$جیهانی ڕزگاربوو لە دەسەڵاتی ئایین و قەیرانی مانا$
نووسینی: #عادل باخەوان#
دکتۆرا لە سۆسیۆلۆژیایدا
خوێندنەوەیەک لە قووڵایەکانی ماکس ڤێبەردا (1864-1920)
چۆن مۆدێرنیتێ بینا کرا و لە کێوە سەرچاوەی گرت؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ماکس ڤێبەر، گەورە سۆسیۆلۆگی ئەڵمانی، تەواوی سۆسیۆلۆژیاکەی خۆی بۆ تەرخان کردووە و ناوەرۆکی سەرەکیی تێز و لێکدانەوەکانی پێک دەهێنێت. ڤێبەر چەند سۆسیۆلۆگە ئەوەندەش مێژوونووسە، چەند ئابووریناسە ئەوەندەش پۆلیتۆلۆگە، ئەم “بەحرە لە علوم”، پاش تاودانی هەموو ئەو زانستانە، لە درێژەی توێژینەوەکانی لەسەر ئەو پرسیارەی سەرەوەدا ئەم دەرەنجامە دەخاتە ڕوو:
لە مێژووی بەشەریەتدا، بە تەنیا ئەورووپا، لەسەدەی شازدەیەمەوە، دەبێت بە مەیدانی گۆڕینی سرووشتی سیستەمی شارستانییەت. گەر مێژووی پێش سەدەی شازدەیەم بریتیبووبێت لە مێژووی دەستێوەردانی خوا لە کاروباری مرۆڤەکاندا، دەستێوەردانی ئاسمان لە کاروباری زەویدا، دەستێوەردانی ئایینەکان لە کاروباری تاکەکاندا، ئەوا لە سەدەی شانزەهەمەوە، ئەم سیستەمە دەگۆڕێت و دەبێت بە مێژووی دەستێوەردانی مرۆڤەکان لە کاروباری خواکاندا، دەستێوەردانی زەوی لە کاروباری ئاسماندا، دەستێوەردانی تاکەکان لە کاروباری ئایینەکاندا.
لە ڕوانگەی ئەم تێزەوە، تێزی گوزەرکردن و گۆڕینەوەی ڕۆڵەکان لەنێوان ئاسمان و زەوی و خوا و مرۆڤەکاندا، ماکس ڤێبەر دێت و کۆی پرۆسێسی مۆدێرنیتێ بە چەمکی ڕاسیۆنالیتێ پێناسەدەکات. ڕاسیۆنالیتێی مۆدێرنیتێش ڕەگوڕیشەکانی لەنێو ڕاسیۆنالیزەکردنی ئاییندا دەدۆزێتەوە. چەند ڕاسیۆنالیزەکردنی ئایین کۆتایی بە کۆمەڵگەی ترادیسیۆنێلی دامەزراو لەسەر ئایین هێنا، هێندەش بەشداری کرد لە دروستکردنی کۆمەڵگەی مۆدێرنیتێدا.
ئەمە ئەو گریمانە سەرەکیەیە کە ماکس ڤێبەر کاری لەسەر کردووە: لەڕێگەی خۆ-ڕاسیۆنالیزەکردنەوە ئایین مۆدێرنیتێی دروستکردووە. واتە ئایین بەدەستی خۆی دژە سەرسەختەکەی خۆی دروستکردووە.
” ڕاسیۆنالیتێ بریتییە لە بڵاوکردنەوەی کەرەسە ژیریانییەکان لە نێو هەموو پانتاییەکانی چالاکییە مرۆییەکاندا. واتە بۆ پێکانی ئامانجێک هەموو کەرەسە بەکارهێنراوەکان دەبێت “ڕاسیۆنالیزە” بکرێن. لێرەوە ڕاسیۆنالیتێ دەبێت بە ڕێکخستنی ژیان لەسەر بنەمای دابەشکردنی پانتاییەکان و دروستکردنی هارمۆنی لەنێوان کۆی چالاکییەکاندا. ئەمەش بێگوومان دەبێت دەرەنجامی توێژینەوە زانستیەکان لەسەر پەیوەندی نێوان مرۆڤ بە مرۆڤ و مرۆڤ بە ئامێر و مرۆڤ بە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت. “
گرنگی ئەم تێزە لەوەدایە لە زەمەنێکدا لەدایک دەبێت کە بۆچوونی هەیمەنەدار لە کۆمەڵگە ئەورووپیەکاندا بریتییە لە فڕێدانی ئایین بۆ نێو زبڵدانی مێژوو، بریتییە لە کۆتاییهاتن بە ئایین و مردنی خوا. لەکاتێکدا کە هەموو لایەک باس لە دابڕان و کۆتایی ئایین دەکەن، ڤێبەر پێماندەڵێت ئایین بەدەستی خۆی مۆدێرنیتێی دروستکردووە! ئەمەیە ئەو تێزەی کە هەموو لایەک توشی شۆکدەکات.
