$ڕیچارد فاینمان 1918-1998$
نووسینی: شێرکۆ ڕەشید قادر
ڕیچارد فینمان، لە لایەن نیویورک تایمزەوە وەک یەکێک لە زیرەکترین، ناسراوترین و کاریگەرترین فیزیکناسی تیوریستی نەوەی دوای جەنگی دووەمی جیهانی وەسفکرا. یەکێکە لەو فیزیکناسانەی دوای جەنگی دووەمی جیهانی خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە.
کاتێک لەگەڵ فیزیکناساندا باسی فینمان دەکەی یەکسەر خەندە سەروسیمایان دادەپۆشێت. لای ئەوان نەک هەر بە زیرەکی دادەنێن بەڵکوو وەک باشترین فیزیکناس ناوی دەبەن. بە پێچەوانەی فیزیکناسە هەرە بەرز و گەورەکانەوە، فینمان ئوستادێکی بلیمەت بوو. خۆ ئەگەر لەسەر ئنتەرنێت لە دوی پارچە ڤیدیۆیەکی وی بگەڕێیت ئەوا بە خێرایی دەردەکەوێ کە مامۆستایەکی چەند خاوەن بەهرە بووە لە تەفسیرکردن و گەیاندنی لوغز و پەنهانی بابەتەکە بە جۆرێک کە هەر لە منداڵییەوە شەیدای بووە. توانای هەبوو ئایدیای سەخت و قورس بۆ قوتابیان ئاسان بکات و تەنانەت بەهۆی ئەو لەهجەیەی قسەی پێدەکرد شتەکەی ئەوەندەی تر سەرنجراکێش دەکرد، دەتگوت تۆنی کێرتیسە و بابەتەکە تەفسیردەکات.
ژمارەیەکی کەم لە فیزیکناسانی ئەمڕۆ فرسەتی ئەوەیان هەبوو لە موحازەرەکانی فینماندا ئامادەبن، بەڵام زۆر لە فیزیکناسان ڕووبەڕووی ئەو توێکارییەی فیزیک بوونەتەوە کە فینمان لە سەرجەم دەفتەری تێبینییەکانیدا، بە ناوی موحازەکانی فینمان لەمەڕ فیزیک، پێشکەشیکردووە، عادەتەن بە پەڕتووکە سوورەکان ناسراون، ئەوەش دوای ئەوەی بەرگە ئەسڵییەکەی سووربوو. ئەمە جگە لەوەی دەرسەکانی حیکایەتیش لەخۆدەگرێت. دەروونناسێک لەوانەیە هەر هیچ نەبێت هەندێک لەم داستانانە کە پاڵەوانی پیرۆز و گەورە بەرجەستە دەکەن و فینمان وەک ئیلهام بەخشێک لە فیزیکناسە لاوەکاند دەیخوڵقێنێت بگەڕێنێتەوە بۆ نموونەی کەسایەتی سادەی فینمان خۆی - هەر لە تلیاک کێشانەوە بگرە هەتا دەگاتە یاری بۆنگۆ.
تەنانەت هەندێکیان مومکینە ڕاست بن. گومانی تێدانییە فینمان، کە وەختێکی زۆری بە گلەییکردن دەکوشت بەوەی گوایە ئەم داستان و حیکایەتانە لە مێژویی زانستدا بە شیوازێک پوختەکراون، بەڵام خۆی گەلێک جاران زیادەڕۆیی لە حیکایەتەکانی خۆیدا دەکرد. هەروەک جارێک مورەی-گێڵ-مان (Murray-Gell-Mann) گوتی، ' خۆی بە هەورێک ئەفسانە دەورەدابوو و ئنجا وەخت و وزەیەکی زۆریشی بەسەردەبرد بۆ نووسینی سەربوردە سەبارەت بە خۆی.' هەربۆیە مومکینە سەرتاپا سەرچاوەی بەشێک لە ژیانی فینمان لەم چەند لاپەڕەیەی داهاتوودا بریتییە لە خەیاڵاتی بە پیتی فینمان خۆی.
