ناونیشانی پەڕتووک: پەیڤ و پەیام؛ هەڵبژاردەی نووسینەکانی 1970-1981
ناوی نووسەر: #ڕەفیق سابیر#
ناوی کۆکەرەوە و ئامادەکردن: #بوار نورەدین#
ساڵی چاپ: 2022
ژمارەی چاپ: چاپی یەکەم
ئەم پەڕتووکە کۆمەڵێک باس و نووسینی ڕەخنەی ئەدەبییە لەبارەی شیعری نوێ، چیرۆکی کوردی و چەندان بەرهەمی تری ئەدەبی، لەگەڵ کۆمەڵێک نووسینی ڕۆژنامەوانی و چەند نموونەیەکی ئەدەبی گەلان، کە لە زمانانی عەرەبی و فارسییەوە کراون بە کوردی. بابەتەکان ساڵانی 1970-1981 لە هەندێ ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردیدا بڵاوکراونەتەوە.
پەڕتووکەکە بە چەند قۆناغێک ئامادەکراوە و دواجار بەم شێوەیە ڕێکخرا: وتەیەک: ڕەفیق سابیر، هەندێ سەرنج: بوار نوورەدین، ڕوانەوە لەناو وێرانەدا: ڕەفیق سابیر/ بەشی یەکەم: پێداچوونەوە و ڕەخنەی بەرهەمی شیعری/ بەشی دووەم: پێداچوونەوە و ڕەخنە لە چیرۆک/ بەشی سێیەم: لە ئەدەبی گەلانەوە (شیعر، چیرۆک، وتاری ئەدەبی)/ بەشی چوارەم: هەڵبژاردەیەکی شیعرەکانی ڕەفیق سابیر/ بەشی پێنجەم: بابەتی جۆراوجۆر و گۆشەی هەفتانە/ بەشی شەشەم: دیدار و ڕیپۆرتاج/ پاشکۆ: بیبلیۆگرافیای ڕەفیق سابیر لە ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردیدا 1970- 1981.
لەگەڵ مامۆستا ڕەفیق سابیردا، جگە لەوەی هاوشاری بووین، پەیوەندیی خزمایەتی و دۆستایەتیشمان هەیە. کاتێک داوای لێ کردم کەسێکی بۆ بدۆزمەوە، تاکوو ئەم ئیشەی بۆ بکات، هەر خۆمم بۆ دەستنیشان کرد، ئەمیش لە ترسی ئەوەی، نەوەکوو نەتوانن لە ئاستی خزمەتکردنی ئەودا بن.
مامۆستا ڕەفیق سابیر لە بابەتی (وتەیەک)دا نووسیویەتی: (دۆزینەوەی ئەم نووسینانە و ئامادەکردنیان بۆ چاپ، خەونێک بوو، کە لەو باوەڕەدا نەبووم بتواندرێت بەدی بێت. بەڵام بە ڕەنج و کاری دڵسۆزانەی نووسەر، باسکار و پەڕتووکناسی هاوڕێم (بوار نوورەدین)، خەونەکە هاتە دی. مامۆستا بوار دڵسۆزانە کاتێکی زۆری خۆی بۆ ئەم کارە تەرخان کرد. دوای گەڕان و پشکنینی ورد، توانی بابەتەکان بدۆزێتەوە. پاش نووسینەوەیان، پێیاندا چووەوە، هەڵەچنیی کردن و بۆی ناردم، تا منیش پێیاندا بچمەوە. مامۆستا بوار، وەکوو کەسێک کە عاشقی پیشەکەیەتی، بە جۆرێکی ورد، پڕدیقەت و پسپۆڕانە، کارەکەی بە ئەنجام گەیاند، لە دڵەوە سوپاسی دەکەم، هیوادارم لە کار و داهێنانیدا سەرکەوتوو، لە ژیانی تایبەتیدا بەختەوەر بێت.)
لەمێژە نووسیومە و لە زۆر بۆنەیشدا گوتوومە: کە باشترین خزمەت بە نووسەران و ناوداران، ئامادەکردنی بیبلیۆگرافیا و پێڕستکارییە، لەگەڵ ساغکردنەوەی هەموو ئەو نووسین و بابەتانەدا، کە لەبارەیانەوە نووسراوە. هیوادارم توانیبێتم خزمەتێکی بچووک، بە نووسەر و شاعیری گەورەی کورد (ڕەفیق سابیر) بکەم.
کاتێک خەریکی ئامادەکردنی ئەم پەڕتووکە بووم، ڕەخنەگرێکی جددی، نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی چالاکی ساڵانی حەفتاکانم ناسی، کە چەند بوێرانە، شارەزایانە و بەئاگاوە خزمەتی ڕۆشنبیریی کوردی کردووە، زۆریش پێی سەرسام بووم، کە دڵنیام خوێنەران و لێکۆڵەرانیش، لە کاتی خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکەدا، لە من باشتر دەیناسن و تووشی هەمان سەرنج دەبن. تەوەرەیەکی گرنگی ئەم پەڕتووکە، ئەو بیرەوەرییانەیە کە خوێنەر لە سەرەتای پەڕتووکەکەدا (ڕوانەوە لەناو وێرانەدا) دەیخوێنێتەوە. [1]