$پەڕتووکە زۆر خراپەکان$
نووسینی: #شوان ئەحمەد#
-فردریک نیتشەی نەفرەتی، مارتن هایدیگەری درۆزن، میشێل فوکۆی دێوانە-
بەرایی:
وەک چۆن پەڕتووکخانەکان پڕن لەپەڕتووکی باش و لەتێکستی چێژ بەخش، بەو جۆرەش خاڵی نین لەبەرهەمی خراپ و لە نووسینی هەڵیت و پەڵیت. چۆن بەسەر پەڕتووکی گرنگ و تایبەت و سەنگیندا دەکەوین، ئاوەهاش دەرگیری پەڕتووکگەلیک دەبین کەهەناسەمان سواردەکەن و سوڕی خوێنمان تێکدەدەن.
پەڕتووکخانەکان هەم پەڕتووکی جوان و پڕ زانیاریان تێدایە، هەم پەڕتووکی دزێو و ژەهراویش. ئەم حوکمە بۆکایەی ڕۆشنبیریی هەموو میللەتان وەک یەکە، بەبێ جیاوازی. لەکایەی ڕۆشنبیریی عەرەبیدا، هەم نووسەری داهێنەر و بەهرەمەند دەبینین، هەم قەڵەم و پەڕتووک و بابەتی ئاست نزم و چەواشەش.
پەڕتووکی (نیتشە، هایدیگەر، فوکۆ – هەڵوەشاندنەوە و ڕەخنە)، یەکێکە لەو پەڕتووکە زۆر خراپ و پڕ ناهەقیانەی لەم ساڵانەی دوایدا بەرچاوم کەوتبێت و خوێندبێتمەوە. ئەگەرچی نووسەرەکەشی (د. محەمەد ئەلمزوغی)، ئەکادیمیستێکی توونسیەو و مامۆستای فەلسەفەیە لەپەیمانگای باڵا بۆ خوێندنی عەرەبی – ئیسلامی لەڕۆما و خاوەنی چەندین بەرهەمی فەلسەفیە لەسەر فەیلەسوفانی هاوچەرخی ئەوروپی.
ئەم پەڕتووکە کەبەقەوارەی (461) لاپەڕەیەو پشت ئەستوورە بە (131) سەرچاوەی فیکری و زانستی و فەلسەفی، وەک بەناونیشانەکەیدا دیارە، هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕەخنەگرتن لەفەلسەفە و بیرو بۆچون و دنیابینی، سیان لەگرنگترین فیگۆرە فەلسەفیەکانی فیکری هاوچەرخی ئەوروپی کەئەوانیش بریتین لە (فردریک نیتشە و مارتن هایدیگەر و میشێل فوکۆ).
بەڵام لەناوەرۆکدا ئەوەی دەبینین و بەسەریدا دەکەوین، جگە لەداشۆرین و توانج لێدان و شێواندنی کارەکتەری ئەو سێ ناوە دیارە، هیچی دیکە نییە. پەڕتووکەکە لەبەرگەوە بۆ بەرگ بێنرخکردن و تانە لێدانە لەپڕۆژەی هەریەک لەو سێ بیرمەندەی، بەکۆڵەکە و چاوگی دیار و گرنگی فیکری هاوچەرخی ئەوروپی ئەژمار دەکرێن.
ناونیشانی بەشە جیاجیاکانی پەڕتووکەکە (کەسێ بەشە)، بەسوکایەتی و جنێوپێدان دەچن و هەر لەسەرەتاوە خوێنەر درک بەوەدەکات نووسەر، نیەتی پەلاماردان و بچوککردنەوەی ئەو ناوانەی هەیە کەبەنیازە قسەیان لەسەر بکات و فەلسەفەکەیان بداتە بەر (ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوە). تایتڵی هەرسێ نەسکی پەڕتووکەکە بەمجۆرەیە: (نیتشەی نەفرەتی، لاپەڕە17 بۆ 150)، (هایدیگەری درۆزن، لاپەڕە151 بۆ 326)، (فوکۆی دێوانە، لاپەڕە 327 بۆ 443).