جیهانی ڕزگاربوو لە دەسەڵاتی ئایین
ناکرێت بەبێ تێگەشتن لە سۆسیۆلۆژیای ماکس ڤێبەر ئێمە بتوانین تێگەشتنێکی تێروتەسەل لەسەر پەیوەندیە ئاڵۆزەکانی نێوان ئایین و مۆدێرنیتێ، ئایین و ڕاسیۆنالیتێ، چوونە دەرەوە لە دەسەڵاتی ئایین و هەیمەنەی عەقل لە جیهانی نوێدا بەرهەم بهێنین. ئەو گریمانە سەرەکییەی کە ماکس ڤێبەر کاری لەسەر دەکات، دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە دایبڕێژین: مێژوو بە پرۆسسی ڕاسیۆنالیزاسیۆندا گوزەریکرد کە دەکاتە پرۆسێسی داڕنینی جیهان لە ئەفسانەکان کە دەکاتە جیهانێکی ڕزگاربوو لە دەسەڵاتی ئایین.
بۆ دەستنیشانکردنی ئەم هاوکێشەیە، ڤێبەر یەکێک لە چەمکە هەرە بەناوبانگەکانی دەخاتە کار. چەمکێک کە پاش نزیکەی سەدەیەک دوای مەرگی ئەم سۆسیۆلۆگە، دەبێتەوە بە بابەتی ناوەندیی گوفتوگۆی زانستە کۆمەڵایەتیە جیهانییە کان. لە زمانە ئەڵمانییە کەی ماکس ڤێبەردا ئەم چەمکە بەم شێوەیە دەنووسرێت:
Entzauberung der Welt
پاش چەندان گوفتوگۆ و لێکدانەوە لەلایەن تایبەتمەندەکانەوە، فەرەنسیەکان بەم شێوەیە وەریان گێڕاوە:
Désenchantement du monde
لە زمانی ئینگلیزیدا بەم شێوەیەی خوارەوە وەرگێڕدراوە و چووەتە نێو زانستە کۆمەڵایەتییەکانی جیهانی ئەنگلۆفۆنەوە:
Disenchantment of the world
ئەم چەمکە گوزارشتە لە پرۆسێسی دوورکەوتنەوە لە و لۆژیک و ئەرگیومۆنتانەی ئایین و سیحر کە تەفسیر و تەئویلی جیهان دەکەن و جێگرتنەوەیانە بە لۆژیک و ئەرگیومۆنتە ڕاسیۆنێلەکان. لە جیهانی مۆدێرندا خواکان، ڕۆحەکان، شەیتانەکان و دەسەڵاتە غەیبیەکان کورسیەکانیان چۆڵدەکەن بۆ واقیعێکی ڕوتوقوت کە سەرمایەداری لە چرکەی ڕاسێۆنالیتێ ئابووریەکەیدا هۆشیاریە کامڵبوەکەیەتی. ئەو ژیریییەتەی کە سەرمایەداری بەرهەم دەهێنێت بەردەوام کلیک دەکات لەسەر:
ژمێریاری ستراتیژی
بیرۆکراسی
چوارچێوەدان بۆ شتەکان و چالاکییەکان
پێشنیازکردنی ڕێکخستنی ئەبستراکت بۆ هەموو کات و شوێنەکان
لێرەوە ڕاسیۆنالیزاسیۆن بەشداری دەکات لە دروستکردنی کولتوورێکی جیهانیدا کە کۆی مرۆڤەکان لەنێوان خۆیاندا دابەشی دەکەن. ئەم ڕاسیۆنالیزاسیۆنە لە کوێدا تێبینیدەکرێت ؟ کامانەن ئەو هێمایانەی کە دەمانبەنەوە سەر ئەم پرۆسێسە ؟
ڤێبەر پێیوایە باشترین مەیدانێک کە ڕاسیۆنالیزاسیۆن کاری تیاداکردبێت و خۆی دەرخستبێت مەیدانی ڕۆشنبیریە. ڕۆژاوا دەبێت بە سەرزەمینی لەدایکبوونی زانستە ژیریانییە کان. ڕاکێشانی هەموو مەیدانەکان بۆ نێو جیهانی زانست و میتۆدەکانی بەڵگەیە لەسەر ئەم تێزە. بایەخی ئەم مەیدانە لەوەدایە کە توانی میتۆدێکی ئەبستراکت و جیهانی وا پێشنیاربکات کە لەسەروی هەموو کات و شوێنەکانەوە بێت و مرۆڤەکان لەهەر کوێبن، بۆ خوێندنەوەی شتەکان، بەکار یبێنن.
ڕاسیۆنالیزاسیۆن هەیمەنەی بەسەر جیهانی هونەرەکانیشداکردووە، بەتایبەتی لەگەڵ دەرکەوتنی مۆسیقایەک کە بە شێوەیەکی ژیریانی لە هەرمۆنیدایە. بیناسازی وەک پرۆسێسی بەکارهێنانی پانتایی بە هەموو مانایەکەوە مەیدانێکی دیکەی دەرکەوتنی ڕاسیۆنالیتێی مۆدێرنیتێیە. سیاسەت و ئابووری دیسانەوە دوو مەیدانی گرنگن کە لەسەر بنەماکانی ڕاسیۆنالیتێ بینا کراونەتەوە. سیستەمی دروستکردنەوەی شارەکان وەک یەکەیەکی سیاسی و ئابووری لەهەمان کاتدا مەیدانێکی دیکەی دەرکەوتنی ڕاسیۆنالیتێیە. تەنانەت خودی کۆمەڵگە خۆشی لەنێو پرۆسێسی ڕاسیۆنالیزاسیۆندا نوقومدەبێت. لە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی بیناکراو لەسەر زاتیەتی هەستکردن بە ئینتیما بۆ ترادیسیۆنێک، بەرەو پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی بیناکراو لەسەر ڕێکەوتنی ئەندامەکان لەسەر چوارچێوەیەک لە بەرژەوەندیی گشتی کۆلێکتیڤ، ستراکتۆرە کۆمەلایەتییەکانیش دەگۆرێن و خۆیان ڕاسیۆنالیزەدەکەن.
