$مرۆڤ وەک بەرخۆرێکی هەمیشەیی$
نووسینی: ئەلەند ڕزگار
مرۆڤ بە درێژایی شارستانییەتە جیاوازەکان، ئەو زیندەوەرە بووە کە بەردەوام هەوڵی دۆزینەوە و گۆڕانکاری داوە. ئەم زیندەوەرە سەرەتا هەوڵی ئەوەیدەدا دەربازی بێت لەو نامۆییەی بە سرووشت هەیبوو، ئەویش بە چاکسازی گرنگ لە گوزەرانیدا، هاتنە دەرەوەی لە نێو ئەشکەوتەکان و پەنابردنی بۆ سرووشتێکی ناوازەتر. لە دواییدا باسێکی گرنگ هاتەپێشەوە، ئەویش چۆنیەتی پەیداکردنی خۆراک بوو، سەرەتا لەسەر کوشتنی ئاژەڵەکانی دیکە و هەندێک جاریش کوشتنی یەکدی، دەژیان. بۆیە لەم سەردەمە سەرەتاییەدا دەستیانکرد بە کشتوکاڵکردن و داگیرکردنی شوێنێک بۆ نیشتەجێبوون، کە سەرەتا لە کوخێکدا ژیانیان بەڕێ دەکرد. کات لە دوای کات زیرەکی مرۆڤ گۆڕانکاریی گرنگی بەسەردا هات، وایکرد لە ژیانێکی سەرەتاییەوە بازبدات بەرەو ژیانێکی بڵندتر، ئەویش خۆی لە درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دیکە، درووستکردنی خێزان، گۆڕانکارییکردن لە شوێنی نیشتەجێبوون، ئەمە وایدەکرد مرۆڤ زیاتر هەست بە خاوەندارییەتی بکات. بۆ دەستکەوتنی خۆراک خاڵێکی دیکە بۆ ژینی زیاد بکات ئەویش “کارکردن”، بە چەندین جۆری جیاواز کار دەکرا، مرۆڤ لە دوایی ئەم کردارانە هەنگاوی بەرەو سەردەمێک نا کە دەکرێت ناوی بنێین سەردەمی سامانداری مرۆڤ؛ تێیدا مرۆڤ لەو زیندەوەرە سەرەتاییەی پێی دەناسرا داماڵرا. تەماحکاری مرۆڤ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیادی دەکرد، داواکارییەکانی ڕانەدەوەستان، ئەمەش دەبووە هۆکاری نائارامی لەسەر زەویی یاخود تێکچوونی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی کە مرۆڤ لەگەڵ دراوسێکەیدا هەیبوو. ناکۆکییەکان زیادیان دەکرد و بەدوایخۆیاندا جەنگ و کوشتارێکی زۆریان درووست دەکرد. جا ئەم جەنگانە زیاتر بەهۆی ناکۆکی ئایدۆلۆجییەوە بووبێت یاخود تەماحکاری مرۆڤ بۆ داگیرکردنی خاکی دراوسێکەی بۆ زیادبوونی ڕووبەری نیشتەجێبوون، مرۆڤ ئەو خانە شێرپەنجەییە بووە، کە دەستەڵاتی خۆی بەسەر خانەکانی هاوسێیدا دەسەپاند، وێرانکاری لە دوای خۆی بەجێدەهێشت. زەوی هەمیشە ئەو ڕووبەرە بووە، کە خزمەتی مرۆڤی کردووە، بەڵام؛ مرۆڤ نەیتوانی لە پای ئەم خزمەتە، ببێتە هۆکارێک بۆ ئارامی زەوی. بەڵام؛ لەدوای ئەوەی مرۆڤ ئاستی مەعریفی و تێگەیشتنی بۆ ڕووداوەکان زیادیی دەکرد، لێرەدا مرۆڤ وردە وردە دەبووە خاوەن زانستێکی تۆکمە (زانستیش يەکێکە لەو ڕێگايانەی کە بۆ دەستخستی مەعريفە مرۆڤ هێنایە کايەوە، تا ڕادەيەک نوێترين و بەهێزترينيانە، ئێمە لە دەستپێکی گۆڕينی ژيانی مرۆڤداين “يۆنانييەکان” بە يەکەمين کەسانێک دادەنرێن کە هەوڵيان دابێت ئەوە ڕوونبکەنەوە کە چی لە سرووشتی دەوروبەریان دەگوزەرێت بە بێ پشت بەستن بە خورافە يان هەر لێکدانەوەيەکی سەروو سرووشتيانە، واتە سەرنجدانی “شت”ەکان وەک خۆیان)، بەو واتایەی لەو زانستە بێ میتۆد و هەڕەمەکییانە دەرچوو، کە بۆ چەندین سەدە بەهۆی نەبوونی کەرەستەی گونجاوەوە دەیناڵاند، پێشکەوتنی گرنگی بەخۆیەوە بینی. جیا لەو خزمەتانەی زانست، لە ڕێگەی مرۆڤە چالاکەکانەوە، بە مرۆڤایەتی کرا، لە سەدەی نۆزدەیەمدا و لە لایەن (کیمیاگەر)انەوە(1) هەڵسان بە درووستکردنی نایلۆن و پلاستیک. گرنگترین ئاسانکاری بوو بۆ مرۆڤ و دڵخۆشییەکی زۆری پێ دەبەخشین، هۆکاری ئاسانی بڵاوبوونەوەی بریتیی بوو: لە هەرزانی نرخ، تا وای لێ هات بووە بەشێک لە پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤ. لە دوای ئەوەی زیاتر وردبوونەوە لەم دۆزینەوەیە دڵخۆشیش کەمی دەکرد، “لەبەر ئەو هۆکارەی هۆشیاری مرۆڤ بەو ئاستە نەگەیشتبوو، کە لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا خۆی بگونجێنێت”، چون تەنها ئەوە دەزانرا هەر شتێک لە خوار ئاستی بوونیەتی مرۆڤەوە بێت، دەبێت بچێتە خزمەتییەوە، ئەم شێوە بیرکردنەوەیە کارەساتی بە دوای خۆییدا دەهێنا، لە ئێستادا زەوی خاوەنی چەندین دوورگەی پاشماوەی مرۆڤە لەسەر دەریاکان، جگە لە پلاستیک چەندین جۆر پاشماوەی دیکەش بوونی هەیە، لەبەر ئەم هۆکارانەش ژیانی زیندەوەرە دەریاییەکانی وەک (ماسی، کیسەڵ، باڵندەی دەریایی، …هتد) چەندین جۆری دیکە کەوتە مەترسییەوە. بەڵام؛ دوا بە دوای ئەم ڕووداوانە زانستدۆستان (ژینگە دۆستان)، هەڵسان بە دۆزینەوەی چەندین ڕێگە چارەسەری گرنگ، یاخود بڵێین چەندین دۆزینەوە کە سرووشت خۆی دەبووە هۆکارێک بۆ تیمارکردنی برینەکانی، کەمێک لەو دۆزینەوانە: دۆزینەوەی جۆرە بەکتریایەک، دەبووە هۆکارێکی باش بۆ شیبوونەوەی ماددە پلاستیکیەکان لە دەریادا. هەر لەم چەند ساڵەی پێشوودا بوو، هەواڵی ئەوە بەخشرایەوە کە جۆرە کرمێکی نێو سرووشت بە نێوی (کرمی واکس)، پلاستیک بۆی دەبێتە خۆراکێکی باش، لەسەر زەوی و شیدەکاتەوە. درووستکردنی پلاستیک لە شەربەتی کاکتەس، کە زووتر لە پلاستیک شیدەبێتەوە. داهێنانێک کە چەندین ساڵە زانایان خەریکی چاکسازی و بەرەو پێشبردنین، ئەویش سوودمەندبوونە لە قارچک وەک؛ ڕاوچییەکی پلاستیک، کە دوو شێوەی سەرەکی پێکدێنن، هەندێکیان لە نێو تاقیگەکاندا بەرهەم دەهێنرێن، ڕێژەیەکی باشیش لە دارستانەکانی ئەمازۆندا دۆزراوەتەوە. وە هەروەها درووستکردنی “زەرفی نایلۆن” لە نیشاستە کە ئەمە