$لەماوەی یەک بلیۆن ساڵدا ئۆکسجینی هەسارەکەمان نامێنێت!$
نووسینی: گۆران ئیبراهیم
هەسارەکەمان، هەمیشە گونجاوو نەبووە بۆ ژیان و بە بەردەوامیش گونجاو نابێت بۆ ژیان. نزیکەی 2.8 بلییۆن ساڵ لەمەوبەر، شێوازە خانەیەک هاتە کایەوە کە ڕاستەوخۆ کەڵکیان لە تیشکی خۆر وەردەگرت بۆ بەدەستهێنانی وزە بۆ گۆرینی دووەمئۆکسیدی کاربۆنی ناو ئاوەکان بۆ خۆراک و لە ئەنجامیشدا، ئۆکسجینیان بەرەڵا دەکرد وەک پیسایی.
هەر ئەوەش، سەری هەڵکێشا بۆ دروستبوونی ڕێژەیەکی ئۆکسجینی ئازاد لە بەرگەهەواکەماندا و دروستبوونی توێغێکی ئۆزۆنی (ئۆزۆن سێ ئەتۆمی ئۆکسجینە)، کە تیشکە کوشندەکانی ڕادەگرت و نەیدەهێشت بگەنە سەر ڕووکەشی هەسارەکەمان. ئەمەش لە دەوروبەری 2.4 بلیۆن ساڵێک لەمەوبەر ڕویدا کە بە (بە ئۆکسجینبوونە مەزنەکە) great oxygenation ناسراوە و ڕێژەی ئۆکسجین بەرزبۆوە بۆ ئاستێکی 0.02 بۆ 0.04 ی بەرگەهەواکەمان و بە بەردەوامی ئەو ڕێژەیە زیادی دەکرد و لە سەردەمانێکیشدا زۆر دوای ئەو قۆناغە، ئەو ڕێژەیە بەرزبۆوە بۆ نزیکەی 35ی بەرگەهەواکەمان (لە ئێستادا نزیکەی 21ی بەرگەهەواکەمان پێکدەهێنێت).
لە لێکۆڵینەوەیەکی نوێدا، پێوەرێکی تایبەتی کرا بۆ ئەو ڕێژە ئۆکسجینەی کە لە بەرگەهەواکەماندا هەیە و دەمێنێتەوە بە پەیوەست بەو گۆرانکاریە سرووشتیانەی کە دڵنیان لەوەی کە ڕودەدات. یەک لەو گۆرانکاریە بەرجەستانەش، گەورەبوون و بەتین بوونی خۆرەکەمانە.
دەرکەوت لە کاتێکدا خۆرەکەمان بەتینتر دەبێت لە ئاییندەدا، ڕێژەی دووەمئۆکسیدی کاربۆن زۆر کەم دەکات لە بەرگەهەوادا. دووەمئۆکسیدی کاربۆن، گەرمی زۆرتری خۆر لە خۆی دەگرێت و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ تێکشکاندنی ئەو مۆڵیکیولەیە. لە ئەنجامیشدا ئەو ئۆرگانزمانەی کە کاری ڕۆشنەپێکهاتن Photosynthesis دەکەن، هەر وەک ڕووەکەکان، چیتر ناتوانن ئەو کارەیان بکەن و ئۆکسجین بەرهەم بهێنن و بەو هۆکارە، لە ماوەی دە هەزار ساڵدا، ڕێژەی ئۆکسجین بە تەواوی دادەبەزێت لەناو بەرگەهەوای زەویدا.
بە پەیوەست بەو چینە ئۆزۆنەشی کە دەمانپارێزێت لە تیشکە کوشندەکان، ئەویش لاواز دەبێت بە هۆکاری ئەو وزە جوڵە زیادەیەی کە بۆیان دروست دەبێت بە هۆکاری کەمبوونی ڕێژەی ئۆکسجینی ناو بەرگەهەوا و هەر بەو هۆکارەش، ئەو وزەی جوڵە زۆرەش، وایان لێ دەکات کە دەرپەڕێن بۆ دەرەوەی بەرگەهەوای زەوی و بە ناو بۆشایدا بڵاو ببنەوە. ئەوەش، وا دەکات کە تیشکە کوشندەکان بە ئاسانی بگەنە سەر ڕووی هەسارەکەمان.
واتە، ئەگەر بە کەمی ئۆکسجین نەخنکای، ئەوە تیشکە کوشندەکان لەناوت دەبات. لەدوای ئەوە، تەنیا هەندێ لەو مایکرۆبانەی کە خۆگونجاندنیان کردووە، دەتوانن بمێننەوە و ژیان، بەو مانایەی کە لە ئێستادا هەیە، نامێنێت. [1]