لەگەڵ گەشەکردنی ڕاسیۆنالیتێدا، کە هاوڕێیەتیکراوە لەلایەن ئاساییکردنەوەی جیهان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیە مرۆییەکان، “ئیونیڤێرسالیتێ”یەکش سەرهەڵدەدات و جێگا تەنگدەکات بە هەموو ئەو بەها ئایینیانەی کە مانای باڵایان بە ژیانی مرۆڤەکان دەبەخشی و پەناگەیان بوون. هەروەها لەگەڵ گەشەکردنی ڕاسیۆنالیتێدا، بیرۆکراسیەتی وجود باڵدەکێشت بەسەر هەموو مەیدانەکانی ژیاندا و یاسا و ڕێکخستنە ناکەسی و ژیریانییە کانی دەسەپێنێت بەسەر هەموو لایەکدا و لەم ڕێگایەشەوە ترادیسیۆن و هەست و سۆز دەخاتە نێوان دوو کەوانەوە.
بۆ دۆزینەوەی ڕەگوڕیشەکانی مۆدێرنیتێ، ماکس ڤێبەر کۆی مێژووی ئایینەکان دەکات بە مەیدانی توێژینەوە و پشکنین. ئەو لەکاتێکدا دەگەڕێت بەدوای پرسیاری بۆچی و چۆن ئایین بەدەستی خۆی دەرگای لەسەر ڕاسیۆنالتێ کردەوە، واتە بەدەستی خۆی دژەکەی خۆی دروست کرد، لەهەمانکاتدا پێمان دەڵێت چۆن و لەبەرچی مۆدێرنیتێ لە ڕۆژاوادا نەک لە ڕۆژهەڵاتدا دروست دەبێت و لە زەمینی کریستیانیسم بەگشتی و پرۆتیستانتیسمدا بەتایبەتی نەک لە زەمینی ئایینەکانی دیکەدا دروست دەبێت.
لێرەوە توێژینەوە لەسەر ئایین لای ڤێبەر بەشێوەیەکی سرووشتی دەبێت بە توێژینەوە لەسەر بەراوردکردنی ئایینەکان. بەپێچەوانەی دۆرکایمەوە کە بەدوای ڕگوڕیشەکانی ئاییندا دەگەڕێت، ماکس ڤێبەر دەیەوێت تێبگات لە دەرەنجامی ئیعتیقادەکان لەسەر کۆمەڵگە و مێژووی مرۆڤەکان و ئەمەش هۆکاری سەرەکی کردنەوەی دەروازەیەکە لەسەر ڕاڤەکردنی پرۆسێسەکانی (ژیریەنەکردن) لە هۆشیاری ئایینیدا.
قەیرانی مانا
هەر دابڕانێک سەرچاوەی دروستبوونی قەیرانی مانایە لە ژیانی مرۆڤەکاندا. دابڕانی وجودی ورووژێنەری پرسیار و ئیشکالیەت و قەیرانی مانایە. ئەم دابڕانەش کە باسی دەکەین زیاتر لە ئاستی وشیاریدایە تا واقیع. ڕاستە دابڕانی واقیع قەیرانی مانا لای مرۆڤەکان دروست دەکات، بەڵام هەرگیز لە ئاستی ئەو قەیرانەدا نییە کە دابڕانی وشیاری دروستی دەکات. کاتێک کە تاکێک یان گرووپێک چاوەڕوانییەکانیان، خەونەکانیان وەک ئەوەی کە هەن نایەنە دی، ئیتر پرسیار و قەیرانی مانا و هەستکردن بە بێمانایی دەست پێ دەکات.
ماکس ڤێبەر پێیوایە ئەم “هەستکردنە” سەرچاوەی هێشتنەوەی ڕژێمێکی ڕەمزی بیناکراوە لەسەر سیستەمێک لە بەها. بۆ ئەوەی ژیان مومکین بێت ئاسمانی بەهاکان کە کشاوە بەسەر مرۆڤایەتیدا دەبێت هەمیشە بەڕێکخراوەیی و دور لە فەوزا بمێنێتەوە. هەر دروستبوونی مەودایەک لەنێوان ڕژێمی یاسادانەر و پراکتیکی ڕۆژانەدا ژیان دەخاتە بارودۆخی ناجێگیریەکەوە کە دەبێت بەهۆی قەیرانی “مانا”یەک کە مرۆڤەکان ناچاردەکات بە ڕامهێنانی واقیع لەگەڵ ئەو بەهایانەدا کە سەرچاوەی باڵای بەرهەمهێنانی ماناکانن.