محەمەد ئەلمزوغی لەو پێشەکیەدا کەبۆ چاپی یەکەمی پەڕتووکەکە (2004)و چاپی دووەمی (2013) نووسیویەتی، لەهەوڵی ئەوەدایە بەرچاو ڕونی ئەوە بەخوێنەر بدات کەپەلاماردان و ڕەخنەگرتن لەو بیرمەندانە بەو توندی و سەختگیریە زۆرەوە، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە(نیتشە و هایدیگەر و فوکۆ)، بۆ خۆیان تائەوپەڕی ڕەخنەگری ڕادیکال بوون و دەستیان لەهیچ کەس و لەهیچ بەهاو پیرۆزییەک نەپاراستووەو بەشێوەیەکی پەڕگیرانە، پڕکێشیان لەتێزە ڕەخنەییەکانیاندا کردووە.
هەر بۆیە ئەوەی ئەمیش لەم پەڕتووکەیدا دەیکات، کەم تا زۆر شوێن پێهەڵگرتنی ئەوانەو فەلسەفە و فەلسەفاندنیش بەبێ ڕەخنەی توند و ڕادیکال و بنجبڕ، فەلسەفە نییە. بەڵام خوێنەر کاتێک بەوردی دەکەوێتە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی پەڕتووکەکە، هەر زوو هەست دەکات ئەوەی دەیخوێنێتەوە، چەند دوورە لەڕەخنەی ئەکادیمی و لەمیتۆدی هەڵوەشاندنەوە. ئەوەی هەیەو بەزەق و زۆپی دەبینرێت، سوکایەتی پێکردن و شێواندن و شکاندنە، نەک ڕەخنەگرتن و هەڵوەشاندنەوەو دەرخستنی ناوەرۆک و بیری فەلسەفی ئەوانەی باسیان دەکات.
نیتشەی نەفرەتی:
پەلاماردانی فردریک نیتشە لەلایەن نووسەری ئەم پەڕتووکەوە، پەلاماردانێکی شەڕانگێزانەیە… هەر لەدەسپێکی نووسینەکەیەوە، وەک کارەکتەرێکی بەد و خراپەکار وێنای دەکات و بەسەرچاوەی گومڕای و ناچێزیەکانی (هایدیگەر و فوکۆ)شی دەزانێت.
لەدووەم پەرەگرافی چاپی دووەمی پەڕتووکەکەیدا، ڕوودەکاتە خوێنەران و دەڵێت: (پێویستە ئاگاداری ئەوەبن، هزری نیتشە هزری کەسێکی شەڕخوازی توندوتیژەو بیرو بۆچونەکانیشی، دژ بەهیومانیزم و زانست و ئەقڵانیەتەو بەپڕاوپڕی، لەگەڵ دنیابینی ئیسلامیستە توندڕەوەکاندا یەک دێتەوە). هاوکات بۆ زیاتر شێواندنی وێنەی نیتشەو وێناکردنی وەک غۆل و ڤایرۆسێکی کوشندە بەخوێنەران، محەمەد ئەلمزوغی هەوڵدەدات لەناو پەڕتووکخانەی ئەوروپیەکاندا، بەو سەرچاوانە بۆچونەکانی پشت ڕاست بکاتەوە و شەرعیەتی زیاتریان پێبدات کەئەنتی نیتشەین و لەفەلسەفەکەی ئەو دەخوێنن.
