$فریمان دایسن$
نووسین و ئامادەکردنی: ڕاستی سەلام
چيرۆکی فيزيايی و ماتماتيکزانی بەريتانی ” فريمان دايسن” زياتر خۆی لە کارەکانيدا دەبينێتەوە، لەبارەی کوانتەمی کارۆدايناميک(1)، فيزيای دۆخی ڕەقی(2)، گەردوونناسی و فيزيای ناوکيدا. ئەو پرۆفيسۆری فيزيا بوو، لە پەيمانگای پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەکان کە زۆرينەی ژيانی لێ بەسەر بردووە. دايسن چەندەها چەمکی هێناوەتە کايەوە لە فيزيا و بوارەکانی ديکەشدا، بەناوی خۆيەوە ناونراون، نموونەی ئەوانەش وەکو؛ گۆڕانی دايسن(3) کە تەکنيکێکی بنەڕەتييە لە تيۆری زيادکراوە ژمارەييەکان. درەختی دايسن(4)، بريتييە لە ڕووەکێکی گريمانەيی بۆهێڵ دەستکاريکراو، لەتوانايدايە لەسەر کلکدارەکان گەشەبکات. زنجيرەی دايسن(5)، بريتييە لە زنجيرەيەکی ماتماتيکی و جۆرێک لە شيکار بۆ ئۆپەرەيتەری پەرەسەندنی کات، لە هاوکێشەکەی شڕۆيدنگەر. گۆی دايسن(6)، بريتييە لە تاقيکردنەوەيەکی زيهنی، ئەوە ڕووندەکاتەوە کە چۆن شارستانييەتێکی تەواو پێشکەوتوو سوود لە وزەی ئەستێرەيەک دەبينن، بە درووستکردنی پێکهاتەيەکی گۆيی گەورە بە دەوری ئەستێرەيەکدا و بەکارهێنانی وزەکەی.
قۆناغە سەرەتاييەکانی ژيانی دايسن:
دايسن لە پازدەی ديسەمبەری ساڵی 1923 لە ئينگلتەرا لەدايکبووە، کوڕی ئاوازدانەر و ميوزيکژەنی بەناوبانگ ” جۆرج دايسن” بووە، دايکی هەڵگری بڕوانامە بووە لە ياسادا، دوای لەدايکبوونی، دايسن وەکو پيشەوەرێکی کۆمەڵايەتی کاردەکات. دايسن خوشکێکيشی هەبوو بە ناوی ئاليس، باسی دايسن بەوە دەکات، منداڵێک بووە هەردەم ئينسايکلۆپيدياکان لە دەوری بوون و بەردەوام خەريکی ئەژمارکاری بووە لەسەر پەڕە کاغەزەکا. لە ساڵانی 1937 بۆ 1941 دايسن لە کۆلێجی وينچستێر دەيخوێند، لەو شوێنەی کە باوکی لێپرسراوی بەشی ميوزيک بوو. لە تەمەنی حەڤدە ساڵيدا دەست بە خوێندنی ماتماتيک دەکات لەگەڵ ماتماتيکزانی بەناوبانگ “جی.ئێچ. هاردی” لە کۆلێجی ترينتی لە کەيمبريج (بە قەبوڵنامەيەکی خوێندن، بە پازدە ساڵی بردبوويەوە). لە تەمەنی نۆزدە ساڵيدا پەلکێشی جەنگ دەکرێت، داوای لێدەکرد کە لە بەشی توێژينەوە کارپێکارييەکانی(7) هێزی ئاسمانی کاربکات. لەوێ ڕێگەيەکی شيکاريی پەرەپێدا، بۆ ئەژمارکردنی چڕی پێکهاتەی ئەو موشەکانەی کە ئەڵمانييەکانی دەپێکا، لە جەنگی جيهانی دووەمدا. دوای جەنگ، دەگەڕێتەوە کۆلێجی ترينتی و لەوێ بەکالۆريۆسەکەی لە ماتماتيکدا دەهێنێت. لە ساڵی 1946 بۆ 1949دا، دايسن لە ترينتی ژوورەکەی لە نزيک ژووری فەيلەسوفی گەورە ” لۆدويگ ويتگنشتاين”ەوە بوو. لە ساڵی 1947 دايسن دوو پەيپەری دەربارەی تيۆری ژمارەکان بڵاوکردەوە. هاوڕێ و هاوپيشەکانی دايسن بە کەسێکی شەرمن و ڕۆشنبير باسی دەکەن، بە شێوەيەکی دژيەکيانە کە هەندێک لە هاوڕێکانی دڵخۆش دەکات، و ئەو کەسانەش توڕە دەکات کە لە بيروبۆچونەکاندا دژ بەيەکن. سيتڤن واينبێرگ دەڵێت: ” هەستێکم هەيە، ئەگەر يەکدەنگی و کۆکبوون لە بابەتێکدا وەکو بەستنی سەهۆڵ وابێت لە ڕووبارێکدا، ئەوا دايسن باشترينی هەوڵی دەدات کە بەسەر سەهۆڵەکەدا خليسکێنە بکات”. ئۆليڤەر ساکس، دەمارزان و نووسەر دەڵێت ” وشە دڵخوازەکەی فريمان بۆ ئەنجامدانی زانست و داهێنان بريتييە لە (لادان)، پێی وايە کە ئەوە پێويستە، نەک بە تەنیا تەقليدی نەبين، بەڵکوو سەرشێت بين، و لە تەواوی ژيانيدا ئەمەی ئەنجامداوە.