کاریگەرییەکی باشی دەبێت بۆ زەوی، لەو ڕووەوەی دەبێتە ماددەیەکی ئەندامی بۆ زەوی و زووتر لە زەرفی نایلۆن شیدەبێتەوە. لێکۆڵەرەوان بەم چەند دۆزینەوەیە ناوەستن بەڵکو هەمیشە لە هەوڵی بەردەوامدان، و دۆزینەوەکان تا بێن زیاد دەکەن، بۆ زیاتر پاراستنی ژینگە. جگە لە هەموو ئەم ڕووداوانە بوونەتە هۆکارێکی دیکە بۆ زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە، کە پلاستیک بە تایبەتتر (پلاستیک بوتڵ)(2) بە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ زیادبوونی ئەم جۆرە نەخۆشییە دادەنرێت. بۆیە لە سەردەمی سامانداریدا، مرۆڤ بە چەندین کرداری دیکە گەیشت، درووستبوونی کارگەکان، کە بوونە هۆکارێک بۆ زیادبوونی دوانەئۆکسایدی کاربۆن و گازەکانی دیکە لە بەرگە هەوای زەوییدا، زیاتر گەرمبوونی زەوی و توانەوەی شاخە بەستەڵەکییەکان، و تێکچوونی کەشی ژیانی ئەو زیندەوەرانەی لەوێدا دەژین، بەهۆی ئەم ڕووداوانەوە داهاتووی زەوی ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی جیدی لە کەش و هەوادا دەبێتەوە. هەربۆیە لەگەڵ زیاتر گەشەسەندنی زانستدا، ئەگەر توانای کۆکردنەوەی هۆشیارییەکی باشمان نەبێت لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەی ڕوودەدەن، بە جێدەمێنین، زەوی بەرەو ئاسۆیەکی ناڕوون دەبەین. ناتوانین بەرەنگاری ئەو ڕووداوانە ببینەوە، کە لە ئەنجامی ئاسانکارییەکان تووشمان دەبێت. وە بۆیە زانست بەرجەستەکردنی بیرکردنەوەیەک بوو کە مرۆڤ دایهێنا، بۆ ئەم مەبەستەش هەردەم مرۆڤە دەبێتە هۆکاری چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانەی، بەهۆی ناهۆشیارییەوە مرۆڤایەتی تووشی بوو، بۆیە هێشتا هیوایەک بوونی هەیە، ببینەوە بە خاوەنی زەوییەکی تەندرووستتر و ژینگەیەکی پڕ سەوزایی.
پەراوێز:
(1) مەبەست لە بوونی “کیمایەگەر”ی، زانستی کیمیایە کە لە کۆتای سەدەی هەژدەیەمەوە، بەهۆی تاقیکردنەوە شۆڕگێڕییەکانی ئەنتۆنیۆ لاڤوازێوە سەریهەڵدا.
(2)plastic bottle
پاشکۆ:
پلاستیک: لە ماددەی سرووشتی وەکو؛ سليلۆز، خەڵوز، گازی سرووشتی، خوێ، نەوتی خاو درووستکراوە. لە ڕێی پڕۆسەی پۆليمەراندن و پۆليمەرە خەستبوونەوەوە. هەر لەو ماددە سرووشتييە ئۆرگانيانەی وەک؛ سليلۆز، خەڵوز، گازی سرووشتی، خوێ و نەوتی خاوەوە دەردەهێنرێت.
نایلۆن: پێکدێت کاتێک بڕێکی گونجاوی مۆنۆمەر(ئەو يەکە کيمياييە بنچينەييانەن کە پۆليمەرەکانيان پێکهێناوە) يەکدەگرن بۆ پێکهێنانی زنجيرەيەکی درێژ لە ڕێی پڕۆسەی پۆليمەرە خەستبوونەوەوە. مۆنۆمەرەکانی نايلۆن 6-6 بريتين: لە ترشی ئەسیدیک و هێکسا_ميسيلين دایئەمين. [1]