هەموو ئەمانە لە 1918 دا دەستی پێکرد – کە ئێستا عەیامێکی زۆرە بۆ ڕابردوو، هەرچەندە فینمان هەمیشە وەک فیزیکناسێکی هاوچەرخ وایە. لە 11 مایسی 1918 دا لەدایکبووە، بابی، مێلڤیل و دایکیشی لوسیل، شاگەشکەبوون کە کوڕیان بووە. بابی بە تایبەت ویستی ئینتباعێک لەسەر ڕیچاردی کوردی دروست بکات، بە جۆرێک کە دروشمەکەی کۆمەڵەی شاهانەی بەریتانیمان دەخاتەوە یاد کە دەڵێت، ' بە گوتەی هیچ کەس باوەڕمەکە'. مێلڤیل کوڕەکەی هاندا کە ئاوڕێک لە دروشمە تەقلیدییەکانی ڕابردوو بداتەوە و هەر خۆی بۆ خۆی هەوڵبدات لە سرووشتی ڕاستەقینەی بنەڕەتییانەی ئەو شتانە بگات کە لێیان وردەدەبێتەوە.
جا ئەم وشانە ئیلهام بوون بۆ فینمان یان فزوڵییەکی سادە و ساکار بوون، ڕیچاردی جحێل (کە بە ڕیچی ناسرابوو) خۆی کەوتە گەڕان لە دوی پرسی زانست ئەویش بە تاووتوێکردنی ڕادیۆ. ڕادیۆی ئەو سەردەمە پڕبوو لە لوولەکی بەتاڵ، هەڵوەشاندنی زۆر ئاسانتر بوو بۆ ئەوەی ئنسان لە بۆردی سێرکتێکی هاوچەرخ تێبگەی. فینمان هەتا بڵێی سودی لەمانە بینی، یاری بە کانزای ڤۆڵتی-بەرز دەکرد، ئەمە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا شتێکە دوورە لەوەی دەستی مندڵی بگاتێ و زۆریش خەتەرە. ئەو کاتەی لە دەڤەری ڕۆکەوەی دوور دەژیا، کە بەشێک بوو لە نیویۆرک و ناوچەیەکی چڕ بوو بۆ گەڕان و ڕامان لە دونیای سرووشت و دەستکردی ئنسان.
ئەو ئازادییەی فینمان هەیبوو مایەی مشتومڕ بوو، هەر لە سەرەتاوە بابی هانیدا کە خوو بداتە هەموو شتێک لە دەوربەری هەیە، ئەمە بوو بە ئیلهامێک بۆ فینمان کە ڕوئیایەکی فراوانتری هەبێت بە بەراورد بە زۆربەی زانایانی هاوچەرخ چونکە خاوەنی تایبەتمەندییەکی سنوورداربوون. بۆ نموونە، کاتێک لە زانکۆ بوو، تەنها بۆ چێژ و خۆشی خۆی دەچووە موحازەکانی بایۆلۆژییەوە. سیمینارێکی لەمەڕ سیستەمی دەماری پشیلە پێشکەشکرد، ناوی ماسولکەکانی گەلێک گیانداری جیاوازی خستەڕوو. قوتابییەکانی تر دەیانگووت ئەو ناوانەی ئەو باسیان دەکات بە دڵ و بە گیان دەرخیانە، فینمان لە تانەیەکدا گوتی، ئەگەر ئەمانە ئەو هەموو ناوەیان بە دڵ لەبەرە ئەوا، ' هیچ سەیر نەبێت بە لاتانەوە کە دوای ئەوەی ئێوە چوار ساڵە لە بایۆلۆژی دەخوێنن بەڵام ئاوا خێرا پێتان گەیشتمەوە.'
