$چیاکانمان هەراسانیان دەکەن، دارەکانمان بریندار$
نووسینی: ڕامیار محەمەد
“ئەم لا یەک پەڵە، ئەولا یەک پەڵە: هەوری ڕەنگاوڕەنگ؛
لە ناوەڕاستا: بە دەم ئاسۆوە ڕۆژی شۆخ و شەنگ!
سەوزە گیا پاراو، گوڵ و گوڵاڵە مەستی ڕەنگ و بۆ،
درەخت تازە شین، سەر لق ڕازاوەی گوڵ، گەڵا، چرۆ…”
– گۆران
(تیبینی: دەستپێکی نووسینەکەم بۆیە بە شیعری گۆران کرد، چونکە گرنگترین شاعیری ئێمەیە بۆ نیگابردنمان بۆ ناو سرووشت لە ڕیگەی بەئێستەتیکردنی ژینگەییەوە.)
بەگوێرەی ئەوەی، کورد، کوردستان، هەوێنی شارستانییەتە؛ ئەمە بووەتە مۆتەکە و ترسێکی زۆر لەناو ئاوەزی تاکی “تورک”. زۆر شت هەن، کە دەکرێت ئێمە دەربارەیان بدوێین، کە ئاخۆ، تورکیا ئەم ڕقە زۆرە چییە لە بەرانبەر کورد هەیەتی؟ ئایا کورد لە مێژوودا هیچی بەرانبەر تورک کردووە؟ ئەی ئایا تورک بە تەنێ بەرانبەر کورد ئاوایە، یاخود هەر خۆی میللەتێکی ڕەگەزپەرستە بەرانبەر هەموو نەتەوەیەکی دیکە؟ ئایا تورک کە بەو جۆرە ڕەگەزپەرستە، هۆکار چییە؟
ئەمانە هەمووی پرسیاری بە جێن، کە دەکرێت ئێمە لە پرسێکی لەم جۆرەدا بیانوروژێنین، بەڵام من دەمەوێ لێرەدا، لە ڕوانگەیەکی تر، لە سۆنگێکی ترەوە، باس لە کێشەی تورک و کورد بکەم و بە شێوازە گشتییەکەی باسی ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیاڵیزم بکەم.
هەموومان، کەم تا زۆر ئاگاداری کێشە و مەسەلەی کۆڵۆنیاڵیزمین، بە درێژایی مێژوو چۆن هاتووە و ئەوروپا بە گشتی و بەڕیتانیا بە تایبەتی، چ کارێکیان بە جیهان کردووە! ئێمە دەربارەی ئەوە ئاگادارین و مێژوو بۆی ڕوونکردووینەتەوە، بەڵام ئاخۆ مێنتاڵیتی و ڕوانگەی “کۆڵۆنی”یەکان چی بووە، چی وای لێکردوون بە چەندەها وڵات خاپوور بکەن و بیکەنە کۆڵۆنی خۆیان؟ جیا لە دەستکەوتی مادی و لایەنەکانی دیکە.
ئێدوارد سەعید لە سەرەتا و لاپەڕەی یەکەمی پەڕتووکەکەی وتەیەکی “مارکس” بە نموونە دەهێنێتەوە و لە ڕێیەوە دەچێتە ناو بابەتەکەیەوە کە پرسی ڕۆژهەڵاتە: (ئەوان ناتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، دەبێ نوێنەرایەتی بکرێن.) (ڕۆژهەڵاتناسیی/ ن. ئێدوارد سەعید/ و. د.موحسین عومەر)
لەم پەڕتووکەیدا، ئێدوارد جگە لە باسکردنێکی زۆری ڕۆژهەڵاتناسیی، بواری ڕۆژهەڵاتناسیی، باسکردنی ئایدیای ڕۆژهەڵات، بەکارهێنانی لە لایەن ڕۆژاواوە و داهێنانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ڕۆژئاوەوە، دێتە سەر باسێکی ڕژد. لە سەرەتای ئەم باسەیدا بەشێک لە شانۆنامەیەکی کۆنی فارسی دادەنێت، لە نووسینی “ئێشیل” بە ناوی ” فارسەکان”. لەم شانۆنامەیەدا “ئێشیل” وەسفی هەستی کارەساتباری فارسەکان دەکات، کاتێک دەزانن، کە سوپاکەیان بەرانبەر بە یۆنانییەکان شکاوە و سروودێکی لە شانۆنامەکە وەرگرتووە و دایناوە. (بۆ خوێندنەوەی پەرەگرافی شانۆکە بڕوانە “ڕۆژهەڵاتناسیی لا 126”).
لەم سروودەدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە ئاسیاییەکان لە ڕێگەی خەیاڵی ئەوروپاوە قسە دەکەن، کە وەک سەرکەوتووێک بەسەر ئاسیادا وەسف کراوە. لێرەدا ئێدوارد وتەیەکی جوان دەڵێت: (ئەم “ئەویتر”ە جیهانێکی دژە تا ئەودیوی دەریاکان.) ئەمە ئەو نرخەیە کە ڕۆژهەڵات دەبێ بیداتە پاڵ ڕۆژاوا، هەروەها ئەم سروودە لە هەمان کاتدا ناڵە و ئازاریشە بۆ لە دەستچوونی ڕابردووییەکی شکۆمەند کە ئاسیا هەیبووە.
بە واتایەکی تر ئێدوارد دەیهەوێ بڵێت “ڕۆژهەڵات” ئەویتری “ڕۆژاوایە، ڕۆژهەڵات دەستکردی ڕۆژاوا خۆیەتی.
لەسەر هەمان بنەما، دەمەوێ بڵێم: “کورد” ئەویتری “تورک”ە. کوردی شکۆمەند و خاوەن مێژوو، خاوەن شارستانییەت، ئەو ئەویترەیە کە تورک هەمیشە ویستوێتی ببێت و هەرگیزیش ناتوانێ ببێت، هەربۆیە لە ڕێگەی داگیرکارییەوە دەیهەوێ ئەم ئەویترەی بەدیبهێنێت، لە ڕێگەی سڕینەوەی شوناسی کورد و سڕینەوەی ڕەچەڵەکی کورد، دەیهەوێ خۆی بکات بە خاوەن مێژوو، کولتوور، دونیابینی، هزرو ژینگەی کورد.
مێژوو پێمان دەڵێ تورک چییە و چی هەبووە، شارستانییەتی تورک چییە، چ ڕۆڵێکی گێڕاوە لە ناوچەکەدا و چۆن هزری ئیسلامی تا ئەندەلوسیش بردووە، بێگومان بە زەبری هێز و چەک! دەمەوێ ئەوە بڵێم، ئەو مێژووەی تورک هەیەتی هەمووی چوار سەدە زێدەتر تێناپەڕێنێ.
ئەوەی تو