئەوەی خوێنەرانی دەرەوەی زانکۆ ئاگاداربن ئەم تێز و نامەی ماستەرانە نووسراون، بە گونجام زانی نامەکان وەک خستنەڕوو نەک ڕاڤەکردن بەسەر بکەمەوە. لە هەندێک لایەنەوە خستنەڕوو بێزارکەر و خۆگرەوەیە، بەڵام لەبەر گرنگی ئاگایی دەرەوە لە نامەکان وەک خۆیان، خۆپارێزیم لە بۆچوون و شیکردنەوە و تێڕوانینی ڕەخنەیی کردووە. گەلێک نامە هەبوون خوێندوومنەتەوە و لێیان تێنەگەیشتووم، چونکە وەک درومانێکی شارەزاش نەیانتوانیوە پارچەکان بە یەکەوە بدورن؛ وەرگرێکی چالاک نەبوون. لێرەدا بە گرنگی دەزانم بە گشتی ئاماژە بە کۆمەڵێک ڕەخنە و کێشە لە بەشێک لەو نامانە بکەم، دیارە خستنەڕووی ئەم کێشانە مەرج نییە لەنێو ئەم نامانە هەبن کە لێرەدا خستوومنەتەڕوو، بەڵکو بە گشتی لەنێو نامەکان بینیومن.
1 دووبارەیی بابەتی نامەکان: توێژینەوەیەکم لەبارەی دزینی ئەدەبی کردووە و بەهیوام لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوی بکەمەوە، لەوێدا بە وردی سەرنجم خستۆتە سەر چەندبارەیی نامە ئەکادیمییەکان. چەندین نامەی ئەکادیمیمان هەیە کە لە دەوری یەک بابەت دەسوڕێنەوە و تەنیا ناوگۆڕییان کردووە، بۆ نمونە نوێکردنەوە لە شیعری کوردی- بە نمونەی گۆران. لە نامەکانی دیکە گۆران دەکرێت بە شێخ نوری، یان پیرەمێرد، ڕەشید نەجیب...یاخود نوێکردنەوە کراوە بە نوێگەری و تازەگەری، یاخود وێنەی شیعری لای شێرکۆ، شێرکۆ کراوە بە شاعیرێکی دیکە.
2 زمانی نامەکان: زمانی نامەکان کێشەی زۆرە، جگە لە جیاواز بەکارهێنانی چەمک و زاراوەکان، بۆ نمونە بە دەگمەن دوو مامۆستای بواری زمان یەک چەمک و زاراوە بۆ هەمان مەبەست بەکاردێنن، ئەمەش پشێویی و ئاڵۆزی تێگەیشتنی دروستکردووە. هاوکات زمانی تەکنیکی و داڕشتنی هەندێک لە نامەکانیش لێڵی و ئاڵۆزی پێوە دیارە، نەک ناهارمۆنی و سروشتی، بە واتایەکی دیکە نامەکان دەڵێی لە چەند زمانی جیاوازەوە وەرگیراون، بۆ نمونە توێژەر بە خراپی سوودی لەسەرچاوە بێگانەکان بینیوە، لەبەرئەوە زمانی نامەکەی تێهەڵکێشی چەندین ڕێزمانی جیاوازە، نەک ئاوێزانی مەعریفەی سەرچاوە جیاوازەکان.