گەردوونی بەهاکان بایەخێکی تایبەتیان لای ماکس ڤێبەر هەیە. ئینسیجامیان لەگەڵ جیهانی کۆمەڵایەتیدا مەرجێکی سەرەتاییە بۆ دروستکردنی سیستەمی بەرهەمهێنەری ئەو نۆرمانەی کە چوارچێوەی ڕەفتاری تاک و گرووپەکان دەستنیشان دەکەن. ئەو بەهایانە، لای ماکس ڤێبەر، لە قووڵاییاندا سرووشتێکی ئایینیان هەیە و لەڕێگەی توێژینەوە لەسەر مێژووی ئایینەکانیش دەیەوێت ئەم تێزە بسەلمێنێت.
گەڕان بەدوای قەیرانی مانادا ماکس ڤێبەر ناچاردەکات بەگەڕانەوە بۆ ئیسرائیلی ئەنتیک. لە 683 ی پێش زایندا بتپەرستەکان پەلاماری یەکەم دەوڵەتی جووەکان دەدەن و لەتوپەتی دەکەن و لە بنەوە هەڵیدەوەشێننەوە و پاشان دانیشتوانی دەوڵەتەکەش “تەرحیل”دەکەن بۆ بابیلۆن.
ئەم کارەساتە گەر کەمێک زیاتر قووڵ بووبووایەتەوە، دەیتوانی کۆتایی بە جودایسم بێنێت و ئیمزای مردنی بکات و گەلی جولەکە فڕێبداتە نێو پەراوێزە لەبیرچووەکانی مێژووەوە. جووەکان لە خۆیان دەپرسی: باشە چۆن گەلێکی وەک ئێمە، کە لەنێو هەموو گەلانی دنیادا خوا هەڵی بژاردووە، لەلایەن ئیمپراتۆریەتێکی بتپەرستەوە نەک هەر سووکایەتی پێ دەکرێت و دەوڵەتەکەی لەناو دەبرێت، بەڵکووو یەک بە یەکیشیان ناچار بە “تەرحیل” دەکرێت؟
لە چرکەساتی پرسیارێکی ئاوادایە کە کۆی ئیمپراتۆریەتی “مانا” لای جووەکان دەلەرزێت و وەک بەفر هەرەس دەهێنێت و دەبێت بەسەرەتای گەڕان بەدوای دۆزینەوەی وەڵامە ڕاسیۆنێلەکاندا. پرسیارکردن لە شکست جووەکان دەگەیەنێتە ئەو “تیۆدۆسیا”یەی کە لەسەر ئەم گوتارەی خوارەوە دامەزراوە:
“هەرچەند خراپەکاران هەیمەنەیان کردووە بەسەر جیهاندا، بەڵام خوا خۆی بەتەنها حوکمی دەکات! کاتێک ئیسرائیل کە هەڵبژاردەی خوایە شکست دێنێت، لەبەر ئەوەیە کە وەفادار نەبوو بۆ تەورات کە گرێبەستی نێوان خوا و جووەکانە. کە ئەوان لە یاسای خوا لایاندا، ئیتر خوا بابیلۆنییە کانی بەکارهێنا بۆ ئەوەی سزایان بدات. بۆئەوەی ئیسرائیل سەرلەنوێ ببێتەوە بە خاوەنی خاکی پیرۆز و دەسەڵات دەبێت تەوبە بکات و بگەڕێتەوە بۆلای خوا“
چۆن و کەی ئەم جۆرە حاڵەتانە دەبن بە سەرچاوەی بەرهەمهێنەری ڕاسیۆنالیتێ ؟ ڤێبەر پێیوایە بایەخی ئەم جۆرە حاڵەتانە لەوەدایە کە ڕێکخستنێکی گونجاو لەنێوان بۆچەونەکان و فاکتەکاندا فەرزدەکات بەسەر هەموو لایەکدا. ڕەسەنایەتی ئەم ڕێکخستنەش لەوەدایە کە بەشێوەیەکی دیالێکتیکانە، لەنێو خۆیدا و لە یەککاتدا “سەلماندن” و “پێچەوانەکەشی” پێکەوە کۆدەکاتەوە.
لە جیهانبینی پێغەمبەرەکاندا هەموو شتێک مانایەکی هەیە، تەنانەت خراپەش، سزای تاوانێک هەڵگری هەمان لۆژیکی چاکەیە، چونکە لە کۆتاییدا مەبەستی باڵای سزای تاوانبارێک لەپێناوی چاکەدایە. ئامانج لە م چوارچێوەیە لە ڕێکخستن بریتییە لە مانابەخشین تەنانەت بە و شتانەش کە لە سیستەمی بەهای هەیمەنەدارەکاندا وا دەردەکەون بێ مانان.
چەند مەدلوول ببەخشین بە و شتانەی کە مەدلوولیان نییە، چەند پێویستیی کشانی “گونجان” بەسەر مەیدانەکانی دیکەدا خۆی فەرزکات، ئەوەندەش بازاڕی بەهاکان گەرم دەبێت و پرسیاری جێبەجێکردنیان گەورە دەبێت. چەند حاڵەتەکان دووبارە ببنەوە، ئەوەندەش ڕاسیۆنالیزاسیۆنی جیهان قووڵ دەبێتەوە، بە و مانایەی کە بەهاکان زیاتر خۆیان دەکەن بە واقیعەکاندا. چەند ڕێکخستنی بەها دروستکارەکان خۆیان ڕاسیۆنالیزەبکە، ئەوەندەش بەریەکەوتنی نۆرم و واقیع فراوانتر دەبێت. چەند تاکەکان لە حیرمان نزیک ببنەوە، هێندەش داواکاری گەشەکردنی ڕاسیۆنالیتێ بەهێزتر دەبێت.
