پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لەدوای ئەو چەند ڕووداوەی کۆتایی کە بەهۆی تەقینەوەی تەنکی غازی شلەوە ڕوویانداوە، داوا لە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەن، بەهیچ جۆرێک ئەو سیستمە بەکارنەهێنن تاوەکو پشکنینی تەواوی بۆ دەکرێت و هەر کەسێک پابەند نەبێت ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
#ئومێد خۆشناو# پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەو چەند ڕووداوەی لە بەکارهێنانی سیستەمی غاز و ئەو کارەساتانەی لێی کەوەتەوە، لە پێناو سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەو سیستمە و لێکەوتەکانی، سەرۆکی حکومەت بڕیریدا، بە هەموو جۆرێک کارکردن بە و سیستمە ڕابگیرێ.
دەشڵێت، داواکارین لە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر، هەموو کارکردنێک بە و سیستمی غازە ڕابگرن و هاوکاری تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی شارەوانی و نەوت و کانزاکان و تیمەکانی قائیمقامیەت و ناوەندی قەیرانەکان بن.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە، لە ئێستاوە تیمەکانمان دەستکراوەن بۆ هەر ئیجرائاتێک لە و بابەتە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئەمشەو 22-11-2022 لە ڕووداوێکی تەقینەوەی تەنکی غازی شلدا لە یەکێک لە بەشەناوخۆییەکانی کوڕان لە پارێزگای دهۆک، بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە، کە پێنجیان خوێندکارن و یەکێکیان ئەفسەری بەرگری شارستانییە و زیاتر لە 30 کەسی دیکە بریندارن.
ئەوەش دووەم ڕووداوی تەقینەوەی تەنکی غازی شلە لە هەرێمدا لەماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا لە سلێمانی، سیستمی غازی ماڵێک تەقییەوە و بەهۆیەوە 15 ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و 11ی دیکەیان بریندار بوون. [1]