3 کێشەی میتۆد: ئەمە پرسێکی فرەلایەن و ئاڵۆزە، لێرەدا تەنیا ئاماژەیەکی خێرا بە چەند لایەنێکی دەکەم. نامەمان هەیە بناغەکەی لەسەر ڕێبازێک وەستاوە، بەڵام توێژەر بێئاگا لەوەی ئەم ڕێبازە دژە لەگەڵ فڵان ڕێبازی دیکە، هاتووە بۆ پاڵپشتی بۆچوونی نووسەرانی ناو ڕێبازەکەی دیکەی هێناوە، بۆ نمونە هایدیگەر بە ڕەخنەگری هیومانیزم دادەنرێت، بەڵام توێژەر بۆ پاڵپشتی هیومانیزم بۆچوونی هایدیگەری بەکارهێناوە، یاخود توێژەر هەیە لەسەر میتۆدی مارکسیزم نامەکەی نووسیوە، دێڕی فەیلەسوفێکی بە دڵ بووە و بێئاگا لەوەی ئەم فەیلەسوفە ڕەخنەگری مارکسیزیمە وەک مارکسیزمێک یان پاڵپشتێک بۆچوونەکەی نووسیوە. هاوکات چەندین توێژەرمان هەن تیۆری و میتۆدیان تێکەڵ کردووە، دیاردە و ئایدۆلۆجیایان وەک ڕێباز داناوە. سەرەڕای ئەوەی چەندین نامە هەن کە پرسیار و کێشەی نامەکەیان دیار نییە یان لە بنەڕەتدا پرسیار و کێشەنین، بەڵکو بەناو بە پرس و کێشەکراون! هاوکات بە زۆر سازکردنی پەیوەندی نێوان تیۆر و پراکتیک یەکێکی دیکەیە لە کێشە میتۆدییەکان، کە چەندین نامەمان هەیە، کەرەستە و دیاردە پراکتیکییەکەی بە زۆر ڕاکێشاوە تا بەرگی تیۆرەکەی بە بەردا بکات، یاخود بە پێچەوانەوە تیۆرەکەی ڕاکێشاوە تا ئاستی دڕاندن بۆ ئەوەی لەگەڵ کەرەستەی توێژینەوەکەی بیگونجێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا نەگەڕانەوە بۆ سەرچاوە یەکەمەکان و وەرگرتن لە دەستی دوو سێ، یاخود بە هی خۆکردن، بۆ نمونە توێژەر سەرچاوەیەک لە تۆ وەردەگرێت، تۆش لە فڵانت وەرگرتووە، هەرچەند ئەوەی تۆ دادەنێت، بەڵام ناوی سەرچاوە یەکەمەکە دەنوسێت، ئەمانە بوون بە کێشەی ڕۆتینی لە نامە ئەکادیمییەکان.
4 خەسارکردنی ناونیشان: وێڕای دووبارەیی ناونیشانەکان، کێشەگەلی دیکەمان هەن لە ڕێگەی ناونیشانەوە قسەیان لەسەر دەکەین. توێژەران بۆ ئەوەی بڵێن لەسەر میتۆد و بابەتێکی نوێ دەنووسین، دێن ناونیشانێک دادەنێن، بەڵام لە ئاست ئەم میتۆد و ناونیشانە نین، بە واتایەکی دیکە کارکردن لەسەر میتۆدە نوێیەکان بووەتە مۆدێل، بەڵام توێژەر هیچ باکگراوند و تواناییەکی بۆ ئەم کارە نییە، لەبەرئەوەی گەڕانێکی گوگڵی کردووە یان بۆیان کردووە ئەوا ناونیشانێکی بۆ دانراوە و دۆزراوەتەوە، دێت ئەو ناونیشانە بە کەمێک دەستکارییەوە دەکات بە ناونیشانی نامەکەی. هاوکات ئێستا کێشەی دانانی ناونیشان هێندە گرانە کە ئێرە شوێنی باسکردنی نییە، چونکە ناونیشانەکان زانکۆ دایدەنێت، بێ ئەوەی بۆ توانا و لێهاتوویی و ئارەزووی خوێندکار بگەڕێتەوە. ناونیشانی نامەکان زۆرکات جوان و سەرنجڕاکێشن، بەڵام ناوەوەیان پڕە لە کەلێن و کێشە، ئەمەش کوشتن و خەسارکردنی ناونیشانی لێکەوتۆتەوە، تا ئاستی ئەوەی خوێندکاری بێ توانا ئەمڕۆ قەیرانی ناونیشان دۆزینەوەی هەیە. لە ناونیشان دانانیشدا زۆرکات فێڵ و چاوبەستی بەناو زانستی دەکرێت، وەک ئەوەی مەرجی زانکۆکان بۆ نامەکان، ناونیشانی نوێیە، ئەم نوێیی و تازەییە گرفتی گەورەی جۆرێتی و کوالێتییان دروست کردووە. هاوکات کێشەیەکی دیکەی ناونیشانەکان پەیوەستە بە لەبەرچاونەگرتنی ئاستی نامەکە، واتە ناونیشانەکان بەپێی ئاستی نووسینەکە نین، بۆ نمونە ناونیشان هەیە بۆ ماستەر دەبێت، بەڵام بۆ دکتۆرا دانراوە، ناونیشانیش هەیە بۆ تێزی دکتۆرا دەبێت، بەڵام بە ماستەر کاری لەسەر کراوە.