بەڵام ڕاسیۆنالیتێ چییە و چۆن کار دەکات؟
ماکس ڤێبەر پێی وایە ئەم چەمکە خۆی لە خۆیدا بەهایەک نییە، بەڵکوو چوارچێوەیەکی ڕێکخستنی ئەو بەهایانەیە کە کردەی ڕاسیۆنالیزاسیۆن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بڵاویان دەکاتەوە. سنوورەکانی ڕاسیۆنالیتێ فۆرم تێپەڕ ناکەن و هیچ پەیوەندیەکیان بە جەوهەرگەراییەوە نییە، واتە ڕاسیۆنالیتێ دۆخێکی فۆرمگەرایە نەک جەوهەرگەرا. لە سۆسیۆلۆژیای ماکس ڤێبەردا ڕاسیۆنالیزاسیۆن بە سێ پرۆسێس کار دەکات:
لە پرۆسێسی یەکەمدا کار دەکات لەسەر ڕوونکردنەوەی ڕۆشنبیرانەی بەهاکان و ئاشکراکردنی بناغە فیکریەکانیان، چ لەسەر ئاستی مێتافیزیک چ لەسەر ئاستی تیۆلۆژیک.
لە پرۆسێسی دووهەمدا کاردەکات لەسەر ئەو ڕفتارانەی کە دەبن بە ئاوێنەی دەرخستنی بەهاکان، بەبێ حسابکردن بۆئەوەی کە ئایا لەلایەن کۆمەڵگەوە یان کولتورێکی دیاریکراوەوە فەرزکراوان یان نا.
لە پرۆسێسی سێیەمدا بەهاکان وەک چالاکی و زیندویەتی پراگماتیکانە، نەک بە تەنیا ڕەمزی، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. واتە بەهاکان لێرەدا دەبن بە مۆدێلێک لە ژیان و جیهانبینییە کی ڕەهای گەردوون.
لەڕێگەی ئەم سێ پرۆسێسەوە ماکس ڤێبەر تێوریەکی سۆسیۆلۆژی لەسەر چۆنییە تی کارکردنی بەهاکان دادەمەزرێنێت کە دەکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە بیناسێنین:
بەهاکان، کە هەمیشە گشتی و ئەبستراکتن، خالقی ئەو نۆرمانەن کە لە چرکەی خەلقبونیانەوە و لەنێو دۆخە جیاوازەکاندا خالقەکانیان (بەهاکان) وەردەگێڕنە سەر پراکتیک. لە دۆخێکی تایبەتدا، کاتێک گرووپێک لە مرۆڤەکان سزای ڕەفتارێک دەدەن، ئیدی لە و چرکەیەدا بوونی نۆرمێک لە نۆرمەکان و لە پشت ئەویشەوە بوونی بەهایەک لەبەهاکان دەردەکەوێت و چوارچێوەیەکی وجودی وەردەگرێت.
لێرەوە ڕاسیۆنالیزاسیۆن ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێتەوە بە ڕەفتارەکان و هۆشیاریەکانەوە. ئەمەش دیسانەوە ڤێبەر دەباتەوە سەر ئایین. ئەو پێیوایە بەهاکان، لەڕێگەی تاقانەیی و مێژوەکەیانەوە، هەڵگری سرووشتێکی ئایینین و کێڵگەی کارکردنیان بە پلەی یەکەم خودی ئایینە.
هەموو ئەوانەی کە لە بێ مانایدا دەژین، ئایین دەتوانێت پڕ مانایان بکات. هەموو ئەوانەی لە گومان و ڕاڕای و بچووکیدا دەژین، ئایین دڵنیایان دەکاتەوە و یەقینیان پێ دەبەخشێت و فێری گەورەبوونیان دەکات. وەڵامەکانی ئایین ڕێز و شەرەف بۆ مرۆڤەکان دەگێڕێتەوە و لەنێو دۆخ و هەلومەرجە سەختەکاندا بەهێزیان دەکات. تەنانەت لە چرکەی هەژاری و کڵۆڵی مرۆڤەکانیشدا ئایین دێت و زنجیرەیەک لە بەڵگە و بەهانە دەخاتە بەردەستیان و مانا بە هەژاری و کڵۆڵییەکانیشان دەبەخشێت.
بەپێچەوانەی مارکسەوە، ماکس ڤێبەر پێی وانییە کە ئایین چەکی دەستی چینی هەیمەنەدارانبێت بۆ چەوساندنەوە و خەڵەتاندن و فێڵلێکردنی چینی هەیمەنەلەسەرکراوەکان. بەپێچەوانەی مارکسەوە، ڤێبەر پێی وا نییە کە ئایین کەرەسەی قەناعەتکردنی چینی هەیمەنەلەسەرکراوەکان بێت بۆ قبووڵکردنی هەیمەنەی چینی هەیمەنەداران. ڤێبەر پێی وایە ئایین خۆی لە خۆیدا کەرەسەیەکی داهێنراوی دەسەڵات نییە بۆ ئەوەی بە ئارەزی خۆی بەکاری بهێنێت، بەڵکوو سەرچاوە لە “پێویستیەکەوە” دەگرێت کە شەرعییەت دەدات بە “بوون”ی هەر مرۆڤێک و لە هەرێمەکانی بێ-مانای ڕزگاری دەکات.
