$سێ تیۆری لەسەر کۆتایهاتنی گەردوون$
ئامادەکردنی: وارا دیاری
نوێترین پێوانە و لێکۆڵینەوەکان ئەنجامدراوەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە گەردوون لە فراوانبوونێکی خێرادایە. ئەستێرەناسەکان وەک چۆن تیۆرییەکیان بۆ دەستپێکی گەردوون دانا، ئێستا لە هەوڵی دانانی تیۆریەکدان بۆ پێشبینیکردنی چۆنیەتی کۆتاییهاتنی گەردوون، ئەمەش بە پشتبەستن و سوودوەرگرتن لە فراوانبوونی گەردوون. تا ئێستا سێ تیۆری بەناوبانگ هەن سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتاییهاتنی گەردوون:
ئەگەر بێت و هێزی ڕاکێشانی نێوان تەنەکان کەمتر بێت لە هێزی جیاکەرەوە (ئەو هێزە دەرەکیەیە کە هەوڵدەدات تەنەکان جیابکاتەوە) ئەوا فراوانبوونی گەردوون تاودانی زیاد ناکات بەڵکوو گەردوون بەردەوام دەبێت لە فراوانبوونەکەی بە تاودانێکی نەگۆڕ، کۆمەڵە گەلەئەستێرەکان و هەر شتێکی کە لە ناویاندایە لەیەکتر دووردەکەونەوە و جیادەبنەوە، تا وای لێدێت کە گەلەئەستێرەکان شیدەبنەوە بۆ بەشی زۆر ورد و بچووک کە بە تەنیا و سەربەخۆ لە بۆشاییە گەورەکەی گەردووندا دەسووڕێنەوە، ئەو ڕووناکییەی لێیان دەردەچێت بەرەو لادانی سوور دەڕۆن کە دەبێتە هۆی ئەوەی درێژی شەپۆلەکانیان درێژبێت و وزەیان کەمبێت، وە ئەو گازەی کە هەیە توانای درووستکردنی هیچ ئەستێرەیەکی نوێی نابێت. گەردوون تاریکتر و ساردتردەبێت تا ڕادەیەک کە بیبەستێت، هەربۆیە ئەم تیۆرییە بە Big Freeze ناودەبرێت.
چی دەبێت ئەگەر هێزی جیاکەرەوە بەڕادەییەک بە هێزبێت کە ببێتە هۆی تێکشکان و پارچەپارچەبوونی هەمووشتێک؟ لەگەڵ فراوانبوونی گەردوون تاودانی فراوانبوونەکەی بەردەوام لە زیادبووندا دەبێت، هەر بۆیە ئەم هێزە جیاکەرەوەیە نەک هەر هێزی ڕاکێشان، بەڵکوو هەموو هێزە ئەلکترۆموگناتیسی و هێزە لاواز و بەهێزەکانی کە ئەتۆم و ناوکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەبەزێنێت و لەناویاندەبات. لە ئەنجامدا هەموو ئەو ماددانەی ئەستێرەکان پێکدەهێنن بۆ پارچەی زۆر بچووک تێکدەشکێن، تەنانەت ئەتۆم و پارتیکڵەکانیش لەناودەچن. هەر بۆیە ئەم تیۆرییە بە Big Rip ناوبراوە بەهۆی هەموو ئەو لەناوچوون و تێکشکانەی پێشبینیدەکرێت تیایدا ڕووبدات.
باڵادەستبوون و زاڵبوونی هێزی ڕاکێشانی نێوان تەنەکان بەسەر هێزی جیاکەرەوەدا فراوانبوونی گەردوون بەرەو وەستان دەبات و کردارەکە پێچەوانە دەکاتەوە. گەلەئەستێرەکان یەکترڕادەکێشن و لەیەک نزیکدەبنەوە بەڕادەیەک کە دەچنە ناو یەک، بەمەش هێزێکی یەکترڕاکێشانی گەورەتر و بە هێزتر دێتەکایەوە. ئەستێرەکانیش بەهەمان شێوە یەکترکێشدەکەن و پێکدەکەون. لەگەڵ کەمبوونەوەی فراوانی گەردوون و زیاتر بچووکبوونەوەی، پلەی گەرمی گەردوون بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاددەکات. قەبارەی گەردوون هێندە بچوک دەبێتەوە کە تەنانەت ئەتۆم و پارتیکڵە بنچینەییەکانیش دەچنەناویەک، لە کۆتاییدا ئەوەی لە گەردوون دەمێنێتەوە خاڵێکی لە ڕادەبەدەر چڕ و پلە گەرمی زۆر بەرزە، بە نزیکەیی لە هەمان دۆخی سەرەتایی دەستپێکی گەردوون دەچێت، ئەم تیۆریەی کە بە تیۆریە پێچەوانەکەی Big Bang دادەنرێت بە Big Crunch ناودەبرێت.
زۆربەی فیزیازانە تیۆریناسەکان لەو باوەڕەدان کە گەردوون بە دڵنیاییەوە کۆتاییەکی دەبێت و لە نێوان 2.8 بیللیۆن ساڵ بۆ 22 بیلیۆن ساڵ لە ئێستاوە چاوەڕێی ڕوودانی دەکرێت، هەندێک لە توێژەرانیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەر لە ئێستاوە پڕۆسەی ئەم لەناوچوونە دەستیپێکردووە. هەندێکی تریش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گەردوونەی ئێستامان پێشبینییەکانی تیۆری Big Freezeی تێدا بەدیدەکرێت.
کام لەم تیۆریانە دەبێتە سیناریۆی کۆتا چارەنووسی گەردوون؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پشتدەبەستێت بە شێوەی گەردوون و بڕی ئەو وزە تاریکەی لەخۆیدەگرێت و هەروەها تێکڕای گۆڕانی ڕێژەی فراوانبوونەکەی. [1]