بەرەو نەتەوە يەکگرتووەکان:
لەسەر ئامۆژگاری و پێشنياری فيزيايی ” جی.ئای. تايلەر”، دايسن ڕوو لە نەتەوە يەکگرتووەکان دەکات بۆ خوێندنی دکتۆراکەی لەگەڵ ” هانس بێتە” لە زانکۆی کۆرنێل، لەوێ ئاشنای ڕيچارد فاينمەن دەبێت، دەبنە دوو هاوڕێی نزيک و پێکەوە کاردەکەن. دواتريش ڕووی لە پەيمانگەی پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەکان کرد (1948-1949). لە ساڵی 1949 دايسن پەيپەرێکی(8) بڵاوکردەوە، تێيدا جەخت لەسەر ڕاستێتی و لێکچوی نێوان دوو مێتودی ناو کوانتەمی کارۆدايناميکی دەکاتەوە، ئەوانيش؛ هێڵکارييەکان(کە لەلايەن فاينمەنەوە پەرەی پێدرابوو)، لەگەڵ مێتودی ئۆپەرەيتەر(کە لەلايەن شوينگەر و تۆمۆناگاوە پەرەی پێدرابوو). ئەو يەکەم کەس بوو، بەڕاستی تێگەشتبوو لە توانای هێڵکارييەکانی فاينمەن، هەر لەو پەيپەرەيدا ئەوە دەخاتە ڕوو کە ” هێڵکارييەکانی فاينمان تەنيا کەرەستەی ئەژماری نيين، بەڵکوو تيۆری وێنەييشن، وە ئەو ڕێسايانەی کە بۆ هێڵکارييەکان پەرە پێدراون بەتەواوی کێشەی مۆدێلکردن چارەسەردەکات”. دايسن چەند ڕێسايەکی بۆ هێڵکارييەکانيش پەرە پێدا، بەشێوەيەک، ئيشەکەی فاينمەنی لە کوانتەمی کارۆدايناميکدا بەشێوەيەک بەردەست کرد کە فيزياييەکان بتوانن بە ئاسانی لێی تێبگەن. لەناوياندا ڕۆبەرت ئۆپنهايمەری(9) قايل کرد بەوەی کە مێتودە نوێيەکەی فاينمەن بەهەمان شێوەی ئەوەی شوينگەر و تۆمۆناگا ڕاستە. لە پاداشتی ئەمەدا، ئۆپنهايمەو ئۆفەرێکی هەمیشەیی خوێندنی لە پەیمانگەی پرینستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەکان پێدەدات. هەروەها لە کارێکی ديکەی ساڵی 1949 دا، ” زنجيرەی دايسن” دادەهێنێت، لە دواييدا دەبێتە سرووشێک بۆ فيزياييانی وەکو “جۆن وارد” کە هاوئەنجامی وارد-تاکاشی(10) پەرە پێبدەن. ساڵی 1951 دايسن نازناوی پڕۆفيسۆری زانکۆی کۆرنێڵی پێدرا، لە کاتێکدا هێشتا بڕوانامەی دکتۆراشی نەبوو، لە ساڵی 1953 ئۆفەرێکی هەميشەيی کارکردنی لە پەيمانگی پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەکان پەسەند کرد، بە درێژايی ژيانی لەوێ مايەوە. لە ساڵی 1957 بۆ 1961 دايسن، لەسەر پڕۆژەيەک کاری دەکرد بەناوی ئۆريۆن (11)، ئەم پڕۆژەيەش شيمانەی کەشتيە ئاسمانييەکانی دەخستە بەردەست بە بەکارهێنانی پرتەی پاڵپێوەنەری ناوکی(12). يەکەم نموونەی خرايە بەردەست. بەڵام؛ دوای ئەوەی، لە ساڵی 1963 پەيماننامەی قەدەغەی تاقيکاری ناوکی لە نێوان وڵاتاندا بەسترا، دايسنيش پشتگيری لە پەيماننامەکە کرد، هەر بۆيە پڕۆژەکەش وەستێنرا. لە ساڵی 1958 دا، دايسن بووە ئەندام لە پڕۆژەی ديزاينی