ناونیشانی بابەت:داوای پاراستنی دەستنووسە کۆنەکان دەکرێت
ئامادەکردنی:#هەڵمەت بتوێنی#
نووسەرێکی شاری #سلێمانی# ئاماژە بەوە دەکات کە پەڕتووکخانەیەکی ناو شاری سلێمانی چەندین پەڕتووکی لەخۆی گرتووە، کە ماوەی چەندین ساڵە بە شێوەی دەستنووس نووسراون و داواش دەکات بایەخی تایبەت بە پاراستنیان بدرێت.
#عەتا مەحموود# کە هەم نووسەرە و هەم لە بواری چاپکردنی پەڕتووک کار دەکات بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''پەڕتووکخانەی ئەوقافی سلێمانی یەکێکە لەو جێگا هەرە کۆنترینانەی کە ژمارەیەکی زۆر دەستنووس و سەرچاوەی مێژوویی لەخۆ گرتووە و سەدان دەستنووسی جۆراوجۆری لە زۆربەی بوارەکاندا لێیە.
گوتیشی: دەستنووسی لێیە کە میژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 600 ساڵ پێش ئێستا کە ناوەرۆکی بابەتەکانیان، لە بوارەکانی شیعر و ئەدەبیات، فەلسەفە، جوگرافیا، فەلەکناسی، ژمێریاری و سەرجەم بابەتە ئایینییەکانە، بە جۆرێک کۆی گشتیی دەستنووسەکان زیاتر لە 3800 دەستنووسە.
باسی لەوەش کرد: بە پەڕتووکخانەی ئەوقاف دەگوترێت پەڕتووکخانەی دایک، چونکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش دامەزراندن و بنیاتنانی شاری سلێمانی، کاتێک میرەکانی بابان بڕیار دەدەن پایتەختی میرنشینەکەیان لە قەڵاچوالانەوە بگوازنەوە بۆ سلێمانی، یەکێک لەو شوێنانەی دروستی دەکەن، مزگەوتی گەورەیە، هەموو ئەو دەستنووسانەی ئەوێ دەگوازنەوە بۆ مزگەوتی گەورە، شێخ مارفی نۆدێی و لە دوای ئەویش کاک ئەحمەدی شێخ سەرپەرشتیی دەکەن. تا لە ساڵانی دواتردا دەستنووس و سەرچاوەکان دەبرێنە پەڕتووکخانەی ئەوقاف.
عەتا مەحموود داواشی کرد:بەهۆی کۆنی و تەمەنی زۆریانەوە، ئەو دەستنووسانە مەترسیی لەناوچوونیان هەیە، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیداری #حکوومەتی هەرێمی کوردستان# لە ڕێگەی پلان و بەرنامە و دابینکردنی بینا و کارمەندی شارەزاوە بیانپارێزێت و ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگی خوێندنەوە و ڕۆشنبیری.
[1]