ئەمە لە پرینستن بوو. فینمان بەکالۆریۆسەکەی لە ماساچۆسێت (میت) بەدەستهێنا. بژاردەکەی لە نێوان میت و زانکۆی کۆڵۆمبیادا بوو، بەڵام ئەمە لە ساڵی 1935 دا بوو، دوایش، نوخبەیەکی کۆمەڵەی پەیمانگای ئایڤی ژمارەیەک قوتابی جولەکەی وەرگرت. (فینمان جولەکە بوو، بەڵام ئیماندار نەبوو). لە میت دەستیکرد بە خوێندنی ماتماتیک چونکە کاتێک لە قوتابخانە بوو خۆشترین بابەت بوو لای و گەلێک پرسی ئاستەمی لە کۆمەڵەی (رێکخراوی) جەبری دەڤەرەکەدا حلکردبوو. بەڵام لای فینمان ماتماتیکی زانکۆ زۆر ناپراکتیکی بوو هەر بۆیەش ڕوویکردە خوێندنی ئەندازیاری و سەلماندیشی کە زۆر ئاسانە و دوایش لەسەر فیزیک بۆ یەکجارەکی جێگیربوو.
فینمان جگە لەوەی کەسێک بوو لە خۆی زۆر ڕازیبوو، ئەقڵیەتێکی خۆخۆی هەبوو، ئنجا دوای ئەوەی زانکۆی تەواوکرد ناڕازیبوو پەیمانگای گەورەی میت جێبهێڵێت، بەڵام سەرۆکی بەشی فیزیک بەرەو پرینستن پاڵی پێوەنا. پرینستن، نیگەرانبوو لە بەرانبەر فینمان چونکە تاقیکردنەوە دەرەکییەکانی لە فیزیک و ماتماتیکدا زۆر خراپ بوون(ئەمە ئایینشتاینمان وەبیردەهێنێتەوە کاتێک ویستی بچێتە پۆلیتەکنیکی زویریخ) جگە لەوەی گومانیان لەوە هەبوو کە بە ئەسڵ لە چ کەمایەتییەکە. سەرۆکی فیزیک لە پرینستن لێی پرسی، ' ئایا فینمان جولەکەیە؟ هیچ ڕۆڵێکی ڕەهامان دژی جولەکە نییە بەڵام دەبێت لە بەشەکەماندا ڕێژەیان بە بڕێکی ماقوڵ بچکۆلە بێت چونکە زەحمەتە لە شوێنێکدا جێگیریان بکەین.' لەو سەردەمەدا، قوتابییە جولەکەکان پێکەوە دەژیان. دوای ئەوەی میت جەختیان کردە سەر ئەوەی کە نە لە جولەکە دەچێت و نە وەک جولەکەش تەمسیل دەکات، ئیتر فینمان وەرگیرا.
کە لە پرینستن جێگیربوو، کە بەشێکی زۆر نایابی فیزیکی هەبوو، فینمان کەوتەگەڕان لە دوی بابەتێکی گونجاو بۆ ئەوەی دکتۆراکەی بکات، دواجار میکانیکی کوانتەمی هەڵبژارد. زوو بۆی دەرکەوت هەڵەی کردووە. سرووشتی ئاڵۆزی ماتماتیکییانەی زانستەکە سەغڵەتیکرد، سەیریکرد هەتا بە ناخی بابەتەکەدا زیاتر شۆڕبێتەوە متمانەی چوونەپێشی کەمتر دەبێت.
