ناونیشانی بابەت: مرۆڤ و ئامۆزاکانی
ناوی نووسەر: هەڵۆ ئەحمەد
نزیکەی 160 ساڵ لەمەوبەر کە ئێستا (2022)ە، چارلس داروین پەڕتووکە بەناوبانگەکەی ڕەچەڵەکی جۆرەکان(The origin of spices)ی بڵاوکردەوە. زۆرن ئەوانەی پێان وایە بیرە شۆڕشگێریە زانستیەکانی ناو ئەم پەڕتووکەی داروین خاڵی وەرچەرخانی بیری ئێمەی مرۆڤە دەربارەی ژیان و بوون.تایبەتمەندی ئەم پەڕتووکەی داروین ئەوەیە زۆر بوێرانە پێچەوانەی ئەقڵی گشتی کە (ئایین، دین) بەو زەبەلاحییە لە پشتیەوە وەستاوە وێرای قسە بکات، هەرواها ئەم پەڕتووکە بە زمانی گشتی خەڵک نووسراوە نەک بۆ توێژێکی زانستی بچوکی(Elite) تایبەت.
$پوختەی بیری زانستی داروین$
یەکەم: ژیان زۆر لەوە کۆنترە کە ئێمە خەیالمان بۆی ئەچوو، میلۆنان ساڵە لەسەر ئەم ئەستێرەی زەویە ژیان هەیە.
دووەم: ژیان لە بوونەوەری یەک خانەی دەستی پێ کردووە، بە درێژای کات گەشەی کردووە تا گەشتۆتە میلیۆنان جۆری ئالۆز.
سێهەم: ڕەوتی پێشکەوتینی ئەم جۆرانە بەهۆی پرۆسێسێکی سرووشتی بووە کە پێی ئەوترێت هەڵبژاردنی سرووشتی(natural selection).مەبەست لە هەڵبژاردنی سرووشتی ئەوەیە:(بونەوەرە زیندوەکان بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە ئەبێت خۆیان لەگەڵ ژینگەی سرووشتی بگونجێنن سرووشت خۆی بۆ زیندەوەران ناگونجێنێت، ، ئەوەی ناتوانێت بگونجێت یان ئەبێت خۆی بگۆڕێت یان لە ناو ئەچێت)
ئێمەی مرۆڤ کە باڵاترین قۆناخی پلەکانی پەرەسەندنین لەگەڵ هەموو زیندەوەران خزمین، بەڵام مەیمونە باڵاکان نزیکترین خزمەکانمانن، یان باشترە بڵێین ئامۆزامانن.مەیمونەکان دوای مرۆڤ دێن لە پلەی پێگەشتنی (ئەقڵ). مەیمونەکان جۆریان زۆر بووە، بەڵام ئێستا تەنها شەش جۆریان ماوە، ئەگەر بە گوێرەی نزیکیان لە مرۆڤەوە ڕیز بکرێن ئەوا بەم جۆرە ڕێک ئەخرێن(گیبۆن، سیامانگ، ئۆرانج ئوتان، گۆرێلا، چێمپانزی، بۆنۆبۆ)، تۆماری بەبەرد بووی زۆر جۆری جیاوازی مەیموون دۆزراونەتەوە، ئەوانە ئێستا نەماون و لەناوچوون.
لەو ڕۆژەوەی (24-11-1859)داروین پەڕتووکی ڕەچەڵەکی جۆرەکانی بڵاو کردووە هەراو گفتوگۆو ڕازی و نازڕازی (دینی، فەلسەفی، زانستی)خستۆتەوە تا ئێستاش بەردەوامە.ئەوەی ڕاستی بێت داروین لەم کتبێبە بە گشتی باسی ڕەچەڵەکی جۆری زیندەوەران ئەکات، کەمترخۆی لەقەرەی مرۆڤ ئەدات، بەڵام ساڵی 1871 کتبێکی بە ناوی ڕەچەڵەکی مرۆڤ (The descent of man) بڵاو کردەوە لێرەدا داروین دیسانەوە بوێرانە قسەی کرد و وتی ئێمەو مەیمونە باڵاکان ئامۆزای یەکین، هەمان باوانمان هەیە.بوێری گەورە ی داورین ئەوەیە ڕەچەڵەکی مرۆڤ و ئاژەڵان هاوبەش ئەکات، ئەو پلە پیرۆزەی ئایین(دین) و فەلسەفەی ئایدیالیزم دابویە پاڵ مرۆڤ بەتاڵ ئەکاتەوە.جەوهەری ئەم پەڕتووکە ئەوەیە گومانی جدی لەوە بکرێت لەخۆڕا بەبێ بوونی پێشەکیەکی(مادی-ئۆرگانی) گیان و ژیان بکرێت بەبەری بونەوەرێکدا.
