ناونیشانی بابەت: ڕۆڵی پەروەردە لە دیاریکردنی کەسێتی تاک
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
زۆر جار کاتێک تاک لە کۆمەڵگە لادەدات و بەپێی یاساو داب و نەریت هەڵسوکەوت ناکات، یەکسەر هەندێ لەتاکەکان بەوشەیەکی نەشیاو(جنێو) لە و تاکە لادەرە دەردەبڕن، بۆ ئەو کەسەی مامۆستای ئەو بووە، لە باشترین وشەدا کە خاتری بگرن، پێی دەڵێن (ئەوە مامۆستاکەت نەیتوانیوە باش پەروەردەت بکات) لەمەوە کاریگەری پەروەردە بۆسەر کەسێتی تاک دەردەکەوێت، هەرچەندە ئەم پێوەرە ناکرێ بە سانایی و ساکاری لێی بڕوانرێت، پێویستی بە خوێندنەوەیەکی قوڵتر هەیە، ئەوەش گرنگە بزانرێت، ئەم وتەیە چۆن و بۆچی لەناو کۆمەڵگەدا وا بڵاو بۆتەوە و بۆتە وێردی سەرزمانی خەڵک؟ بەڕای من تێگەیشتن لەم وتەیە، دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵ و بایەخ و گرنگی پەروەردە و بەگەورە بینینی لای خەڵک، ئەوان واهەست ئەکەن کە مامۆستاو پەروەردە دەیتوانین ئەم تاکە لەم لاڕێیە لابدەن و باشتر بێت. لێرەوە وتەکەی (دیباش مێردا ئێم دی) بەجوانی دەسەلمێت و ڕەنگدەداتەوە کە دەڵێ :(پەروەردە، ڕوناکیت پێدەبەخشێت بۆ بینین، باڵت دەداتێ بۆ فڕین، مۆسیقاشت بۆ دەژەنێ بۆ گۆرانی وتن).
کەسێتی تاکی کورد، لەهاوکێشەی دیاریکردنی ئاستی بیرکردنەوە و وشیاری و هەستکردن بەبەرپرسیارێتی و ناسینی خود، هەموومان تووشی سەرسوڕمان و بیرکردنەوەی ئاڵۆەزو شێواو دەکات، بەوەی چۆن ئەم تاکانە، بە و ئاڕاستەیە دەڕۆن و جیاواز لە ڕەوشێکی ئاسایی و بەدەر لە بینین و خوێندنەوەیەکی هاوچەرخانە بۆ کەسێتیەکان دەبینرێن؟ هەمیشە تاکی کورد لەمامەڵەکردن و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیدا لاواز و خۆبەکەمزان دەرەکەوێت، نموونە بۆئەم وتەیە زۆرە، کاتێ کەسێکی سەربەنەتەوەیەکی تر دێتە ئەم وڵاتە چەند بمێنێتەوە، فێری زمانەکەمان نابێت، لەزۆربەیانم پرسیوە، هۆکارچییە کوردی نازانن؟ لەووڵامدا پێیان وتوم، خەڵکی ئێوە هەربە زمانی خۆمان قسەمان لەگەڵ دەکەن، هەرچەند ناشیزانن، ئەکرێ ئەوەبە هۆکاری خۆبەکەمزانین و کەمتەرخەمیش لێکبدرێتەوە، من ناڵێم باخەڵکی کورد بەزمانی تر نەدوێن، بەڵام لە هەموو جیهان وایە زمانی سەرەکی ئەو شوێنە ئەکرێتە سەرچاوەی بەهێز بۆ ئەوەی خەڵکانیتر فێری ببن و بەکاری بێنن، یان کەی لە پڕۆسەی پەروەردەی هەرێمی کوردستان پلان بۆ بەرزڕاگرتنی زمانی دایک دانراوە؟ چەند ساڵێک لەمەوبەر بەهۆی هێنانی بەرنامەیەکی دژە زمانی کوردی، گوایە دەیانەوێ وانەکانی بیرکاری وزانست بکەنە ئینگلیزی، کارێکیان کرد خەریک بوو مناڵی کورد زمانەکەی خۆی بیردەچۆوە، باش بوو ئەو پیلانە دوژمنکارانەیەی بۆ مەبەستی گیرفانی چەند کەسێک، لادراو وانەکانی زانست و بیرکاری کرانەوە بە کوردی، جا حکومەتێک ئەوە بەرنامە و پلانی بێت بۆ پەروەردە، ئیتر چۆن تاکێکی باش و خاوەن ئیرادە و کەسێتی بەرز لە ژێر سایەی لەم پڕۆسە خراپەدا، خۆی بەکەم نازانێت و مرۆڤێکی تێکشکاو دەرناچێت؟ دەیان قوتابخانەی ئەهلی و تایبەت بەناوی جیاوە لەم هەرێمەدا کراونەتەوە، ئەکرێ بپرسین تاچەند کار لەسەر ئەوە کراوە، زمانی شیرینی کوردی بکرێتە وانەیەکی سەرەکی و بە پێی ڕێنمایی و فەرمان ئەو قوتابخانە و خوێندنگەیانە ناچاربکرێن، وانەی زمانی کوردی بخوێنن؟ دڵنیام هیچ نەکراوە و نەبۆتە بابەتێکی گرنگ لای پەروەردە، یان ئەو ئاوارانەی لەهەرێم لەقوتابخانە عەرەبیەکان دەخوێنن، بزانن وانەی زمانی کوردی دەخوێنن؟ دەبوو بکرایە بە ناچاری و دەیان مامۆستای کوردیان بناردایەتە ئەو قوتابخانانە تا هەم ئەوان بەباشی فێری زمانی کوردی دەبوون و هەم پایە و شکۆی زمانەکەمان لای ئەوان بەرزتر دەبوو.
بەڵێ هیچ گومانی تێدا نیە، پەروەردەی باش و هاوچەرخ مرۆڤەکان دەگەیەنێتە ئاستێکی باڵای وشیاری و خاوەن کەسێتی بەرز، (عەلی وەردی)کۆمەڵناسی گەورە دەڵێت: (کاتێک بیری مرۆڤ ئازاد دەبێت، لەنەریتەکان لادەدات، ناتوانێت بەهیچ شێوەیەک سیمای دڵنیایی بپارێزێت).
لەلایەکی ترەوە سەرنج لەم ماوەیەی حوکڕانی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی بدەین، بزانین تاچەند کارکراوە پڕۆسەی پەروەردە بکرێتە بنچینە و بناغەی بەدیهێنانی تاکی ئازاو ئازاد؟ وەڵامەکە دیارە کە نەخێر پلانەکە تەنیا بەئاقاری ئایدۆلۆژیای خواری حیزبەکان و دەسخەڕۆکرنی کۆمەڵگەی کوردی بووە، مرۆڤ شەرمەزار ئەبێت باسی دەستوەردانی حیزبەکان بخاتە ناو ئەم بابەتەوە، چونکە هێندە بە قێزەوونی کاریان لەسەرکردووە، تووشی سەرسوڕمان دەبین، کەی ڕەوایە بارەگایەکی حیزبی کە هیچ مەعریفەیەکی لەسەر پڕۆسەی پەروەردە نییە بێت، بەڕێوەبەری قوتابخانە دابنێت؟ چەند ساڵێک لەمەبەر سەرپەرشتیارانیش هەرئەوان دایان دەنا، کەئەوە بۆتە هۆی ئەوەی پڕۆسەی پەروەردە، وێران بێت و کەسێتی تاکی کورد ڕوخاوو تێکشکاوو خۆبەکەمزان ببینرێت.
زۆرجاری تر و لەنووسیەکانمدا، ئاماژەم بە خراپی دەستوەردانی سیاسی و حیزبەکان کردووە، بەڵام بێدەنگ نابین و بەردەوام دەبین، تا ئەو کاتەی دەرگاو پەنجەرەکانیان لێدادەخرێت و خۆیان دەڵێن، با ئەوە دابنێین بۆ ئەوانەی کاریان پەروەردەیە، من وادەبینم هەموومان لە بەلەمەکەی ڤۆڵتیر (1694-1778ز) داین، کە شکاوو وێرانەیە، بەڵام ئومێدو هیواو گۆرانی ڕزگاربوونە لەدەریای پڕمەترسی ژیان، بۆیە دەڵێ : (ژیان کەشتییەکی وێرانەیە، بەڵام نابێت هەرگیز خۆشی و ئومێدو گۆرانی وتن لەبەلەمەکانی ڕزگارکەردا لەبیر بکەین).
بە و هیوایەوە بەردەوام دەبین، تا ژیان لەسایەی پەروەردەوە، کەسایەتی تاکی کورد ڕزگاربکات و بیخاتە سەر وێستگەی ژیانێکی شکۆمەند. [1]