کارلێککەرێکی ناوکی بچووک و سادە بەناوی تريگا(13)، لە زانکۆ و نەخۆشخانەکانی سەرانسەری جيهاندا بەکاردەهێنرێت بۆ درووستکردنی کەرەستە پزيشکييەکان. لە ساڵی 1966 دا دايسن لەگەڵ هاوکارێکيدا پەيپەرێکيان بڵاوکردەوە، ئەوەی دەخستە ڕوو، پرەنسپی دەرکردنی پاولی(14) ڕۆڵێکی بنچينەيی هەيە لە سەقامگيردنەوەی ماددەی بەڵکدا(15). هەربۆيە، ئەوە بەرپەرچدانەوەيەکی ئەليکترۆموگناتيسی نێوان دوو ئەليکترۆنی خولگەی دەرەوە نين، ناهێڵن دوو تەختەی پێکەوە نووساو تێکەڵی يەک ببن، بەڵکوو پرەنسپی دەرکردنی پاولييە لەسەر پڕۆتۆن و ئەليکترۆنەکان کە هێزێکی مايکرۆسکۆپی دروستدەکات. جگە لەمانە، دايسن لە چەندين بواری ماتماتيکيشدا کاری کردووە، وەکو تۆپۆلۆجی، شيکاری، تيۆری ژمارەکان، زنجيرە هەڕەمەکييەکان(16). لە ساڵی 1973 کاتێک ماتماتيکزان “هيو مەنگۆمێری”(17) سەردانی پەيمانگای پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەکان دەکات، لەو کاتەدا تازە کاری لەسەر فکرەی دابەشبوونی سفرەکانی ناو “نەخشەی زێتای ڕێيمان” دەکرد. کارەکەی خۆی پيشانی ماتماتيکزان ” ئاتلی سێلبێرگ”ی دا و ئەويش ئەوەی پێووت کە ئەمە لە شتێکی فيزيايی ماتماتيکی دەچێت و پێويستە مەنگۆمێری کارەکەی نيشانی دايسن بدات. هاوکێشەکە لای دايسن ناسراو بوو بەوەی کە لەو جووتە هاوپەيوەنديانە دەچێت، لە گرووپی تاکيی گاووسيدا بوونی هەيە، ئەمەش شتێکە فيزياييەکان بەباشی پێی ئاشنان. ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو، دەکرێت پەيوەندييەکی بڕواپێنەکراو هەبێت لە نێوان دابەشبوونی ژمارە خۆبەشەکان (2، 3، 5، 7، 11…..) و ئاستە وزەکانی ناو ئەتۆمی توخمە قورسەکانی وەک؛ يۆرانيۆم. ساڵی 1994 دايسن لە پەيمانگای پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەکان خانەنشين دەکرێت، لە ساڵی 1998 دەبێتە سەرۆک بەشی توێژينەوە فەزاييەکانی پەيمانگاکە، دايسن هيچ خەڵاتێکی نۆبڵی نەبردۆتەوە، ستيڤن واينبێرگی فيزيايی بەناوبانگ و براوەی خەڵاتی نۆبڵ لەم بارەيەوە دەڵێت: کە ليژنەی بەخشينی خەڵاتی نۆبڵ دايسنيان پشتگوێ خستووە. بەڵام؛ دايسن لەم بارەيەوە دەڵێت: ” پێم وايە ئەم شتە بەتەواوی ڕاستە، ئەگەر بتەوێت خەڵاتی نۆبڵ ببەيتەوە، ئەوا دەبێت ئارەزوويەکی ماوە درێژت هەبێت بۆ ئەو شتەی کاری لەسەر دەکەيت، لەگەڵ هەندێک لە کێشە قوڵ و گرنگەکاندا ڕابێيت و بۆ ماوەی 10 ساڵ لەگەڵ بمێنيتەوە، ئەوەش ستايلی من نەبوو”. فريمان دايسن لە نەخۆشخانەيەکی نزيک پەيمانگەی پرينستن بۆ خوێندنە ئاستبەرزەکان لە 28 ی فێبريوەوی ساڵی 2020 لە تەمەنی 96 ساڵيدا کۆچی دوايی دەکات. [1]