یەکێک لە پرسە گەورەکانی فیزیک لەو سەرەمەدا سرووشتی ئەلکترۆنەکان بوو. هێشتا لە ساڵانی 1930 کاندا تا ڕادەیەک چەمکێکی نوێ بوو، ئەم تەنۆڵکە بارگە نێگەتیڤانە خاڵی بێ ڕەهەند بوون، واتە ئەو ماتماتیکەی وەسفی ئەمانە دەکات لێک هەڵوەشابوو. کاتێک نیوەتیرەی ئەلکترۆنەکە بەرەو سفر دەچێت، جۆرەها خەسڵەت – لە نێویاندا وزەی خۆیی (self-energy)، کە ئەنجامی بارگەی ئەلکترۆنەکەیە و کار لەخۆی دەکات- دەبێت بچێتە حاڵەتی ناکۆتاوە. هەروەک پۆڵ دیراک لە کاتی خۆیدا لە پەڕتووکەکەی پرینسپەکانی میکانیکی کوانتەم دا گوتی، ' وا دەردەکەوێت هەندێک بیرۆکەی نوێی فیزیک لێرەدا پێویستن.'
فینمان بیریکردەوە ئەگەر بکرێت بە شێوازێکی کامڵ ئەمە تاووتوێ بکەین، هەروەک جۆن نیڵز بۆر لە ئەتۆمێکدا فشاری دەخستە سەر ئەلکترۆنەکان بۆ ئەوەی بە ئۆربیتێکی جێگیرە بنووسرێن. چی دەبێت ئەگەر نەهێڵین ئەلکترۆنێک لەگەڵ خۆیدا کارلێک بکات؟ وەک دیاربوو ئەمە بەس نەبوو، ئنجا ئیحتیمالی دووەم لە لایەن جۆن ویڵەر، پرۆفیسۆری فینمان و بە هاوبەشی فینمان خۆشی هاتەئاراوە. هاوکێشەکانی ماکسوێڵ بۆ ئەلکترۆموگناتیزم بواردەدات بە هەردوو ڕوناکی پێشکەوتوو advanced و دواکەوتوو retarded، مەبەست لە شەپۆلی ڕوناکی دواکەوتوو ئیشارەیە بۆ فۆتۆنی ئاسایی کە سەرنجیان دەدەین و شەپۆلی ڕوناکی پێشکەوتووش ئاماژەیە بۆ ئەو فۆتۆنانەی لە زەمەندا لە پێشوازەوە بۆ پەخشکەر بە ئاڕاستەی دواوە دەجوڵێن. فینمان و ویڵەر پێکەوە پێشنیازی ئەوەیان کرد ئەم شەپۆلە پێشکەوتووانە بوونیان هەبوو ئنجا ئەو چالاکییە-خۆییەی ئەلکترۆن کە هەتا ناکۆتا بەرهەم دێت دەسڕێتەوە.
ئەمە بۆ خۆی تا ڕادەیەکی بەرز بانگەشەبوو، دوایش ئاڵنگارییەکی پڕ هەیبەتی لە بەدەستهێنانی وێنەیەکی گشتی کە ئایا لە پڕۆسەی کارلێکی نێوان مادە و وزەدا چی ڕوودەدات، جێهێشت! ئەوەی مایەی گاڵتەیە ئەوەیە کە سەرەداوی ئەوەی ئینسان چ ڕێچکەیەک بگرێتەبەر لە پەیپەریکی پۆڵ دیراکەوە سەریهەڵدا کە ئیلهامی خوردبونەوەی بە فینمان بەخشی و بۆ وی بازدانێکی زەینی بوو.
فینمان نمایشێکی زۆر شەفاف و بەرچاو ڕوونی تەنۆڵکەی کوانتەمی پێشکەشکرد. لە چەمکی هێڵی دونیاوە (world line) دەستی پێکرد، کە ئەمە بۆ خۆی بریتییە لە هێڵکاری مەوقیعی تەنۆڵکەیەک لە بەرانبە کاتدا. یەکێک لە ڕەهەندەکان لەسەر هێڵکارییەکە بریتییە لە کات، مەوقیعەکەی تریش بریتییە لە فەزا. (سێ ڕەهەندەکەی تری فەزا بۆ ئاسانکاری هێڵکاری لە یەکێکدا کورتکراوەتەوە.) ئەم هێڵە دونیاییانە بەهای خۆیان هەیە لە گەڕان بە نێو تیۆری ڕێژەییدا. [1]