ئەم “پێویستیە” لای ئەکتەری ئایینی به”نهێنی” دەمێنێتەوە، چونکە ئەو بە ڕادەیەک لەنێو پرۆسێسی مانا بەخشین بەژیانیدا ونبووە توانای ئەوەی نییە مەودایەک لەنێوان خۆی و کردەکانیدا دروستبکات و هەوڵی تێگەشتن بدات لەوەی کە دەیکات. وشیاری ئەو وشیاریەکی سەرگەرمکراوە بە پرۆسێسی مانا دروستکردنەوە نەک بە ڕامان لە خودی ماناکان. ئەم “نهێنییە ” لەبەرانبەر خود و ئەوانیدیکەشدا مەرجێکی سەرەکیە بۆ ئەوەی ئایین بتوانێت وەک شەرعیەت بەخش کاربکات.
مارکس پێی وایە “مانا”بەخشین بە واقیعی ئاماده، دورکەوتنەوەیە لە چەکی ڕەخنەگترن لە واقیع وەک ئەوەی کە هەیە، درێژکردنەوەی واقیعی کوشندە و تاڵی مرۆڤەکانە، شەرعییەت بەخشینە بە نایەکسانی و نادادپەروەری. بەڵام ڤێبەر پێیوایە، بەپێچەوانەوە، بۆ ئەوەی بژین، مرۆڤەکان پێویستیان بە درێژکردنەوەی تەمەنی بەها و تەمەنی مانا هەیە وبەبێ ئەم حاڵەتەش مرۆڤەکان ناتوانن ژیانێکی شەرفمەندانە بژین. مارکس ئەرزشێکی زۆر کەم بە “مانا” دەبەخشێت و پێیوایە هیچ نییە کەرەسەی فێڵکردنی ئایدۆلۆژیا نەبێت.
لە سۆسیۆلۆژیای ماکس ڤێبەردا تەنیا دوو ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤێک بتوانێت خۆی لە گەردوونی بێ-مانابوون ڕزگاربکات.
ڕێگەی یەکەم بریتییە لە توانەوە لە مانای باڵادا کە ئایینەکان ناوی دەنێن خوداوەند، ئاوێتەبوون بە وجودی ئەو و ڕەنگدانەوە لە ئەودا بەڕادەیەک کە ئیتر بستێک پانتایی لە بێ-مانایی لە ژیانی مرۆڤێکدا نامێنێتەوە.
ڕێگەی دوهەمیش کە تەواو پێچەوانەی ڕێگەی یەکەمە، بریتییە لە چوونە دەرەوە لە “قەلەقی وجودی” کە بەفەرەنسی دەبێت بە (L’angoisse existentielle).
ئەم دوو ڕێگەیە کە مرۆڤەکان بەرەو ڕزگاربوون لە هەرێمەکانی بێ-مانایی دەبەن، بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە لێکجاوازن و بەردەوام یەکتری دوردەخەنەوە. لە بەردەم ئەم دوو ڕێگەیەدا ڕێگەی سێیەم و چارەسەری سێیەم بوونی نییە. مەبەست لە ڕێگەی سێیەمێکە کە وا لە مرۆڤەکان دەکات کە ئیتر بەدوای مانادا نەگەڕێن و ڕێکخستنی ڕەفتارەکانیان لەگەڵ بەهاکاندا بەلاوە گرنگ نەبێت. لەبیرمان نەچێت کە ئامانجی سەرەکی لە مانا بەخشین بە شتەکان و ژیان بریتییە لە پڕکردنەوەی بۆشاییە وجودیەکان و ئەو مەودا سەختانەی کە لەنێوان چاوەڕوانییە کان و واقیعدا هەیە. ئەوانەی نایانەوێت جیهان وەک ناجێگری و ناگونجاوی و نایەکسانی و زەبروزەنگ و نادادپەروەری ببینن (وەک ئەوەی کە لە واقیعداهەیە) بەردەوام پێویستیان بە چارەسەرێکی ڕادیکاڵانە هەیە. ماکس ڤێبەر ئەم پێویستیە وەک پێویستی ڕزگاربوون دەسنیشان دەکات.
پێشتر ئاماژەمان پێ دا کە ئەم پێویستیە لە پەیوەندی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ڕێز و شەرەف و شەرعەیەتبەخشینی تاکە کەسەکاندا و گونجاندنە لەگەڵ بەها ڕەهاکاندا کە لە ململانێی بەردەوامدان لەگەڵ فەوزا و ناجێگیری جیهاندا.
ڤێبەر هەمیشە پرسیاری ڕزگاربوون دەبەستێتەوە بە خودی جیهانەوە و لای ئەو ئەم پرسیارە تەنها لە چرکەی پەیوەندی بە جیهانەوە دەکرێت. لێرەوە چەمکی جیهان دەبێت بەناوەندی پرسیاری ڕزگاربوون. تەنها ئەو کاتە ڕزگاربوون دەبێت بە شتێکی مومکین کە هەموو شتەکانی دیکەی جیهان بخرێنە نێو پرۆسێسی ڕێژەییەوە…ماکس ڤێبەر پێمان دەڵێت: بەهاکان ناواقیعین، بەڵام بێ ئەوان ژیان هیچ ڕێزێکی نییە و سوک و ڕیسوایە.
