زانستیبوون یانی چی؟ ئایا مەعریفە زانستە؟
نووسینی: فایەق سەعید
زانست جۆرە چالاکییەکی مرۆڤە بۆ شرۆڤەکردنی ئەو تیۆرییانەی باسی چۆنێتی کارکردن و بەڕێوەچوونی جیهان دەکەن. زانستیبوونیش جۆرێکە لە بیرکردنەوە و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە کە بە میتۆدێکی شایستە (سیستماتیک و زانستی) گومان دەخاتە سەر بابەتەکان (بۆ نموونە گریمانە، دەرئەنجام، مێژوو) و تاقییان دەکاتەوە بۆ ئەوەی تیۆرییەکان گەشە پێ بدات.
ئەو تاقیکردنەوانە دەبێ لە ڕێگەی میتۆدە زانستییەکانەوە بێت. لەم پڕۆسەیەدا دەبێ ئەرگومێنتە زانستییەکانیش بخرێنە ڕوو. کاتێک باسی ئەوەیش دەکەین کە زانست پشتیوانی لە نووسینێک یان پڕۆژەیەکی دیاریکراو دەکات، بەو مانایە دێتەوە کە ئەو نووسینە جێگەی متمانەیە و خەڵک دەیپەژرێنێت.
کاتێک کاک (ئەرستۆ) باسی هونەری (گوتاربێژی) دەکات، ئەوە یاداشت دەکات کە بۆ قەناعەتپێکردنی بەرانبەر دەبێ ئەو گوتارە 3 تایبەتمەندیی هەبێ؛ ئێتۆس، پاتۆس و لۆگۆس. زۆر دوور نا لەم بابەتەوە، دەبێ هەموو ئەرگومێنتێکی زانستیش خاوەنی 3 تایبەتمەندیی گرنگ بێت:
دەبێ لۆژیکی بێت، زانستی بێت، ژیریانی بێت، جێگەی متمانە و باوەڕ بێت، سەرچاوەی باوەڕپێکراو بەکار بێنێت، تەنها باسی ئەو بابەتە سەرەکییە بکات نەک شتی لاوەکی، فریومان نەدات...هتد. ئەو تایبەتمەندییانە لەم 3 چەمکەدا گوزارشیان لێ دەکرێت (Acceptability، Relevance، Sufficiency).
بە دیوێکی دیکەیشدا پەیوەندی نێوان مەعریفە و زانست چییە؟ ئایا مەعریفە زانستە؟
لاتۆن (ئەفلاتون) دەڵێ (مەعریفە شتێکی دروست و جێگەی متمانەیە)، بەڵام من پێم وایە ئەوە بەو شێوە ڕەهایە دروست نییە، چونکە مەعریفە دوو بەشە؛ بەشی یەکەمیان ناجێگیرە (گریمانەیە) و باسی ئەوە دەکات کە ئێمە دەزانین شتێکی دیاریکراو بەو شیوەیەیە، بۆ نموونە کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە. ئەمەیان بەشەیان زانست نییە.
بەشێ دووەم مەعریفەیەکی زانستی کارامەییە و باسی ئەوە دەکات ئێمە چۆن ئەو شتە دیاریکراوانە دەکەین، بۆ نموونە چۆن پاسکیل لێدەخوڕین، چۆن وزە بەرهەم دێت. ئەم بەشەیان زانستە.
مەعریفەی بە پێچەوانەی زانستەوە شتێکی کەسەکییە و مەرجیش نییە دروست بێت، بەڵام زانست شتێکی گشتییە، بۆیە لە تیۆری، چەمک و تێرمی جیاوازدا دادەڕێژرێ بۆ ئەوەی هەموو کەسێک سوودی لێ ببینێت. مرۆڤ دەتوانێ لە ڕیگەی تیۆرییە زانستییەکانەوە مەعریفەکانی خۆی بگۆڕێ بۆ مەعریفەیەکی ڕاستەقینە. ئەم کارەیش دەبێتە هۆی هاتنەکایەوەی بیرکردنەوەی زانستییانە.
هەموو باوەڕ و قەناعەتەکانی مرۆڤ بەشێک نین لە مەعریفە. هەموو ئەو شرۆڤاکارییانەیش کە پشت بەو قەناعەتانە دەبەستن مەعریفە نین و هەڵەن. پلاتۆن دەڵێ:
(بۆ ئەوەی مرۆڤ مەعریفەی دەست بکەوێت، دەبێ پێشتر شارازەییەکی دەربارەی مەعریفە هەبێت)
من پێم وایە دووبارە ئەمەیان دروست نییە، چونکە دەکرێ یەکێک شارەزایی دەربارەی مەعریفە نەبێت و مەعریفەی دەست بکەوێت.
مەرجێکی گرنگی مەعریفە وەکو پلاتۆن دەڵێ ئەوەیە دەبێ ڕاستەقینە بێت. بە شتێک ناگوترێت مەعریفە ئەگەر هەڵە بێت، بۆ نموونە یەکێک دەڵێت سلێمانی پایتەختی هەرێمە، زەوی بە دوەری خۆردا دەسوڕێتەوە. گەڕان بە دوای مەعریفەدا زۆر لە گەڕان بە دوای ڕاستیدا گەورەترە. [1]