لە دووای داروینەوە هەرچی دەستکەوتی زانستی بوارەکانی بایۆلۆجی، ئانسرۆپۆلۆجیanthropology) تەنانەت زانستی نوێی جینزانی(genome)هەیە بەلای ڕاستی بۆچونەکانی داروینا ئەشکێنەوە. تیۆری زانستی پەرەسەندن کە داروین داڕێژەری بناخەکەیەتی ناڵیت ئێمە لە مەیموون بوین وەک ئەوەی ناحەزانی پڕوپاگەندەی بۆ ئەکەن، بەڵکوو ئەڵێت ئێمەو خێزانی مەیمونە باڵاکانی وەک(بۆنۆبۆbonobo.چیمپانزی chimpanzee)وەچەی هەمان بونەوەرین بەڵام هەریەکەمان بەجیا هێڵی پەرەسەندی جیاوازمان گرتوە، وردترین لقی زانستی بایۆلۆگی ئەمڕۆ زانستی (جینزانی)ئەوەی سەلماندوە کە نەخشەی جینەکانی ئێمەی مرۆڤ و چیمپانزی 98% لەسەدا نەودوهەشت لەیەک ئەچن، ، چیمپانزی و بۆنۆبۆ لەسەدا نەوەدو شەش 96% لە یەک ئەچن.ژمارەی کرۆمۆسۆمەکانی ئێمەی مرۆڤ46 دانەیە، ، لای چیمپانزی48، گۆریلا، بۆنۆبۆیش 48 کۆرۆمۆسۆمە. بوودوایی زانرا لای مرۆڤ دوو کرۆمۆسۆم لەیەکتردا ئەتوێنەوە ئەبنە یەک کرۆمۆسم وە کرۆمۆسۆمی ژمارە دووی مرۆڤی لی ئەکەوێتەوە، یان ئەکرێت کۆرۆمۆسۆمی ژمارە دووی مرۆڤ لای ئەوان بووە بە دوو.ئەوەی سەرنج ڕاکێشە نەخشەی جینپومی مرۆڤ و مویمونەکان لە یەکتر نزیکن تا مەیمونەکان لە نێوان خۆیاندا!
نزیکی ئێمە لەگەڵ مەیمونەکان زۆر ڕوی هەیە تەنها بە لێک چونی جینەکانمان یان لێک نزیکی شێوازی دەرەوەمان کۆتای نایەت.ئێمەو ئەوان هەندێک نەخۆشی هاوبەشمان هەیە کە ئەتوانیین بۆ یەکتری بگوێزینەوە لەوانە(نەخۆشی سیل، ئایدز چەندەها نەخۆشی پێست و ئاوڵە، هتد). ئەگەر لە ڕوی کۆمەڵایەتیشەوە سەیر بکەین ئەوا ئێمەو ئامامۆزاکانمان لێکچونی زۆرمان هەیە، بەڵام وەک چۆن لە دیوی بایۆلۆجیەوە مەیمونەکان لە ئێمە نزیکترن تا لەیەکتر ئەوا دیوی کۆمەڵایەتیش بەهەمان شێوەیە. زانایانی ئەنسرۆپۆلۆجی لایان وایە ئێمەو مەیمونەباڵاکان تا پێش شەش میلۆن ساڵ لەمەوبەر هەمان باوانمان هەبووە کەشێوەی دەرەوەی لە بۆنۆبۆ (Bonoboچووە، دوای ئەوە هێڵی پەرەسەندنی ئێمە جیائەبێتەوە، مرۆڤ چەندەها قۆناغی پەرەسەندن ئەبڕێت تا ئەگاتە ئەمڕۆ.
چیمپانزی و بۆنۆبۆ دوومیلیۆن ساڵ لەمەوبەر لە باوانێکی هاوبەش ئەکەونەوە(جیائەبنەوە)هەر یەکەیان لایەکی ڕوباری کۆنگۆkongo) ئەگرن، تا ئەمڕۆش بەو جۆرە کەوتونەتە دوو ناوچەی ژیانی چیاوازەوە.دابڕانی دوومیلۆن ساڵ، جیاوازی جیۆگرافیاو جۆری خۆراک چیمپانزیو بۆنۆنۆی وا لێکرد لە ڕوی شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتیان لە یەک نەچن بەڵام هەردوولا لە ئێمە نزیکبن.ئێمەی مرۆڤ واخۆمان ئەبینی بونەوەرێکی دەگمەن و تایبەتین، ئێمە مەخلوقێکی پیرۆزین هەرچی هەیە بۆخزمەتی خۆشی ئێمە دروست کراوە، بە لوت بەرزیەکی بێبناخەوە سەیری دەوروبەرو زیندەوەرانمان ئەکرد، وامان ئەزانی لەگەڵ هیچ بونەوەرێک لێکچوون و هاوبەشیمان نیە.ڕۆژ لە دووای ڕۆژ زانست لەوخەیاڵبڵاویە ئاگادارمان ئەکاتەوە، پێمان ئەڵێت تۆ ئەی مرۆڤ جگە لە ئەڵقەیەکی ناو زنجیرێکی هەزارەها هەزار ئەڵقەی پەرش وبڵاو هیچیتر نیت خاڵە لاوازەکانت زۆرن، بێتوانایت لەوان کەمتر نییە بگرە زیاتریشە.