ئەوەتا پەڕتووکێکی هێرمان تورک (نیتشە و هەڵە فەلسەفیەکان)، بەنموونە دێنێتەوە کەساڵی 1891 چاپکراوەو لەوێدا نووسەری ئەو پەڕتووکە، نیتشە بەپەیامبەری ئەهریمەن و درۆزنێکی لێزان و بەد ئاکار ناوزەد دەکات و دەیەوێت لەڕێی ئەو سەرچاوەوە، ئەوە لەخوێنەر بگەیەنێت کەئەوە مەعدەن و کرۆکی ئەو گەورە فەیلەسوفەی خۆراوایەو ئەوەش ڕاو بۆچونی خۆراوایی و ئەڵەمانەکانە لەسەر فەیلەسوفەکەیان.
لەلاپەڕە(20)دا دەنووسێت: (ئەوەی وایکرد نیتشەو فەلسەفەکەی نێوبانگ پەیدابکەن و ئەو سەنگ و قورساییەی هەبێت خۆی نەبوو، بەڵکوو ئەو بەرهەم و نووسینانە بوو کەباسیان لەژیان و بەرهەمەکانی دەکردو بەقەڵەمی فەیلەسوفانی وەک کارل یاسبەرس و مارتن هایدیگەر لەئەڵمانیا و میشێل فوکۆ و ژیڵ دولۆز لەفەرەنسا نووسران). بەڵام سەرباری ئەوەش ئەلمزوغی هەر پێیوایە، نیتشە کەسێکی هیچ لەبارانەبووەو دەڵێت: (گومانم هەیە ئەو بەو شیعرە تەلیسماویانەی کلتورێکی نوێی هێنابێتە ئارا، وەک بییار هیبەر – سۆڤرین لەپەڕتووکەکەی زەردەشتی نیتشەدا باسی دەکات، بەڵکوو ئەوەی ئەو بەرهەمی هێنا لەهەموو ڕوویەکەوە ماڵوێرانیەک بوو بۆ فەلسەفە).
لەو ناهەقی و شێواندنانەی دیکەشدا کەلەژێر ناوی (ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوە)دا بەخوێنەرانی دەفرۆشێتەوە، دەڵێت: (نیتشە فەیلەسوف نەبوو، بەڵکوو پسپۆڕی بوواری فیلۆلۆگیابوو. بەنووسینەکانیدا دیارە چەند لەڕووی فەلسەفیەوە دەست کورت و کەم توانا بووە… ئەو بەڕێکەوت بەسەر پەڕتووکێکی شوپنهاوەردا دەکەوێت و ئاشنای فەلسەفەو فەلسەفاندن دەبێت.. ئاشنابوونیشی بەفەلسەفە، زۆر ڕوکەشانەو کاڵ و کرچ بووە.. نیتشە مرۆڤێک بووە جەنگاوەر و هەمیشە خەیاڵی لای شەڕ و شۆڕ بووە. ئەی ئەوەنییە بەپیتی درشت دەنووسێت: لەبەرەکانی جەنگ چاوەڕوانی هەموو هاوڕێیانم دەکەم. یان دەڵێت: جەنگ دەرمانی دەردی هەموو شارستانیەتێکە. هەر لەبەرئەوەشە پیاوکوژێکی گەورەی وەک موسۆلێنی، دان بەوەدا دەنێت کەلەهەوادارە دڵسۆزەکانی نیتشە بووە).
محەمەد ئەلمزوغی هەر بەلێدان و تارومارکردنی فەیلەسوفێکی وەک نیتشەوە دانەکەوێت، بەڵکوو هەڵدەکوتێتە سەر ئەوانەشی فەلسەفەی نیتشەیان بەرز نرخاندووەو ستایشی بیرتیژی و بایەخ و گرنگی ئەویان کردووە. (کارل یاسبەرس) یەکێکە لەوانە (بڕوانە ل 48 – 52). بەدوای ئەویشدا پەلاماری(ژێل دولۆز) و پەڕتووکەکەی (نیتشە و فەلسەفە) دەدات کەساڵی 199، ئوسامە ئەلحاج وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و بەیەکێک لەپەڕتووکە گرنگەکان ئەژمار دەکرێت، دەربارەی نیتشە و فەلسەفەکەی. دەرهەق بەهەوڵی ئەو دوانە و کەسانی دیکەش دەڵێت: (ئەوانە بەهەڵەداچوون کەپێیان وایە نیتشە فەیلەسوفەو لەبواری فەلسەفەدا شۆڕشێکی گەورەی بەرپاکردووە، ئەم خەیاڵ پڵاوە تەنها دروستکراوی ئەندێشەی کەسانی وەک هایدیگەر و یاسبەرس و فوکۆ و ژیڵ دولۆزە. بڕوانە ل 99).
