مادەی تاریک چییە؟
نووسینی: شارۆ عومەر
پێکهاتەی گەردوون و هەموو ئەو تەنانەی هەیە و تۆ دەیبینی لە مادەی سادە دروست بوون کە لە ٪5 گەردوون ئەکات، لە ٪27 بە مادەی تاریک ناسراوە چونکە نابینرێت وە لە ٪68 وزەی تاریک. کە دەڵێین مادەی تاریک واتە ئەو مادەیە لەو جۆرە نییە کە من و تۆ و ئەستێرەکان و هەسارەکانی لێ دروست بووە لەهەمان کاتدا لە٪85 هەموو مادەکانی گەردوون پێکدەهێنێت!
مادەی تاریک کارلێک ناکات لەگەڵ هێزی کارۆموگناتیسی واتە نە ڕووناکی هەڵدەمژێت وە نە پەرچی دەکاتەوە هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە قورسە چاودێری کردن و هەستکردن پێی، ئێستا دەپرسیت ئاخۆ چۆن دەرکەوتووە کە بوونی هەیە ؟! لەڕاستیدا لە ڕێگەیی کاریگەری (هێزی کێش کردن)ەوە زاناکان دەریانخستووە هەر وەک چۆن هێزی کێش کردن کار لە مادە سادەکانیش(مادە بینراوەکان) دەکات، واتە ماددەی تاریک تەنها بەهۆی هێزی کێش کردنەوە دەتوانێت بەرکەوتنی هەبێت لەگەڵ مادەی سادە.
لە ئێستادا زاناکان ئەم کورتکراوەیە “WIMPS” وەک پێناسەیەک بۆ مادەی تاریک بەکاردەهێنن واتە Weakly Interacting Massive Particles) گەردیلەی زۆر گەورەن بە لاوازی پەیوەندی دەبەستن.
گرنگی ماددەی تاریک ئەوەیە کە ئەگەر بوونی نەبووایە ئەوا مادەی سادە (مادەی ئەتۆمی) بە ئەگەری زۆرەوە نەیان دەتوانی کۆببنەوە لەیەک بۆیە ئەستێرەکان و تۆ و ژیان دروست نەدەبوون!
چونکە ڕێژەی ئەو مادانەی ئەستێرە و گەلەئەستێرەکانی لێ پێکهاتووە کەمە بۆ پێکهێنان و بەردەوامیدان بە ئەستێرە و گەلەئەستێرەکان و هێشتنەوەیان بە دەوری یەکدا.
لەبەرئەوە ناتوانین تەنها ڕێژەی ئەو مادە سادەیە وەک پێوەرێک سەیر بکەین چونکە ئەو بارستاییە زۆر کەمە، بۆیە ئەو مادەییەی تر کە بوونی هەیە و گەلەئەستێرەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە (مادەی تاریکە)ە.
لەتاقیگەی CERN هەوڵدەدرێت ئەم مادە تاریکە بەدەستبخرێت و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر پێکهاتەو و تایبەتمەندیەکانی بکرێت. [1]