5 ناهەمانهەنگی و کڵێشەییبوون: بەشەکانی نامەکان بەشێوەیەکی کڵێشەیی و نەریتی دامەزراون، زۆرکات لادان لێیان کێشەسازە، پابەندیش کوشتنی توانای داهێنەرانەی نامەکەی لێدەکەوێتەوە، لەبەرئەوە زۆرکات هەماهەنگییەکی نەریتی بۆ هەموو نامەکان دروستکراوە و لەسەری دەڕۆن، ئەمەش وای کردووە شتی نوێ لەو نامانە نەنووسرێن، لەبەرئەوە سەیر نییە کە چەندین نامەمان بۆ نمونە لەسەر شێوازی شیعر هەیە، بەڵام هەموویان بەشێوەیەک بەشەکانی یەکەم و دووەم، چوارچێوە تیۆرییەکەیان یەک بێت.
6 بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە: توانایی کەسەکان وەک توێژەر و لێکۆڵەر لە ئاستی نووسینی نامەکان لاوازە. چەندین نامەمان هەیە، خوێنەر ڕاستەوخۆ هەست بە لاوازیی و بێ توانایی توێژەرەکەی دەکات، بە جۆرێک وەک ئەوەی یەکەمجارە ئەم توێژەرە دەنووسێت. نەخوێندنەوەی بەردەوام و فێرنەبوونی بیرکردنەوە هۆکارێکی سەرەکی لاوازیی نامەکانمانە. توێژەران وەک وەرگرێکی ناچالاک تەنیا کاتی نووسینی نامەکان دەخوێننەوە، لەبەرئەوە بیرکردنەوەی داهێنەرانە و ڕەخنەگرانە لەنێو نامەکان بەرتەسکە.
$پێڕستی کتێبی نامە ئەکادیمییەکان:$
یەکەم، شیعر:
بنیاتی هەڵبەست لە هۆنراوەی کوردی دا
شێواز لە شیعری کلاسیکیی کوردیدا
پەیدابوونی ڕەخنەی ئەدەبی لە شیعری کلاسیکی کوردی تا جەنگی گێتی یەکەم
سروشت لە شیعری گۆران دا
هەڵوێست لە شیعری کوردیدا 1800-1970
کەرکووک و بزاڤی شیعری کوردی
ڕەمز لە شیعری هاوچەرخی کوردیی
کاریگەری ڕوانگە لە نوێگەری شیعری کوردیدا
فیمینیزم لە شیعری کوردیدا
بوون لە شیعری مەحویدا
بەها ئێستاتیکییەکانی شیعر
لادان لە شیعری نوێخوازی کوردیدا (1980-1991)
بنیاتی وێنەی هونەری لە شیعری شێرکۆ بێکەس دا
پێگەی ڕێبازی ڕۆمانتیکیی لە شیعری کوردیدا
دووەم، گێڕانەوە و ڕۆمان
ڕۆمانی کوردی لە عێراقدا
کەسێتی ئافرەت لە ڕۆمانی کوردیدا
ڕەنگدانەوەی ڕووداوی مێژوویی لە ڕۆمانی کوردیدا
بنیاتی گێڕانەوە لە داستانی(مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی و ڕۆمانی (شاری مۆسیقارە سپییەکان)ی بەختیار عەلیدا
بنیاتی ڕووداو لە ڕۆمانی کوردی باشووری کوردستاندا
گفتوگۆ لە ڕۆمانی کوردیی کرمانجیی خواروودا
جیهانبینی لە ڕۆمانی کوردیدا
ڕەنگدانەوەی بوونگەرایی لە ڕۆمانی کوردیدا
سێیەم، زمان
ئیدیۆم و چەشن و پێکهاتنی لە زمانی کوردیدا
واتا و وەرگێڕان
فۆرمی لۆژیکی لە زمانی کوردیدا
وشەی زمانی کوردی و ڕێگاکانی دەوڵەمەندکردنی [1]