بۆ کۆتاییهێنان بە بەریەکەوتنە وجودیەکان، ئێمە لەبەردەم دوو هەڵبژاردەداین: یان پشتکردنە هەموو ئەو ململانێیانەی کە لەم بەریەکەوتنە وجودیانەوە دروستدەبن (بەهاکان دژ بە فەوزای جیهان) یان دەستێوەردانی ئەکتیڤانە بۆ گونجاندنی هەلومەرجی جیهان لەگەڵ بەهاکاندا.
لە سۆسیۆلۆژیای ڤێبەردا مرۆڤەکان بۆ پارێزگاریکردن لە ڕێز و شەرەفی مرۆییان تەنها لەبەردەم ئەم دوو ستراتیژیەتەدان. ئەم دوو ستراتیژیەتەش دوو تیپ لە ئاییندارین کە لەسەر ئیمەنەنس و ترانساندانس خۆیان دادەمەزرێنن. لە چرکەی ئیمەنەنسدا مانا لەنێو زەمەنێکی درێژدا دەدۆزرێتەوە، بەڵام لە چرکەی ترانساندانسدا مانا لەنێو نا-زەمەندایە. لێرەوە ترانسادانس و ئیمەنەنس وەک دوو مۆدێلی جیاوازی ڕادیکاڵانە لە مانا دەردەکەون. باشترین مەیدانێک کە ڤێبەر ئەم جیاوازیەی تیادا تێبینیدەکات مەیدانی دینداریە.
لە بودیسمدا، لە چرکەی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ خراپە یاخود نادادپەروەریدا، مرۆڤەکان دێن و لەڕێگەی ترانسمیگرەیشن-جیابونەوەی ڕۆحەوە مانا دروستدەکەن: مرۆڤێک کە هەست بە ئازاردەکات لەبەر ئەوەیە کە ڕۆحی هێندە پاک نییە تا بگاتە ئاستی “تەناسوخ-Réincarnation” واتە تێکەڵبوونی ڕۆح بە جەستەیەکی دیکە پاش مردنی خاوەنەکەی. ڕاستە ئازارچەشتن شتێکی باشنییە، بەڵام لەهەمانکاتدا شتێکی پێویستە بۆ ئامادەکردنی ڕۆح. کاتێک ڕۆح، لە زەمەنێکی درێژدا کە بە پێوەری مرۆڤەکان ناپێورێت، دەگاتە ئاستێکی بەرز لەگەشەکردن کردەی ئازارچەشتن کۆتاییپێدێت، بەڵام بۆ گەشتن بەم ئاستە، مرۆڤەکان دەبێت بە تونێلی نەفیکردنی ژیاندا تێپەڕن، نەفیکردنێک کە هەلومەرجی پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگە و جەستە ئامادە دەکات. لەم ماوەیەشدا مرۆڤ خۆی لەگەڵ ئەو هەلومەرجەدا ڕادەهێنێت و خۆی دەسپێرێت بە جۆرێک لە پاسیڤیتێ.
لە ئایینە تەوحیدیەکاندا خراپە و نادادپەروەری دوو شتی قبوڵکراونین و لە جیهانی ئێرەدا ڕاستدەکرێنەوە و دواناخرێن بۆ جیهانێکی دیکە. لە ئایینە تەوحیدیەکاندا چەمکی “خەلق” تەواو جیایە لە چەمکی “تەناسوخ”ی بودیستەکان. چەمکی “خەلق” دەمانباتەوە سەر لێکجابونەوەی ڕادیاکاڵانەی هەردوو گەردونی “خالق” و “مەخلوق” لەیەکتری و تەنها پردێک کە ئەم دوو گەردونە بەیەکەوە دەبەستێتەوە ئەو تێکساتانەن کە لەڕێگەی “وەحی”یەوە هاتوون و بەڕونی باس لە پڕۆژە خواستگەراکەی خالق و پڕۆژە ئەخلاقیەکەی مەخلوق لەسەر زەویدا دەکەن.
تەواو بەپێچەوانەی بودیسمەوە، لە ئایینە تەوحیدیەکاندا خراپە وەک بەرانبەرە دژکەی خواستی خوداوەند پێناسەدەکرێت و مرۆڤەکان بەتەنها لێی بەرپرسیارن و دەبێت هەر خۆشیان ململانێی لەگەڵدابکەن و لەناویبەرن. بەپێی ئایینە تەوحیدیەکان، جیهانی مەخلوق دەبێت وەڵامی داواکاریەکانی خواستی خالق بداتەوە کە خۆی لە “حاکمیەتی” خوا لەسەر زەویدا کورتدەکاتەوە. لەکاتێکدا بودیسم مرۆڤەکان بەرەو جۆرێک لە قەدەریەت و خۆبەدەستەوەدان دەبات، ئایینە تەوحیدیەکان خۆیان وەردەگێڕنە سەر ئایینی شۆڕشگێڕ و دەبن بە سەرچاوەی کردەی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕنی جیهان و دروستکردنەوەی لەسەر خەیاڵدانێکی دیکە.