وەک ئەنجامگیرییەک، ئەم ئەکادیمیستە تونسیە بەتەوسێکەوە دەنووسێت: (نیتشە گەر فەیلەسوفیش بووبێت، فەلسەفە لەسەردەستی ئەو کۆتایی دێت و تەواو دەبێت. ئەو چەند ستایشی میوزیکی کردووەو لەبارەی گرنگی و بایەخیەوە دواوە، بەڵام بەهرە و زەوقی میوزیکی لەنزمترین ئاستدابووە. ئەو جگە لەتیۆرسینێکی کۆنەپەرست و ڕاسیست شتێکی تر نەبووە، هەر بۆیە تەواوی ئاقارە ڕاستڕەوەکانی خۆراوا لەئێستاو ڕابردوودا، ئایدیاو دروشمەکانی ئەو پەیڕەودەکەن و لەسەری دەڕۆن).
بەگشتی ئەوەی ئەم نووسەرە لەو بەشەی پەڕتووکەکەیدا دەیەوێت بیڵێت و بیدات بەگوێی هەمواندا ئەوەیە: (نیتشە دەردو پەتاو ڤایرۆسێکی ترسناکەو دەبێت خۆمانی لێ لابدەین.. ئەو نەفەیلەسوفە و نەهیچی گرنگی پێیە بۆ وتن. کابرایەکی بەد و نەفرەتییە و پێویستە بەفەرامۆشی بسپێرین.
هایدیگەری درۆزن:
دوای ئەو هەموو ناهەقیانە دەرهەق بە فەیلەسوفێکی گرنگ و بەهەرمەندی وەک فریدریک نیتشە، ئەم ئەکادمیستە توونسیە دێتە سەر مارتن هایدیگەرو بەناوی ڕەخنەو هەڵوەشاندنەوەوە، هەرچی تۆمەتی سیاسی و ئەخلاقی هەیە، دەیداتە پاڵ ئەم بیرمەندە مەزنەو وەک تیۆرسین و زمانحاڵێکی عەوامی دژە مرۆڤایەتی نازیستەکان، دەیناسێنێت.
دەنووسێت: (هایدیگەر جگە لەدروستکراوێکی فەرەنساییەکان هیچی دیکە نییە. وەک چۆن نیتشەی مامۆستای لەفیلۆلۆگیاوە خۆی دەکات بەدنیای فەلسەفەدا، هایدیگەریش لەکایەی تیۆلۆژیاوە دێت بەرەو فەلسەفە. ئەو لەقۆناغەکانی خوێندندا، هەرگیز خوێندکارێکی ژیرو لێهاتوو نەبووە. کەسێک بووە سەرسام بووە بەنازیزم و بەکارەکتەری دڕەندەیەکی وەک ئەدۆڵف هتلەر، بڕوانە ل 158). ڕق و توڕەیی ئەلمزوغی لەهایدیگەر دەگاتە ئەو ئاستەی بنووسێت: (ئەو پیاوێک بووە لەهەموو شت داشۆرابوو. کەسێک بوو نەبڕوای بەئەقڵ هەبوو نەبەلۆژیک. نازیەکانی لەدژی هاوپیشەو هاوڕێکانی هان دەداو ڕاپۆرتی لەسەر دەنووسین و سیخوڕی بەسەرەوە دەکردن. هایدیگەر کەسێکی درۆزن و تەڵەکەباز بوو، بەوەش زۆرێک لەڕۆشنبیران و بیرمەندانی لەخشتە بردووە).
