ناونیشانی بابەت: دیاردەی ئایین لە کۆمەڵگای کوردیدا
ناوی نووسەر: #فەرەیدون قەرەداغی#
بەشێوەیەکی گشتی دیاردەی ئایینەکان لە ڕۆژاوا و زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو کاڵبووەتەوە وە ئەکرێ بڵێین
لە نەماندایە، بەنموونە کە پەیوەندی خۆشەویستی نێوان کوڕ و کچێک دروست ئەبێت یان گرێبەستی هاوسەرگیری
پێکدێنن هیچ کات جیاوازی بیروباوەڕ یان ئایین و مەزهەب نابێتە ڕێگر لەنێوانیاندا، هۆکاری ئەم یەکسانیەش
ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەردوو ڕەگەز بەمەبەستی باش ناسینی یەکتر بۆ ماوەیەکی زۆر لەکاتی پەیوەندی
خۆشەویستیاندا پێکەوە ئەژین بەبێ ئەوەی ترسیان هەبێت لە عورف و عاداتی کۆن یان کەلتوور یان جیاوازی
ڕەگەز و ئایین، بۆیە دەرئەنجام بەشێوەیەکی تەندروست بڕیاری هاوسەرگیری ئەدەن.
هەموو ئەم جۆرە پێشکەوتن و پەرەسەندنی یەکسانیە لە ڕۆژاواوە بەنموونە ئەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەیەکی تەندروست کە دەسەڵات بە سیستەمێکی پوخت لە کۆمەڵگادا فەراهەمی دەکات، هاوکات تەواو پێچەوانەی سیستەمی پەروەردە و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدارانە لە ڕۆژهەڵات کە ئایین و مەزهەب زۆرجاریش کەلتوور زاڵە بەسەر کۆمەڵگادا، هەندێ جاریش دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان ئەم چەشنە دیاردە کۆنانە وەک ئایین و کەلتوور بەکاردێنن بۆ چەواشەکردن و مانەوەی خۆیان لەسەر کورسی دەسەڵات، هەر بۆیە زۆرێک لەتاوانەکان وەک ژن کوشتن ڕۆژ لەداوی ڕۆژ لە پەرەسەندندایە، کە بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەم چەشنە تاوانانە ئەگەڕێتەوە بۆجیاوازی ئایین و بیروڕا. مەبەستمە لێرەدا پەنجە بخەمەسەر کەیسێکی شاراوە کە دیاردەیەکی ناشارستانیە و لە ساڵی 2019 لەناوچەی بادینان ڕویدا و بووبەهۆی کوژرانی کچە یەزیدیەک بەناوی نادیە شەمۆ حەسۆ، کە تەنها تاوانی نادیە ئەوەبووە پەیوەندی خۆشەویستی هەبووە لەگەڵ کوڕە موسوڵمانێک بەناوی زێرەڤان ئەحمەد عومەر، پاش ئەوەی شەمۆ باوکی نادیە بەم پەیوەندیە ئەزانێت دڕندانە کچە 24 ساڵەکەی بەفیشەک ئەکوژێت، زێرەڤانیش لەتاو کوشتن هەڵدێ و ڕوو لەمەنفا ئەکات.
ئەوەی مایەی شەرمەزاریە بۆ دەسەڵاتدارانی کوردی لە هەرێمی کوردستان گوێپێنەدان و کەمتەرخەمی بەمجۆرە دیاردانە کەدینسالارەکان وپیاوسالارەکان تێیدا پاڵەوانن، هاوکات لەبری چەسپاندنی یاسا و ڕێگاچارەیەک
بۆکەیسەکە بەپێچەوانەوە لە دوای تێپەڕبوونی 3 ساڵ بەسەرتاوانەکەدا کەچی لەسەرەتای مانگی 11ی ئەمساڵدا
ئاساییشی زاخۆ هەڵیان کوتاوەتە سەرماڵی باوکی زێرەڤان و براگەورەکەی بەناوی نەزیر دەستبەسەرکردووە
بەبیانووی ڕادەستکردنی زێرەڤان.
پەرەسەندنی ئەم دیاردە قێزەوەنە ناشارستانیانە کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینرێ ئەوەمان پێدەڵێت
کە حوکومڕانیەکی بێ بنەما و بێ دەستورییە و دوورە لە بەهاکانی مافی مرۆڤ، بۆیە ئەرکی ئێمەی ڕۆژنامەوانە ئەمجۆرە دیاردە قێزەوەنانە بخەینە ڕوو و شەرمەزاری بکەین، بۆ ئەوەی هەموو کورد و دونیا بزانن لە سەردەمی
ئێستادا 2022 چی کارەساتێ ئەگوزەرێ لە هەرێمی کوردستان. [1]