ئەم مۆدێلە لە ڕاڤەکردن تیشکدەخاتە سەر کۆی تیۆریە کۆمەڵناسیەکەی ماکس ڤێبەر، بەتایبەتی تیپۆلۆژیاکەی کە لەسەر بنەمای ئیدیالتیپ دامەزراوە. ئیدیالتیپ بریتییە لە بیناکردنێکی تیۆریانەی بەکارهێنراو وەک چوارچێوەی فیکر و چوارچێوەی ڕاڤەکردنی کۆمەڵگە. سۆسیۆلۆگ کەسێکە کە بەردەوام پێویستی بە تیۆریەک لەسەر فاکتی کۆمەڵایەتی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر واقیعە کۆمەڵایەتییەکان کاربکات. کۆمەڵگە وەک درەخت و وەک شاخ بوونی نییە : بەپێچەوانەوە، کۆمەڵگە تەنها نوێنەرایەتیکردنێکی “ڕۆپرێزەنتەیشن” ڕەمزیە، کردەیەکی تەجریدیانەی ڕۆشنبیرانەی بیناکراوە لەسەر کۆمەڵێک دیاردە و داتای واقیعی.
لەم سەرچاوەیەوە، بۆتێگەشتن لە کۆمەڵگە، سۆسیۆلۆگ دێت و لەڕێگەی فرەیی ئەو ڕەگەزانەی کە لەبەردەستیایەتی و ئەو تێبینیانەی کە کۆیکردونەتەوە و وەک یەکەیەکی گونجاوی ملکەچ بە بنەمای ڕاسیۆنالیتێ ڕێکیخستوون، ئیدیالتیپێک دروستدەکات.
ئەم گریمانەیە، لە تیۆری ماکس ڤێبەردا، وەک مەرجێکی پێویست مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، چونکە گەر لێکۆڵینەوەی بابەتەکان تەنها لێکۆڵینەوە بن لەسەر ئەو شتانەی کە بەڕێکەوت دێن و دروست دەبن و پاشان گوزەردەکەن و جارێکی دیکە دروستنابنەوە و بە ئێرەدا تێناپەڕنەوە و یەکجار دێن و بۆ یەکجاری ئاوادەبن، لە هەلومەرجێکی ئاوادا لێکۆڵینەوە هیچ مانایەکی نامێنێت و بەهاکانی خۆی لەدەستدەدات. تەنها ئەو شتانە بابەتی زانستن کە دوبارەدەبنەوە و بەردەوامن. سۆسیۆلۆگێک کە بە ئیدیالتیپەوە لەگەڵ ئەم واقیعەدا ڕوبەڕودەبێتەوە پڕچەکە بۆ شەڕکردنی تێگەشتن. بێگومان لە ساتەوەختەکانی کردەی لێکۆڵینەوەدا هەلومەرجی ئەوەی لەبەردەستدایە کە ئیدیالتیپەکەی لە سەنگی مەحەک بدات و سەرلەنوێ دایبڕێژێتەوە و دەستکاریبکات. بۆنموونە دوانەی “ترانساندنس-ئیمەنەنس” ئیدیالتیپێکی ڤێبەریە بۆ تێگەشتن لە فاکتی ئایینی، بەڵام ئیدیالتیپێکی زیادەڕەویتیاکراوی بارکراوە لە چەندین مەدلول کە ڕەنگە لە واقیعدا بوونیان نەبێت. بۆنموونە چەند “خۆبەدەستەوەدان” لە بودیسمدا هەیە هێندەش لە ئایینە تەوحیدیەکاندا هەیە، هەروەها چەند شۆڕشگێڕی لە ئایینە تەوحیدیەکاندا هەیە ئەوەندەش لە بودیسمدا هەیە.
ماکس ڤێبەر ئەو زانایەیە کە بەدوای چۆنییە تی دروستبوون و کارکردنی ڕاسیۆنالیتێی جیهانی مۆدێرندا دەگەڕێت و لە کۆتاییدا دەگاتە ئەم دەرەنجامە: ئەو ئایینانەی کە عیباداتیان ڕێکخستوە و لەلایەن پیاوێکی ئایینییە وە بەڕێوەدەبرێن (مەبەست لە و پیاوانەیە کە پرۆفیشنالی موقەدەسن) هۆکاری گرنگ و بنەڕەتی ڕاسیۆنالیزاسیۆن و کردەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و هەنگاونان بەرەو مۆدێرنیتێن. پیاوی ئایینی دەبێت گوتارێک بەرهەمبهێنێت کە یەکەیکی گونجاوبێت گەرنا دەکەوێتە ژێر گومانی باوەڕدارەکانەوە. یەکەیەکی گونجاوی ڕاسیۆنێل یەکسانە بە بەدەزگاییکردنی گوتار و پراکتیکەکان، یەکسانە بە دوبارەبونەوەیان و دەربازبوون لە ڕێکەوت، یەکسانە بە ڕێکخستنیان و پلەبەندکردنیان. ئەمەش سەرەتایەکی گرنگی دروستبون و سەرهەڵدان و پاشان بڵابونەوەی بیرۆکراتیەتە لە جیهانی نوێدا. [1]