ڕیکخستینی کۆمەڵایەیتی، پەیوەندی نێرو مێ، پەیوەندی نێرەکان لەگەڵ یەک پەیوەندی گەلەمەیمونێک (group)لەگەڵ گەلەیەکیتر پلەوپایەی کۆمەڵایتی نێوان تاکەکانی یەک گەلەمەیمون، چۆنەیەتی جێبەجێکردنی جوتبوون(Sex)لای چیمپانزیو بۆنۆبۆ جیاوازن، هیچ سەیر نابێت ئەگەر بڵێین ئێمە لەو مەسەلانەی سەرەوە لە هەردوکیانین. چەند سەرنجێکی سەرپێی لە دنیای چیمپانزیو بۆنۆبۆ. خێزانی چیمپانزی زۆر گەورە نین لە 10کەسەوە تا نزیکەی 120 کەس پێکەوە ئەژین، تەمەنیان 50 تا 60 ساڵ درێژە ئەکێشێت، کێشی مەمیمونێکی هەراش(پێگەشتوو)، لە 35 تا 55 کیلۆگرام ئەبێت.مناڵەکانیان لە تەمەنی 12تا 16 ساڵی لە ڕووی سێکسیەوە پێ ئەگەن.
مەملەکەتی چیمپانزی نێرسالاریە، لێرە نیرە زاڵەکان حاکمن، لەم مەملەکەتە بۆ ئەوەی چیت بوێت بیکەیت ئەبێت شەڕ بکەیت لە شەڕەکەش براوە بیت، نێرەکان لێرە زۆردارن چ لە نێوان خۆیان چ بۆ میینەکان و منالەکانیش، نێرەکان بۆ جووت بون زەبروزەنگ بەکار ئەهێنن زۆرداریکردن زۆر بەربڵاوە.لەگەڵ گەلەمەیمونەکانی دراوسێیان شەڕی خوێناوی بەردەوامە، نیرەکانی ئەم گروپە بەپلانی دیاری کراو پەلاماری نێری گروپەکانی کە ئەدەن، بەردو دارو ئەندامەکانی لەشیان بۆ شەڕی یەکتر بەکار ئەهێنن. لەم چەند سالانەی دوای ئەوە دەرکەوتوە گروپە جیاوازەکان هەندێک کلتوری ژیانی جیاوازیان لەگەڵ یەکتر هەیە، ئێستا لەسەر ئەوە لێکۆڵینەوە ئەکرێت هۆکاری ئەم جیاوازیە ئایا جیاوازی جینەکانە(GENE)یان هۆکاری جیاوازی ژینگەیە.لێرە سێکس کردن بۆ وەچە(منال)خستنەوەیە، هەرنێریک چەند مێیەک داگیر ئەکات، نزیکبونەوە لەو ژنانە شەڕی مان و نەمان ئەقەومێت.
ئەوەی شێوازی ژیانی چیمپانزی لە مۆرڤ نزیک ئەکاتەوە(نیرساراریو شەڕەنگێزیە).یان بڵێین ئێرە مەملەکەتی حاکم بوونی ڕەگەزی شەڕەنگێزی نێرینەیە. مەملەکەتی بۆنۆبۆ تەواو جیاوازە لێرە گروپەکان لە 25 تا 100 ئەندام پێک دین، لێرە پیاوەکان حاکم نین ژنەکان دەسەڵاتدارن، ژیان لەم مەملەکەتە زۆر ئارامە شەڕو خوێن ڕشتن باونیە، زۆربەی کات بە گەڕان بە دووای خۆراک و سێکس کردنا بەسەر ئەبەن، ژنەکان لەگەڵ هەموو نێرەکات جوت ئەبن بەبێ گیروگرفت، تەنها کوڕەکانی خۆیان نەبێت.لێرە لەسەر سێکس شەڕناقومێت، جووت بون لێرە زۆری بۆ لەزەتە نەک تەنها بۆ مناڵ خستنەوە! ئەگەر لە خۆمان ڕابمێنین ئایا ئێمەی مرۆڤ لەکام ئەم دوو جۆرە ژیانە نزیکین، یان ئایا ئێمە هەردوو جۆرەکە ناژین؟بە ئاوڕێکی کورتی مێژوی مرۆڤایەتی ئەزانین کە لە ژێر کاریگەری ژینگە، ، کەم و زۆری خۆراک، شیوازی جۆری پەیوەندییەکان بۆ دەسەڵاتداری و سەرمایە و سێکس: شێوازی جیاوازی جۆری ژیانو کولتوری جۆراو جۆرمان پەیڕەو کردووە، ئایا وەک چیمپانزی سێکسبازو خوێنڕێژیمان نەکردووە، یان وەک بۆنۆبۆ بەدووای لەزەت و ژیانا وێڵ نیین؟ ئەگەر ژینگەی جیاواز دابونەرتی جیاوازو پێکاتی بایۆلۆجی جیاوازی بۆ ئامۆزا مەیمونەکانمان سەپاندبێت، هەر ئەو ژینگەیە ئێمەی مرۆڤیشی بە پلەجیاوازەکانی گۆڕانو پەرەسەندنی بایۆلۆجی و دابونەریتی ڕەنگاوڕەنگا بردووە. [1]