وەک چۆن لەنەسکی پێشوتردا لەدژی ئەوانە دەوەستێتەوە کەپەسنی نیتشەو فەلسەفەکەیان داوە (یاسبەرس، دۆلۆز، فوکۆ)و بەرگریان لێکردووە، لەم نەسکەشدا بەگژ (فرانسوا فیدێ و ژاک دێریدا و ژان بۆڤرێ)دا دەچێتەوەو بەکەسانی کاڵفام و چرووک ناویان دەبات، هەر لەبەرئەوەی بەگرنگی و ڕێزەوە باسیان لەمارتن هایدیگەر و فەلسەفەکەی کردووە. سەبارەت بەنزیکایەتی و پەیوەندی هایدیگەر لەگەڵ نازیزمدا، محەمەد ئەلمزوغی دەیگەیەنێتە ئەوەی بڵێت: (لەڕووی دەروەستی تیۆریەوە، هیچ جۆرە جیاوازیەک لەنێوان جەنتلیی و هایدیگەردا نییە – جەنتلیی وەک تیۆرسینی فاشیزم لەئیتاڵیا -، ئاخر هەردووکیان هێز و توانای فەلسەفیان بۆ خزمەتکردن بەئایدیۆلۆژیایەکی نامرۆڤانەو دژە دیموکراسی و نەیار بەئەقڵ و بیرکردنەوەی ئازاد تەرخانکرد کەنازیزم و فاشیزم بوون، بڕوانە ل 170 -171). لێرەدا ئەلمزوغی هەمان تۆمەتی دژە هایدیگەریەکان (بەتایبەت ڕاوبۆچونەکانی ڤیکتور ڤاریاس)، دووبارە دەکاتەوە کەساڵی 1987 لەپەڕتووکەکەیدا (هایدیگەر و نازیزم) باسی لێکردووە.
لەسەروبەندی تاوانبارکردنی هایدیگەرو فەلسەفەکەی، بەوەی پەیوەندی کۆنکرێتی و حاشاهەڵنەگریان بەئایدیۆلۆژیای نازیزمەوە هەیە، دەیەوێت لەنرخ و بەهای شاکارە فەلسەفیەکەشی (بوون و کات) کەم بکاتەوە، بەڵام لەوەدا نائومێد دەبێت، کاتێک ڕووی بەو بۆچونەی بیرمەندێکی ناسراوی وەک یۆرگن هاپرماسی میراتگری قوتابخانەی فرانکفۆرتدا دەتەقێت کەبەڕوون و ڕەوانی لەو بارەیەوە دەڵێت: (بەڵێ، بەرهەمەکانی هایدیگەرو لەسەرو هەمووشیانەوە – بوون کات -، پێگەیەکی بڵند پایەیان لەهزری فەلسەفی سەدەی بیستەمدا هەیەو ئەوە ڕاست نییە کەبڵێن ناوەرۆکی ئەم بەرهەمە، دەشێت باق و بریقی خۆی بەهۆی هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی سیاسیانەی مارتن هایدیگەرەوە لەدەست بدات. لەگەڵ – بوون و کات -دا هایدیگەر لەکایەی کلتوریدا، خۆی وەک فەیلەسوفێکی بڵند پایە سەلماندو هەتا ئێستاش ئەو شاکارە بەداهێنانێکی گەورە لەفەلسەفەی ئەڵمانیدا ئەژمار دەکرێت، بڕوانە ل 238 – 239). ژاک دێریداش وەک خوێندکارێکی ناسراوی هایدیگەر، لەبەرگرینامەیەکیدا لەمامۆستاکەی و بەرهەمە فەلسەفی